بەبۆنەی رۆژی جیهانيی تەندروستییەوە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

دواڕۆژ

لەرۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ( ٧ی نیسانی ساڵی ١٩٤٨) رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دامەزرا، لەو روانگەیەوە کە تەندروستی مافێکی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە و تەنیا هەر بۆ کەسانی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار نییە.


نکوڵی ناکرێت لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا دەستکەوتی گرنگ هێنراوەتە دی لەرووی کۆنتڕۆڵکردنی چەندین پەتا و نەخۆشی کوشندە، هەروەها هۆشداری تەندروستیش بووەتە بەشێکی ئاشکرای رۆشنبیری گشتی لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا.

بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاش زیاتر لە ٥٠%ی دانیشتوانی سەر زەوی بێبەشن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان و دەیان ملیۆن کەسیش بەهۆی گرانیی خزمەتگوزارییە تەندروستیییەکانەوە خۆیان و خێزانەکانیان دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

بەرخوداربوون لە مافی تەندروستی تەنیا هەر بریتی نییە لە بیمەی تەندروستی و دابینکردنی چاودێرییە تەندروستییە سەرەتاییەکان، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤ هەرکاتێک لە هەر شوێنێک پێویستی بە خزمەتگوزاری بەرزی تەندروستی هەبوو بۆی دابین بکرێت.

ئەزموونی گەلان و وڵاتانی دنیا لە ماوەی رابردوودا سەلماندی کە تەنیا (یەک) رێگە نییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بەڵکو وڵاتان دەتوانن بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و کەلتوری تایبەتی خۆیان ئەو ئامانجە بەدەستبهێنن.

پاراستنی تەندروستی مرۆڤ چەندین کاریگەری دیکەی هەیە وەک نەهێشتنی هەژاریی و باشکردنی هەلی کار و گەشەکردنی ئابوری و مسۆگەرکردنی یەکسانی ژن و پیاو.

سەبارەت بە کوردستانیش پێویستە رۆژی جیهانی تەندروستی بکرێتە بۆنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی ئەم کەرتە گرنگەی ژیان، وەک: نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوە زانستییەکان وەک کۆلێژە پزیشکییەکان و وەزارەتی تەندروستی.

پەیڕەوکردنی سیستمێکی تەندروستی کۆن و شکستخواردوو، جیاوازی خزمەتگوزارییەکان لەنێوان لادێ و شاردا، تێنەگەیشتن لە کەرتی تایبەت، لاوازی چاودێری تەندروستی و تەماشاکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی وەک بزنس و دەیان بابەتی تر، هەڕەشە و رێگری گەورەن لەسەر کەرتی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان و گەشەکردنی کوردستان.

رێگەچارەکان مەحاڵ نین و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دونیا دەستپێکێكی باشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە دێرین و ئاڵۆزە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure