لافاو پرسیار ده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 06/04/2019

 

جارێكى تریش یاساى ره‌ش یان سپى به‌رۆكى كوردستانى گرته‌وه‌. ئاووهه‌واش بۆى سه‌لماندینه‌وه‌ كه‌ سروستیش، وه‌ك سیاسه‌ت و بازرگانیكردن و هه‌موو بابه‌ته‌كانى تر له‌م جۆره‌ وڵاتانه‌دا یان سپى و فریشته‌ئاسا و پڕاوپڕه‌ له‌ به‌خشش و ئه‌فراندن، یان ره‌ش و ئه‌هریمه‌نانه‌یه‌ و ته‌نیا هه‌ر ماڵوێرانى و كاره‌ساتى به‌دواوه‌یه‌.

وڵات یان رووبه‌ڕووى وشكه‌ساڵى ده‌بێته‌وه‌ و باخ و مه‌زرا و گونده‌كانمان تووشى نه‌هامه‌تى ده‌بن، یاخود ته‌ڕساڵییه‌كى وا به‌رۆكى ئه‌گرێت كه‌ ره‌ز و باخ و كێڵگه‌ و ده‌غڵودانمان ده‌بنه‌ خۆراكى شه‌پۆله‌ بێ ئامانه‌كانى لافاو. ئه‌وه‌ش كه‌ لێره‌دا هه‌ست به‌ بوونى ناكرێ و غائبێكى هه‌میشه‌ییه‌، حكومه‌ت و سیاسه‌ته‌كه‌یه‌تى.

لافاوه‌كه‌ زۆر عه‌یب و عارى ده‌رخست و گه‌لێك پرسیارى بنه‌ڕه‌تیى ورووژاند.. سیستمى ئاودێرى، ئاوه‌ڕۆ، حاڵ و وه‌زعى به‌نداوه‌كان، بانكى زانیارى و رێكارى خه‌مڵاندنى زیانه‌كان، نه‌خشه‌ى كشتوكاڵ و دابینكردنى ئاسایشى خۆراكمان، ریزبه‌ندیكردنى ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كان، به‌رنامه‌ى فریاگوزارى بۆ لێقه‌وماوان و زیانپێگه‌یشتوان و..تاد.

ده‌زگاى راگه‌یاندنێك نابینین، ته‌نانه‌ت به‌ گۆتره‌ش، بزانێ ئه‌م شه‌پۆلى باران و لافاوه‌ چه‌ند زه‌ره‌رى گه‌یاندووه‌ به‌ مڵك و ماڵى گشتى و به‌ داهاتى جووتیاران و ماڵ و حاڵى هاووڵاتیان.. كێ ئه‌زانێ كوردستان پێویستى به‌ چه‌ند به‌نداوى تره‌؟ چه‌ندێكى ئه‌و ئاوه‌ زۆره‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌چن؟ پلانى B چییه‌ بۆ كه‌رتى كشتوكاڵیى ئه‌مساڵ؟ چۆن خۆمان له‌ رووداوى ترى له‌وجۆره‌ به‌شێوازێك بپارێزین كه‌ كه‌مترین زیانى بۆمان هه‌بێ؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure