جه‌میله‌ دێته‌وه‌ بۆ جه‌زائیر؟

بۆچوون / بیروڕا :: 04/04/2019

هه‌ر كه‌ ناوى جه‌زائیر دێته‌ به‌رگوێمان یه‌كه‌م ده‌ردوو وڵاتى یه‌ك ملیۆن شه‌هید و شۆڕشى درێژخایه‌نى دژ به‌ ئیستیعمار و شیعره‌كه‌ى كامه‌ران موكرى (بۆ جه‌میله‌ بوحه‌یرد) ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵه‌ دیمه‌نێكى تێكه‌ڵ له‌ رۆمانسییه‌تى شۆڕش و بیره‌وه‌رییه‌ جوانه‌كانى خه‌باتى هاوبه‌شى گه‌لان دژى داگیركارى و كۆنه‌په‌رستى.

وێنه‌یه‌ك كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ربووكییه‌كه‌ى هه‌وارى بومدیان-ى سه‌رۆكى جه‌زائیر ته‌ڵخى كرد كاتێك له‌ ساڵى 1975دا بووه‌ جامبازى رێككه‌وتنه‌ شوومه‌كه‌ى نێوان حه‌مه‌ڕه‌زا شا و سه‌دامى دیكتاتۆر و شۆڕشى ره‌واى كوردستانى باشوورى تووشى هه‌ره‌س كرد. 

بۆیه‌ رووداوه‌كانى ئێستاى جه‌زائیر، جگه‌ له‌ هۆكاره‌ جوگرافییه‌كه‌یشى، هۆكارێكى ده‌روونییشى تێدایه‌ كه‌ ئێمه‌ى كوردیان وا لێكردووه‌ زۆر په‌رۆشى ده‌نگوباسه‌كانى نه‌بین. به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌زانین جه‌زائیر ساڵه‌هاى ساڵه‌ به‌ده‌ست ده‌سته‌یه‌ك كۆنه‌ سیاسى و مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و له‌ سه‌رێكى تریشه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌مێكه‌ ئه‌وێ و باكوورى خۆرئاواى ئه‌فریقایان كردووه‌ته‌ مه‌یدانى رێكخستن و چالاكییه‌كانیان.

پێده‌چێت كه‌لتووره‌ فڕه‌نسییه‌كه‌ و كاریگه‌ریی خۆرئاوا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى جه‌زائیریدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بێ كه‌ شه‌پۆلى ناڕه‌زاییه‌تییه‌كان له‌ جه‌زائیریش هه‌ڵقوڵاوى ناو جه‌ماوه‌ره‌ و سه‌ركردایه‌تییه‌كى خاوه‌ن كاریزما و ناسراوى نییه‌ و شۆڕشه‌كه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كى دیاریكراو ناڕوات. ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵه‌ خاڵێكن كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ى ئێستاى جه‌زائیر ده‌خه‌نه‌ لیستى به‌هارى عه‌ره‌بییه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕاى جیاوازییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كان، هێشتا هه‌ر رووداوێكى نه‌خه‌مڵیوه‌ و دوو هێزى نادیموكرات ململانێى یه‌ك ده‌كه‌ن بۆ زه‌وتكردنى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ یه‌كێكیان سوپایه‌ و ئه‌وى تریش ئیسلامى سیاسییه‌.

ره‌وتى رووداوه‌كان و هه‌ڵوێستى هێزه‌ خۆرئاواییه‌كان وا نیشان ده‌ده‌ن كه‌ پارسه‌نگى هێز سه‌ره‌نجام له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سوپادا یه‌كلایى ده‌بێته‌وه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان (سیسى)یه‌كى جه‌زائیرى دێته‌ سه‌ر شانۆى سیاسه‌ت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure