پۆلیسى ویژدان

بۆچوون / بیروڕا :: 01/04/2019

دواڕۆژ

هونه‌رمه‌ندێكى وه‌كو مسته‌فا ئه‌حمه‌د ئه‌گه‌ر له‌ناو ده‌یان هونه‌رمه‌ندیشدا بێت ده‌توانێت هه‌موو سه‌رنجه‌كانى بینه‌ر و كامێرا و جمهور رابكێشێ بۆ خۆى. ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌توانا و شاره‌زایى و به‌هره‌ى هونه‌رمه‌نده‌كه‌وه‌، كه‌چى له‌ زمانى سینه‌مادا پێى ده‌ڵێن دزینى كامێرا. به‌ڕاستى غه‌دره‌. دزیكردن بابه‌تێكى تره‌. بردن و زه‌وتكردنى شتێكه‌ موڵك و مافى خۆت نه‌بێ. ته‌نیا هه‌ر په‌یوه‌ستیش نییه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌، به‌ڵكو دزیكردن له‌ناو ئاژه‌ڵان و ته‌نانه‌ت رووه‌كیشدا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.

مرۆڤ بۆ رێكخستنى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ و پاراستنى مافه‌كان ده‌زگاى جۆراوجۆرى دامه‌زراندووه‌ كه‌ رێگر و سزاده‌رى دزه‌كانن، به‌ڵام جۆره‌ دزییه‌كى تر هه‌یه‌ كه‌مجار ئاماژه‌ى پێده‌كرێ ئه‌گه‌رچى ئاسه‌وار و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانیشى هیچیان كه‌متر نییه‌ له‌ دزییه‌ ئاساییه‌كه‌، ئه‌ویش دزینى رۆڵ و هێزى كه‌سایه‌تیه‌كانه‌ له‌ شۆڕش و رووداوه‌ مێژووییه‌كاندا.

زۆرجار ده‌خوێنینه‌وه‌ و ده‌بیستین و ده‌بینین كه‌ پێشه‌نگه‌ راسته‌قینه‌كانى ئه‌و شۆڕش و رووداوانه‌، چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك حیزب و رێكخراو، ئه‌وانه‌ نین كه‌ مێژووى ره‌سمى باسیان ده‌كات و وه‌كو پاڵه‌وان و پێشه‌وا و پێشڕه‌و نیشانیان ده‌دات. نموونه‌كان زۆر زۆرن، هه‌ر له‌ شۆڕشى فره‌نسییه‌وه‌ تا شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر و تا وه‌رچه‌رخانه‌ گرنگه‌كانى جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌ رابوردووى دوور و نزیكدا.

شۆڕش و بزووتنه‌وه‌كانى كوردیش له‌م حاڵه‌ته‌ بێبه‌ش نین...سه‌ربازه‌ گومناوه‌كانى شۆڕش و خه‌بات، سه‌ركرده‌ مه‌یدانییه‌كانى كۆڕى تێكۆشان، رێكخراوه‌ پێشه‌نگه‌كانى ساته‌وه‌خته‌ چاره‌نووسسازه‌كانى مێژوو، ئێستا ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشیش نه‌كرابن خراونه‌ته‌ په‌راوێزى په‌راوێزه‌وه‌ و به‌دوورى مه‌زانن مێژوویش له‌ ئایینده‌دا ناو و نابانگیان فه‌رامۆش بكات.. هیچ پۆلیسێكیش نییه‌ رێ له‌م دزییه‌ بگرێ بێجگه‌ له‌ پۆلیسى ویژدان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure