بۆچی مرۆڤ پێویستی بە خۆشەویستییە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 30/03/2019

سەرچاوە: ئەلمەیدان
وەرگێڕانی: دواڕۆژ


بە مەبەستی تێگەیشتن لە خۆشەویستی و ئاستی پێویستییەكانی مرۆڤی هاوچەرخ تائێستا چەندین فیلم و زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و بەرنامەی جۆراوجۆر كراون. ئامانجی هەندێك لەو بەرهەمە هونەرییانە چەسپاندنی ئەو بیرۆكەیەیە كە مرۆڤی هاوچەرخ نایەوێت سەرقاڵ بێت بە كێشە و مەراقەكانی خۆشەویستییەوە و ناچار ببێت پەیوەندی درێژخایەن دابمەزرێنێت كە بەرپرسیارێتی قورسی بخەنە سەر و ئازادی لێ‌ زەود بكەن.


 ئەمە ترسە لە بەرپرسیارێتی، ئەو ترسەی كە (ئیریك فرۆم) باسی دەكات، بەڵكو لە نەمانی ئاسایش و بەختەوەری. بەڵام خۆشەویستی چی لێ‌ دەمێنێتەوە ئەگەر بریتی نەبێت لە پەیوەندییەك لەنێوان دوولایەندا كە هەریەكەیان دەستبەرداری بەشێك لە ئازادییەكەی خۆی دەبێت.

بەڵام پێش ئەوە با بپرسین ئایا خۆشەویستی خۆی چییە؟ ئایا تەنیا پەیوەندییەكە یان چێژێكی سێكسییە؟ ئایا هێزێكی متبووە لە مرۆڤدا یان تەنیا رێكەوتێكی خۆشە.

لە جیهانی هاوچەرخدا ئێمە وا راهاتووین پێناسەی خۆشەویستی بەوە بكەین كە هەستێكردنێكی قووڵە بە سەرسامیی و هۆگری زۆر و رۆیشتن بەرەو لای كەسێكی دیاریكراو، بەڵام كە قسە لەگەڵ زۆرێك لە ژنان و مێردان دەكرێت تێدەگەین كە ئەم چەمكە بەتەواوی هەڵەیە، وشەی خۆشەویستی كە گوزارشت دەكات لە هەستێكی چركەساتی یان مەیل یان چێژوەرگرتن و وروژاندن هەستێكی لەخشتەبەرە و راستی و كرۆكی خۆشەویستی دەشارێتەوە بەوەی كە ژیانێكە لە ناخەوە چالاكە.

خۆشەویستی واتە لە ناخەوە هەستی پێ‌ بكەیت و بەپێ‌ی ئەو هەستە قووڵە بژیت.

راستگۆترین و یەكەمین خۆشەویستی كە مرۆڤ پێ‌ی ئاشنا دەبێت خۆشەویستی دایك و باوكییەتی، كە خۆشەویستییەكی بێ‌ مەرجی پێ‌ دەبەخشن و لەبەرئەوە نییە كە هیچ خەسڵەتێكی تایبەتی تێدایە بەڵكو تەنیا لەبەر خوودی خۆیەتی.

كاتێك منداڵ هەست بە نەبوونی ئەو جۆرە خۆشەویستییە دەكات زۆر راستگۆیانە دەڵێت:"ئێوە منتان خۆش ناوێت. ئێمە لە ناخی خۆماندا دەزانین كە خۆشەویستی تەنیا هەست نییە بەڵكو هەستێكە لە كردەوەكانیشماندا رەنگ دەداتەوە. هەروەها تەنیا وشەیەك و چیرۆكێكی تێپەڕ نییە.  مرۆڤ دەتوانێت بڵێت سەگەكەی، كێوەكان، فڵانە جل و بەرگی، یان فیسارە كەرەستەی خۆی خۆش دەوێت. ئەمانە هەموویان كۆمەڵە پەیوەندییەكن مرۆڤ دایاندەمەزرێنێت، بەڵام خۆشەویستی ئەمە نییە بەڵكو پەیوەندییە لەنێوان دوو كەسدا.

كێشەی گەورەی شارستانییەتی خۆرئاوای هاوچەرخ رێك لەوەدایە كە مژدەی بە مرۆڤ داوە كۆتایی بهێنێت بە هەموو ئازارەكانی و ئەوپەڕی پێشكەوتن و ئەوپەڕی بەختەوەری بۆ بەدی بهێنێت، بەڵام ئەم بەڵێنە شكستی هێنا، كەچی هێشتا مرۆڤی هاوچەرخ پێی وایە كە ئامانجی ژیان كامەرانییە، واتە بەدیهێنانی ئەوپەڕی چێژ و تێركردنی هەموو پێویستی و ئارەزوویەكە.

ژیان بەلای بیروباوەڕی چێژی رادیكاڵییەوە بریتییە لە كۆی گشتی ئەو چێژانەی كە ئەوپەڕی هەستی تێربوون بە مرۆڤ دەبەخشن.  مرۆڤی هاوچەرخ هێشتا پێی وایە كە خۆپەرستی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی تایبەتی و چاوبرسێتی بەشێكن لەو خەسڵەتانەی كە سیستمەكە بەرهەمیان دەهێنێت بۆ بەڕێ‌كردنی پێویستییەكانی خۆی و هەمیشەش ئەمانە سەرەنجام مرۆڤ دەگەیەننە ئاشتی و پێكەوە هەڵكردن.

خۆپەرستی تەنیا پەیوەست نییە بە رەفتارەوە بەڵكو لە كرۆكی كەسایەتی ئەو مرۆڤەدا هەیە، واتە من هەموو شتێكم بۆ خۆم دەوێت و چێژ لەوەدا دەبینم كە خاوەنی شتێك بم نەك بەشدار بم تێیدا، هەروەها مانای وایە كە پێویستە چاوبرسی بم چونكە ئەگەر ئامانجەكە خاوەندارێتی بێت ئەوا هەتا زیاترم هەبێت بایەخم زیاتر دەبێت و پێویستە هەست بكەم كە من ركابەری هەموو خەڵكانی دیكەم لە ئاست ئەو كڕیارانەدا كە دەمەوێت بیانخەڵەتێنم و لە ئاست ئەو هاوپیشانەدا كە ئەمەوێت لەناویان ببەم و لە ئاست كرێكارەكانمدا كە دەمەوێت خوێنیان بمژم و من هەرگیز تێر نابم چونكە سنوورێك نییە بۆ ئارەزووەكانم و پێویستە ئێرەیی ببەم بە هەركەسێك كە لە من زیاتری هەیە و پێویستە بترسم لەوەی كە لە من كەمتری هەیە.. بەڵام پێویستە ئەم هەموو هەستانەم كپ بكەم بۆ ئەوەی خەڵكانی دیكە بە كەسێكی رووخۆش و دەم بە پێكەنین بمبینن. 

لەپاش جۆرە خۆشەویستییەكەی سەردەمی ڤیكتۆری، خۆشەویستی رۆمانسی سەریهەڵدا، واتە ئەزموونكردنی خۆشەویستی لەلایەن كەسەكانەوە پێش هاوسەرگیری و ئەم چەمكە تازەیەی ئازادی بۆ لێكدانەوەی خۆشەویستی كارێكی كرد بابەتی خۆشەویستی ببێت بە مەسەلەیەكی گەورەتر لە ئەركی خۆشەویستی.

بەڵام ئازادی لە خۆشەویستیدا بووە هۆی سەرهەڵدانی بێ‌ سەروبەرییەكی گەورە و ترسێكی  بێ‌ هاوتا كە ئاماژەكانی جیهان روونی دەكەنەوە لەڕێ‌ی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیرییان نەكردووە و هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەكانی تەڵاق و جیابوونەوە. 
سیستمی سەرمایەداری وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و ئابووری كە پێویستی بەوەیە بەردەوام مرۆڤ خۆراكی پێ‌ بدات، سروشتەكەی بە جۆرێكە كە دەبێت خەڵك بە ژمارەیەكی زۆر و بە هێمنی هاوكاری بن، واتە ئەو كەسانەی كە غەریزە بێ‌ سنوورەكان و ئامانجە بێ‌ كۆتاكان دەیانجوڵێنێت و مۆدێل كۆنترۆڵیان دەكات. پێویستی بە جۆرە كەسانێكە كە هەست بكەن ئازاد و سەربەخۆن و ملكەچی هیچ ویژدان و دەسەڵات و پرەنسیپێك نین. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا خوازیارن فەرمانیان پێ‌ بكرێت و ئەو كارە بكەن كە لێیان چاوەڕوان دەكرێ‌ و بگونجێن لەگەڵ ئامێرە كۆمەڵایەتییەكەدا و بە ئاسانی ئاڕاستە بكرێن و پێویستیان بە رابەر نەبێت و بەبێ‌ ئامانج بڵاو ببنەوە. ئەنجامی ئەمەش غەریب بوونی مرۆڤە بە خوودی خۆ. وای لێ‌ دێت كە چەندین دەموچاوی هەبێت و ریاكار و خەڵەتێنەر بێت و هەستەكانی سەركوت بكات تا بتوانێت بژی.

مرۆڤی هاوچەرخ تەنیا ئەوكاتە هەست بە ئاسایش دەكات كە لە نزیك رەشە خەڵكەكەوە بێت و جیاواز نەبێت لە خەڵكانی دیكە لەڕووی هزر و رەفتار و هەستەوە. 
شارستانییەكەمان بۆ ئەوەی مرۆڤ هەست بەم تەنیاییە نەكات چەندین ئارامبەخشی دابین كردووە: یەكەمیان ئەو رۆتینە دڵڕەقەی كاركردنی ماشێن ئاسای بیرۆكراسییە كە یارمەتییان دەدات نەزانن بنەڕەتیترین ئارەزووە مرۆییەكانیان چییە. ئامێر ناتوانێت كەسی خۆش بوێت، بەڵام دەتوانێت تیمێكی سەرەنجڕاكێش دروست بكات كە سەمایەكی میكانیكی جوان پێشكەش بكەن بەجۆرێك كە جەماوەر چەپڵەیان بۆ لێبدەن، هەر لەمەشەوە بیرۆكەی تیم هاتووەتە ئاراوە و زۆر لە ژن و مێردەكان دەڵێن ئێمە تیمێكی جوانین. 

ئەریكفرۆم دەڵێت: "چەمكی تیم گەشەكردنێكی تازەی چەمكی خۆشەویستییە كۆنەكەیە كە دەڵێت ئاڵوگۆڕكردنی سێكس بەردی بناغەی پەیوەندییە رەزابەخشەكانی خۆشەویستییە بەتایبەت هاوسەرگیری بەختەوەر". 
بیرۆكەكە لێرەدا دەڵێت :"خۆشەویستی زادەی چێژی سێكسییە و ئەگەر دوو كەس فێربوون چۆن یەكتری تێربكەن لەڕووی سێكسەوە ئەوا دواجار یەكتریان خۆش دەوێت. بەڵام ئەریكفرۆم دەڵێت: "ئەم تێگەیشتنە راست نییە، واتە خۆشەویستی زادەی تێركردنی سێكسی نییە بەڵكو بە پێچەوانەوە بەختەوەری سێكسی دەرئەنجامی خۆشەویستییە".

پێویستە ئەو چەمكەی خۆشەویستی لابدەین كە وەكو دیاریدەیەكی سێكسی دەیبینێت و شۆپن هاوەر و نیچە و فرۆید پشتیوانی لێ‌ دەكەن.

فرۆید دەڵێت: "خۆشەویستی لە خوودی خۆیدا دیاردەیەكی نائەقڵانییە بۆیە كە تۆ كەسێكت خۆش دەوێت ئیتر راستییەكان نابینیت".

یەكێك لە بۆچوونەكانیش دەڵێت: "خۆشەویستی خۆشویستنی جوانی و ناخی مرۆڤە و دەروونناسی ناتوانێت تەواو وەڵامی پرسیارەكە بداتەوە چونكە بایەخ بە رۆح نادات".

پ: ک. س

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure