به‌غدادى و نهێنییه‌كانى داعش

بۆچوون / بیروڕا :: 30/03/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


مه‌سه‌له‌ى داعش مشتومڕێكى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌ى له‌ ئه‌وروپادا دروستكردوه‌ و بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پرسیار ده‌وروژێنێت، به‌تایبه‌ت دواى راگه‌یاندنى شكستهێنانى داعش له‌ ساته‌وه‌ختێكدا كه‌ چه‌ندین راپۆرت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن شكسته‌كه‌ شكستێكى جوگرافییه‌، به‌ڵام رێكخراوه‌كه‌ تائێستاش مه‌ته‌ڵێكه‌ و پێویسته‌ لاپه‌ڕه‌كانى و ورده‌كارییه‌كانى ئاشكرا بكرێن. 

پرسیارى جددى ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى كه‌ خۆى به‌ خه‌لیفه‌ى موسڵمانان داده‌نێ و هێشتا چاره‌نووسى نه‌زانراوه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو خودى به‌غدادی خۆى یه‌كێكه‌ له‌ مه‌ته‌ڵه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆزه‌كانى ناو كارته‌ تێكهه‌ڵڕژاوه‌كانى داعش. چه‌ندینجار هه‌واڵى كوشتنى بڵاوكرایه‌وه‌ و هه‌موو جارێكیش به‌درۆده‌خرێته‌وه‌ كه‌چى چه‌ندین مانگه‌ له‌ هیچ وێنه‌ و ڤیدیۆیه‌كدا ده‌رنه‌كه‌وتوه‌ كه‌ رێكخراوى داعش پێشتر په‌خشى ده‌كردن له‌ڕێى كه‌ناڵه‌كانیه‌وه‌. 

تائێستاش ته‌مومژ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تى به‌غدادى و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك چاودێر دڵنیان كه‌ ناوبراو جارێكى تر به‌ زیندوویه‌تى ده‌رناكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتنى ره‌نگه‌ زۆر كارت و نهێنى ئاشكرابكات ده‌رباره‌ى دروستبوون و هه‌ره‌سهێنانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى، ئه‌و كارتانه‌ى كه‌ كلیله‌ نهێنییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى داعش ئاشكراده‌كه‌ن و هه‌ندێك لایه‌ن سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كلیله‌كه‌ به‌ نهێنى بمێنێته‌وه‌. چه‌ند لایه‌نێكیش رێگرن له‌ ده‌ركه‌وتنى به‌غدادى به‌ زیندوویه‌تى چونكه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ پشتیوانیكردنى داعش به‌ پاره‌ و پێویستییه‌كانى دیكه‌.

چه‌ندین ئاماژه‌ هه‌ن سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵێك ده‌زگاى هه‌واڵگرى خۆرئاوایى و ناوچه‌یى كه‌ هاوكار بون له‌ ده‌ركه‌وتنى رێكخراوه‌كه‌ و به‌كارهێنانى بۆ ئه‌وه‌ى له‌باتى ئه‌وان داعش شه‌ڕ و ئاژاوه‌ بخوڵقێنێت، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ تائێستاش په‌یوه‌ندییان به‌ رێكخراوه‌كه‌وه‌ ماوه‌ و یه‌كێك له‌وانه‌ توركیایه‌ كه‌ رێڕه‌وێك بوو بۆ هاتوچۆى تیرۆریسته‌كان بۆ عێراق و سووریا و ره‌نگه‌ تائێستاش په‌یوه‌ندى مابێت به‌ داعشه‌كانه‌وه‌. 

به‌ڵگه‌كان زۆرن له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ و تازه‌ترینیان ئاشكرابوونى پاسپۆرتى تیرۆستان و خێزانه‌كانیانه‌ كه‌ مۆرى توركییان لێدراوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین پاسپۆرتى دیكه‌ش ده‌ریانخست كه‌ ماڵ و منداڵى ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ وڵاتانى جیاجیاوه‌ هاتووە.

لێره‌وه‌ توركیا تائێستاش لایه‌نێكه‌ له‌ جه‌مسه‌ره‌كانى دروستبوون و گه‌شه‌كردنى داعش، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كانى داعش له‌ توركیادا شوێنى سه‌لامه‌تییان بۆ دابینده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بن به‌ مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر خودى توركیا یاخود له‌ناو ئه‌و وڵاته‌دا چالاكى بكه‌ن. 

مه‌ته‌ڵێكى تر چاره‌نووسى هه‌زاران ژن و منداڵه‌ له‌ پاشماوه‌كانى داعش، رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاند كه‌ 12 هه‌زار منداڵ و ئافره‌تى بیانى هه‌ن كه‌ به‌خێوكه‌ره‌كانیان چوونه‌ته‌ نێو رێكخراوى داعشه‌وه‌ و رووبه‌ڕووى ئاینده‌یه‌كى نادیار بوونه‌ته‌وه‌ له‌ ئۆردوگاكانى سووریادا پاش هه‌ره‌سهێنانى ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "راگه‌یاندنى شكستهێنانى داعش كۆمه‌ڵێك پرسیار ده‌وروژێنێت سه‌باره‌ت به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س كه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان كرد به‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ و ئێستا هیچ شوێنێكیان نه‌ماوه‌ بۆى بچن. چه‌ند ئۆردوگایه‌كیش هه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك رزگاربوویان له‌خۆگرتووه‌ له‌ عێراق و سووریا و لیبیادا و كورده‌كانى باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سووریا سیان له‌و ئۆردوگایانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن". 

ته‌نیا له‌ ئۆردوگاكانى سووریادا نزیكه‌ى 12 هه‌زار ژن و منداڵى بیانى تێدایه‌، ئه‌مه‌ به‌پێى قسه‌ى لێپرسراوێكى دیارى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتگیرى ده‌كات. هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات زیاتر له‌ 8 هه‌زار دیلى داعشى لایه‌ كه‌ نزیكه‌ى هه‌زاریان بیانین.

تائێستا ته‌نیا فڕه‌نسا و چیچان و روسیا ژماره‌یه‌كى كه‌مى هاووڵاتییه‌كانی خۆیانیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵی بێ باوکن، ئه‌گینا زوربه‌ى وڵاتانى دنیا نایانه‌وێت ئه‌و هاووڵاتیانه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ چه‌كدار له‌لاى داعش، بۆیه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ هیچ شوێنێكیان نییه‌ بیانگرێته‌ خۆیان.

نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "نه‌بوونى رێگەیه‌ك سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داعشه‌كاندا ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆكارێكى یارمه‌تیده‌ر بۆ ئه‌وه‌ى داعش خۆى بنیات بنێته‌وه‌، ئه‌و چه‌كدارانه‌شى كه‌ ئێستا هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن ره‌نگه‌ ببنه‌ مه‌ترسى و وه‌ك بۆمب له‌هه‌ر چركه‌ساتێكدا و له‌ هه‌ر شوێنێكدا بێت بته‌قنه‌وه‌".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure