نەوتی پاكستان چ واتایەكی بۆ ناوچەكە هەیە

بۆچوون / بیروڕا :: 28/03/2019

پاكستان رەنگە بەم نزیكانە بگاتە خاڵی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەش هەواڵێكی باش دەبێت نەك تەنیا بۆ خودی پاكستان بەڵكو بۆ هەموو باشووری ئاسیا و چین و گەلانی كەنداو.
سەرۆك وەزیرانی پاكستان (عیمران خان) رایگەیاند كە ئەگەر زۆرە بڕێكی گەورەی یەدەكی نەوت لە سنوورە ئاوییەكانی وڵاتدا بدۆزینەوە. لەم بارە ناهەموارەی ئابووری پاكستاندا، پاكستان لە هەموو كات زیاتر پێویستی خێرای بە سەرمایەگوزاری بیانی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پارەی كاش ئەگەر هەواڵی دۆزینەوەی ئەو یەدەكە نەوتییانە راست بێت.
سەرچاوەكان دەڵێن كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوت وەك (ئێكسۆن مبۆبیل) و (ئی ئێن ئای) ئیتالی لە مانگی كانوونی رابوردووەوە سەرقاڵی لێدانی بیری قووڵن لە ناوچە ئاوییەكاندا.
دیارە چەندین كۆمپانیای نێودەوڵەتی دیكەش ئارەزوومەندن لە كار و پڕۆژە پەیوەندیدارەكانی ئەم بوارەدا وەك دۆزینەوە و پاڵاوتن و كارە لۆجیستییەكانی دیكە.
سەرمایەگوزاری كردنەكەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاكستان تا درێژە بدات بە گەشەی ئابوری خۆی.
چین هاوكاری چاكی هەیە لە بواری وزەی پاكستاندا. دۆزینەوەی بڕی زۆری نەوت لە پاكستاندا هانی كۆمپانیا چینییەكان دەدات سەرمایەگوزاری تێدا بكەن. چین ئارەزوومەندە پشتیوانی هەوڵەكانی پاكستان بكات كە سوود لە هەموو دەرفەتێكی گەشەكردن ببینێت بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان لە ناوچەكەدا كەم ببنەوە. پێشتر پەیوەندی ئابوری لەنێوان چین و پاكستاندا هەبووە بەتایبەت لە پڕۆژە ستراتیجییەكەی بۆری گاز و نەوت كە ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای چین دەبەستێت بە بەندەری گواداری پاكستانییەوە.
دۆزینەوەی نەوتی زیاتر لە پاكستاندا هاندەرێك دەبێت بۆ فراوانكردنی تۆڕی ئەو بۆرییانە بۆ ئێران و هیندستان و هەروەها بەهێزكردنی هاوئاهەنگی لە بواری وزەدا لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا بەتایبەت سعودییە.
بەلای هیندستانیشەوە ئەگەری دۆزینەوەی نەوتی یەدەك لە پاكستاندا سەرنجی كۆمپانیا هیندییەكان رادەكێشێت چونكە سەرەڕای ناكۆكی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەڵام هیندستان هەتا دێت نەوتی زیاتر هاوردە دەكات بۆ دابین كردنی پێداویستییەكانی لە بواری وزەدا.
ماوەیەكی دوورودرێژە وێنەی جیۆپۆلتیك لە ئاسیادا ئاڵۆز و ناجێگیرە بەڵام ئەگەری دۆزینەوەی یەدەكی نەوت ئەتوانێت گەمەكە لە ناوچەیەدا بگۆڕێت چونكە هاوئاهەنگی ئابوری تێدا بەهێز دەكات.
خۆشبەختانە هیندستان و وڵاتانی كەنداو نایانەوێت هیچ دەرفەتێك لەدەست بدەن بۆ پتەوكردنی هاوئاهەنگییەكانیان لەگەڵ پاكستاندا لە بواری وزەدا و بە پێویستی دەزانن تۆڕێكی گرنگی وزە لە ئاسیا دەستەبەر بكەن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure