كه‌ره‌سته‌كانى سه‌ر مێزى نانخواردن

بۆچوون / بیروڕا :: 28/03/2019

سه‌رچاوه‌ : ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان : دواڕۆژ


هه‌موو گه‌لێك شێوازى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ له‌ نانخواردندا كه‌ ژینگه‌یش رۆڵى تێدا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌:
ـ گه‌لانى خۆرهه‌ڵات به‌ تایبه‌ت گه‌لانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، كه‌وچك به‌كارده‌هێنن. ده‌بینین ئه‌م گه‌لانه‌ له‌ڕووى هزره‌وه‌ له‌ گه‌لانى ترى دنیا زیاتر تۆتالیتارن و له‌ڕووى سیستم و وردبوونه‌وه‌وه‌ هه‌ژارترین گه‌لن. كه‌وچكیش هه‌ر هه‌مان شێوه‌ كارده‌كات كه‌ هه‌ڕه‌مه‌كى و تاكڕه‌وانه‌ خواردنه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ڵنه‌بژاردن سیستمێكى خێڵه‌كیى دیكتاتۆریه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌ هه‌موو خه‌وش و لایه‌نه‌ باشه‌كانیه‌وه‌. هه‌مان دیارده‌ له‌ مۆسیقاى خۆرهه‌ڵاتییشدا ده‌بینین، میلۆدییه‌كانى خۆرهه‌ڵات هاوئاهه‌نگییان تێدانییه‌ و ورده‌كاریى كه‌مى تێدا ده‌بینرێت و ئامێرێك تیایدا زاڵه‌.

ـ گه‌لانى خۆرئاوا كاتێك خواردن ده‌خۆن كه‌وچك و چه‌تاڵ به‌كارده‌هێنن. ئه‌م گه‌لانه‌ له‌ هه‌موو گه‌لانى دنیا زیاتر وردن و سیستمیان هه‌یه‌ بۆ ژیان. ئه‌م شێوه‌ نانخواردنه‌ كه‌متر تاكڕه‌وێتى تێدایه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش بووه‌ كه‌ هه‌تا سه‌رده‌می رێنیسانس به‌كارهێنانى ئاو قه‌ده‌غه‌ بووه‌ و به‌ هۆكارێك دانراوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشى و مه‌به‌ست لێى ئه‌وه‌ بووه‌ مرۆڤ ده‌ستى به‌ خۆراك پیس نه‌كات و ناچار نه‌بێت بیشۆرێت. نیشانه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كاتێك له‌سه‌ر سفره‌ ده‌بن ده‌میان به‌ ده‌سته‌سڕ ده‌سڕن.

به‌ڵام ئاڵوگۆڕى نێوان هه‌ردوو ده‌ستى راست و چه‌پ، واته‌ هاوكاریى نێوان چه‌قۆ و چه‌تاڵ، پێمان ده‌ڵێت كه‌ سیستمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ لایه‌نگرى كارى پێكه‌وه‌ییه‌ نه‌ك تاكڕه‌وى دیكتاتۆرى.

هه‌مان راستى له‌ نۆته‌ى مۆسیقاكانیشیاندا ده‌بینین كه‌ هارمۆنیى تێدایه‌ و هه‌ردوو ده‌ست به‌كاردێت له‌ كاتى ژه‌نینى ئامێره‌ مۆسیقاكه‌دا.

ـ گه‌لانى خۆرهه‌ڵاتى ئاسیا به‌ دوو چیلكه‌ نان ده‌خۆن كه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنى له‌ دووره‌وه‌. گه‌لانى ئه‌م ناوچانه‌ هه‌م تۆتالیتارن و هه‌م حه‌زیشییان به‌ سیستم و وردبوونه‌وه‌ هه‌یه‌. پێده‌چێت هۆكارى ئه‌مه‌ دیارده‌ی مامه‌ڵه‌كردن بێت له‌گه‌ڵ سروستى یه‌كتایى باو له‌ ئاسیادا و هه‌وڵى راوكردنى مێرووه‌كان له‌ كونه‌كانیاندا و هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌شه‌ زیاده‌كانیاندا، بۆیه‌ پێویستیان به‌ داهێنانى ته‌كنیكێك بووه‌ له‌ ده‌نوكى باڵنده‌ بچێت. ئه‌م گه‌لانه‌ تا ئێستایش مێروو ده‌خۆن. خواردنى خۆراك به‌م ته‌كنیكه‌ له‌هه‌مانكاتدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سروشته‌ سه‌خته‌كه‌یه‌ و بۆ كۆنترۆڵكردنه‌ له‌ دووره‌وه‌. هه‌موو چالاكییه‌ میلـلى و هونه‌رییه‌كانیشیان به‌ڵگه‌ى ئه‌م راستیه‌ن.

ـ هه‌ندێك میلـله‌تیش هه‌ن به‌ ده‌ست نان ده‌خۆن. ئه‌مانه‌ نه‌ له‌ تۆتالیتارى تێده‌گه‌ن نه‌ له‌ سیستم و ورده‌كارى. ئه‌م جۆره‌ گه‌لانه‌ هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كارناهێنن چونكه‌ میلـله‌تى پیشه‌ساز و داهێنه‌ر نین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure