دەربارەی عەقڵیەتی شاخ

بۆچوون / بیروڕا :: 08/05/2016

تێڕوانینێکی خراپ و نادروست لەسەر عەقڵیەتی شاخ، لەسەر پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان هەیە، کە من زوو زوو لە لکەکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاوم دەکەوێ، دەخوێنمەوە و دەبیستم، زۆر توڕەم دەکا.
نازانم ئەو کەسانەی بەو شێوە ناشیرنە باس لە عەقڵیەتی شاخ دەکەن، بە ئەنقەست دەیانەوێ ئەم پرسە جوان و پیرۆزە بشێوێنن یان هەرئەوەندە لە شۆڕش و خەبات و تێکۆشانی ڕابردووی گەلەکەیان شارەزان؟
من دەبینم، بەزۆر دەیانەوێ شاخ و پێشمەرگە و خەباتی ڕەوا، لەبەرچاوی خەڵک ڕەشبکەن، ڕابردوو سووک بکەن، مێژووی تێکۆشان و شۆڕشەکانی کوردی لەبەرچاوی کەسانی سادە و نەفام و کۆنەپەرست بشێوێنن... 
لەڕاستیدا، عەقڵیەتی شاخ دەکاتە: بیرهێنانەوەی تێکۆشان و خەباتێکی دوورودرێژ و زۆر پاک، کە دەیان هەزار گەنجی جوانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی کوردستان بەیەکەوە تێیدا بەشداربوون، بۆئەوەی بە خوێن و خەبات و تێکۆشانیان داهاتوویەکی خۆشتر و گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکەن. ئەو تێکۆشەرانە، بڕوایان بە ئازادی و خەباتی ڕەوا هەبوو، بڕوایان بە یەکسانی لەناو کۆمەڵگای کوردەواری هەبوو... 
کادر و سەرکردەکانی ئەم مەدرەسەیە، ئاشقی شەڕ و توندوتیژی و ناخۆشی نەبوون، ئەوان بە ئاشکرا هەموو ڕێگایەکی ئاشتییان گرتەبەر، بۆئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بنبڕی کێشەی نێوان گەلی کورد و حکومەتەکانی مەرکەزی بکەن، کاولکردنی کوردستان ڕابگرن و ڕێگا بە تەعریبنەدەن. ئەوان دەیانویست، ژیانێکی خۆش و جوان و شایستە بۆ نەوەکانی داهاتوو فەراهەم بکەن. بۆیە بۆمن، عەقڵیەتی شاخ دەکاتە: خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام و بێکۆتایی، دروستکردنی دواڕۆژێکی هێمن و سەقامگیر، ڕێزگرتن لەمافی مرۆڤ و داهاتوویەکی گەشاوە، هەروەها قبوڵ نەکردنی ژێردەستەیی و بڕواهەبوون بە داهاتوویەکی گەش و جوان بۆ گەلانی کوردستان...
دەبی ئەوەش بنووسم: کەسانێک سەرپەرشتی مەدرەسەی عەقلیەتی شاخیان دەکرد، خراپ و ترسنۆک نەبوون، نەخوێندەوار و نەفام و گێل نەبوون... ئەوان وەک دەیان هەزار کەسی دیکەی رۆڵەی کورد، بۆ وڵاتەکەیان دەژیان، سەرما و گەرمایان دەبینی، بالیفیان بەرد و دۆشەکیان خۆڵ و لێفیان ئاسمان بوو... 
عەقڵییەتی شاخ بە بڕوای من، مەدرەسەیەکی گەلەک پیرۆزە، فەلسەفەی کوردپەروەرییە، جۆرە ژیانێکی یەکجار گران و جوانە و لە کاتوساتێکی پێویست و مێژوویی سەریهەڵدا، لە شاخەکانی کوردستان خۆڕسک دروست نەبوو، بەڵکو زەروریەت ئەوەی بۆ ئێمە هێناو لە شاخە جوان و بەرزەکان لەدایکبوو. ئەوانەی بە عەقلی شاخ دەژیان: تێکۆشەربوون، پێشمەرگەبوون، ئاشقی میللەت و وڵاتەکەیان بوون.
ئەو کەسە پاک و تێکۆشەرە مەزنە شاخییانە، شەهیدبوونیان بۆ ئازادیی کوردستان لە جیاتی ژیان هەڵبژارد و گیانفیدابوون بۆ مردن و لە پێناوی ئازادیی وڵاتەکەیان دەژیان... ڕاستە ژیانیان سەخت بوو و بێناز دەژیان، لە ئەشکەوت و بنبەردەکان، لەناو هۆڵی مزگەوتەکان بە نۆبە دەنووستن، زۆربەی کات برسی و تێنوو بوون، ڕێگا هەوراز و نشێوەکانیان بێکۆتایی بوون، بەڵام بەرگەی هەر هەموو ناخۆشییەکانیان دەگرت بۆیەش ئەوان، چینە هەرە هەرە جوانەکەی کورد و کوردستان بوون، کە زۆر بە ئاسانی سەدان ساڵی دیکەش کورد دەتوانێ شانازییان پێوە بکا... 
ئەوانەی داینەمۆی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی و دەوڵەمەندکردنی عەقڵیەتی شاخ بوون، هەرنەبێ لە دوا شۆڕِشی کورد، کەسانی خوێندەوار و شارستانی بوون، کۆمەڵێک زمانیان دەزانی، شارەزای مێژووی کورد و جیهان بوون، لە کۆمەڵێک وڵات ژیابوون، پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ سەرکردە و دیپلۆماتکارەکانی زۆر وڵاتی جیهانی هەبوو. زۆریان دەخوێندەوە و بڕوانامەی باڵای زانکۆیان هەبوو. ئەوان لە ڕووداوەکانی جیهان بێئاگانەبوون و بەردەوام ڕادیۆیان لەدەست و بنگوێ بوو. بڵاوکراوەیان دەردەکرد و ئێزگەی خۆیان هەبوو... سەدان دکتۆر و ئەندازیار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگایان تێدابوو، بەیەکەوە لەشکرێکی زۆر جوانیان لەو پێشمەرگە تێکۆشەرانە پێکهێنابوو... 
عەقڵیەتی شاخ دیسپلینێکی زۆر باشی هەبوو، تەنیا چینە هەرە هەرە جوانەکەی کۆمەڵ بەرگەی تێگەیشتن و هەزمکردنی دەگرت، بەرگەی ئەم ژیانە پڕ لەسەروەرییە و ئەو عەقڵیەتە مەزنەی دەگرت.
لەوکاتەی حزب و سەرکردایەتی کورد پشتیان لە عەقڵیەتی شاخ کرد و عەقڵیەتی شاخیان نەکردە پێوەر بۆ پێدانی پلە و پایە یان خزمەتکردن و پەروەردەکردنی هاووڵاتییان و بنەمایەکی جوان بۆ حکومەتداری، وڵاتەکەمان بەرەو هەڵدێر و بەو دەردە نادیارە ڕۆیشت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure