نه‌ورۆز

بۆچوون / بیروڕا :: 20/03/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن

وه‌رگێڕان: دواڕۆژ

نه‌ورۆز له‌ دوكان.. له‌ كوردستان چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا.. نه‌ورۆز له‌ سه‌رچنار.. شووتى و شه‌رابه‌كه‌ له‌ ناو جۆگه‌ ئاوه‌كه‌دان.. له‌ ئازاردا سارد ده‌بن.. خۆشه‌ویستییش له‌ مانگى ئازاردایه‌.. رۆژگار هات و رۆژگار رۆى، به‌ڵام رووخسارى فریشته‌ئاساى منداڵه‌كان هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر رێگاكانى نه‌ورۆز چه‌پكه‌ نێرگزمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن... ئاى چه‌ند جوانى مانگى ئازار كه‌ دیمه‌نێكى سیحراوى ده‌به‌خشیت به‌ رووخسارى نه‌وجه‌وانان... جله‌ ئاڵوواڵا جوانه‌كان به‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانى شه‌به‌نگ... هه‌ڵپه‌ڕكێیش له‌و ده‌شته‌ سه‌وزه‌دا.. ئاى چه‌ند جوانن ژنان و كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كان كه‌ رۆح و خرۆشى ئافره‌ت له‌ گیانیاندا قوڵپ ده‌دات.. هه‌موو شتێك له‌وپه‌ڕى جوانیدایه‌.. ته‌نانه‌ت به‌رده‌كانیش.. ئه‌و خانوانه‌یش كه‌ له‌ شێوه‌ى هه‌ره‌مێكى ساده‌دا ریزكراون.. له‌دامێنى شاخه‌كان، له‌و گوندانه‌ى كه‌ خه‌ون ده‌بینن.. دوور له‌ بیناسازیى هاوچه‌رخ و دوور له‌ رژێمه‌ سته‌مكاره‌كان.

له‌بیرمه‌ جلوبه‌رگى كوردانه‌ى خۆیان كرده‌ به‌رم.. به‌تایبه‌ت هه‌ر بۆ خۆم دوورا بوو.. دووجار.. دووجاریش خۆم پێوه‌ بادان.. ته‌نانه‌ت سه‌ربازانى ناو ره‌بییه‌كانیش هێشتا پریشكى رژێمه‌ سته‌مكاره‌كانیان به‌رنه‌كه‌وتبوو... ئه‌و كاته‌ هێشتا شه‌ڕ له‌ناخماندا نیشته‌جێ نه‌بووبوو.. به‌ڵام دواتر هه‌موو تیایدا سووتان و دایكان و نه‌وجوزانانیش كۆچیان كرد..به‌ڵام بۆ هه‌ركوێیه‌ك چوون نه‌ورۆزیان له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرتبوو.

له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگێكى نێوان هاوین و زستان له‌ كوردستان نیشته‌جێ بووبووم.. باخه‌وانه‌كه‌ كوردیى فێر ده‌كردم... وشه‌كان رۆژ به‌ڕۆژ زیادیان ده‌كرد و له‌ ده‌فته‌رێكى بچووكدا ده‌ژیان و به‌ ته‌نیا چه‌ندین جار دووپاتم ده‌كردنه‌وه‌.. كاتێكیش باخه‌وانه‌كه‌ ده‌هات، غافڵگیرم ده‌كرد... به‌خێر بێى كاك............. خه‌ڵكى سلێمانى باشن...هه‌موویان باشن.

ئه‌ى چى بڵێم ده‌رباره‌ى ئه‌و هاوڕێى خه‌باته‌ كه‌ له‌ سه‌رچنار یه‌كتریمان ده‌بینى.. هه‌ندێك جار به‌ شه‌و جارێكیش به‌ رۆژ...ئێوه‌ سێبه‌ر و رووناكیتان له‌و شوێنانه‌دا بینیووه‌؟ ئه‌ى چى بڵێم ده‌رباره‌ى هاوڕێكانى تر كه‌ وه‌كو دایكم، زوو به‌ جێیانهێشتین، پێش ته‌واوبوونى سووڕى ژیان..كۆچیان كرد به‌ڵام له‌پاش خۆیان ئازارێكیان له‌ دڵدا به‌جێهێشت و كۆمه‌ڵێك وێنه‌یش له‌ بیره‌وه‌رییه‌كاندا. دیاره‌ كه‌سێكیش ده‌بێت بۆ ئێمه‌ بگرى كه‌ كۆچ ده‌كه‌ین.

ئاى نه‌ورۆزى جوان، تۆ بڵێت بتوانیت ئه‌و شتانه‌مان بۆ بگه‌ڕێنیته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان نه‌ورۆزێك و نه‌ورۆژێكى تردا له‌ كیسمان چوون؟.. باسى نه‌ورۆزى ساڵى حه‌فتاویه‌ك ده‌كه‌م كه‌ له‌ خه‌ونێك ده‌چێت كچه‌ عاشقه‌كان له‌ پرچیاندا شاردبێتیانه‌وه‌. ئینجا نه‌ورۆز له‌دواى نه‌ورۆز دێت و سته‌م و بێدادى هه‌موو كه‌س ده‌پێكێت. 

بیره‌وه‌رییه‌كانیشم پڕن له‌ وێنه‌ى منداڵه‌ نێرگزبه‌ده‌سته‌كان كه‌ شادى و زه‌رده‌خه‌نه‌یان دابه‌ش ده‌كرد به‌سه‌ر رێبواراندا... ئینجا ساڵى هه‌شتا دێت و له‌ به‌رزترین لووتكه‌ى هه‌یبه‌ت سوڵتاندا رووخسارى سه‌ربازه‌كان ده‌بینین خه‌ون و به‌ڵێن و چاوه‌ڕوانییان لێ ده‌بارێت..پاشان یه‌كێك له‌ جه‌نگه‌ زۆره‌كانمان ده‌ست پێده‌كات.. ژنان تێیدا ده‌بنه‌ جگه‌رسووتاو و بێوه‌ژن..كچانیش له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كى بێهووده‌دا به‌ ته‌ماى گه‌ڕانه‌وه‌ى دیل و بێسه‌روشوێنه‌كانى قادسیه‌ى سه‌دامن.

ئاى نه‌ورۆز چه‌ند شایى و شیوه‌نت به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌..هاوڕێكانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ چه‌ند ئازیز و گیانى به‌گیانى بوون..ئاى نه‌ورۆز ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و رووداوانه‌ت بینیووه‌ و هێشتا هه‌ر كوڕه‌ گه‌نجه‌ قۆزه‌كه‌ى جارانیت...ساڵ دێ و ده‌ڕوات و تۆ هه‌ر سه‌ركه‌وتوویت به‌سه‌ر دوژمنانى ئاشتیدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure