ئیستیماره‌ى وه‌زیرى

بۆچوون / بیروڕا :: 19/03/2019


ـ وى بیسمیلـلا!!! ئه‌و میزه‌ڵـڵانانه‌ چین له‌عانى ده‌وامى ره‌سمیدا كه‌لـله‌پووت؟!
× به‌گم دیارى یه‌ هێناومن بۆ سه‌برى خان.
ـ عید میلادێتى؟
× نه‌خێر قوربان.. عه‌لـلاوه‌ى بۆ هاتۆته‌وه‌.
ـ جا كوڕه‌ شیرینه‌كه‌م میزه‌ڵـڵان بۆ پیرۆزبایى عه‌لاوه‌ چۆن ئه‌بێ؟!
× ئوستاز گیان ئه‌بێ.. میزه‌ڵـڵان بۆ هه‌موو شتێك ئه‌بێ. بۆ عید میلاد، بۆ پاشتێلانه‌، بۆ عه‌مره‌، بۆ بووك گواستنه‌وه‌، بۆ لابردنى پاشه‌كه‌وت.. ته‌نانه‌ت بۆ هینیش ئه‌بێ... بۆ یادى هه‌ڵه‌بجه‌.
ـ یادى هه‌ڵه‌بجه‌؟!! جا نۆره‌ى ئه‌م درۆیانه‌یه‌.
× درۆناكه‌م به‌خوا.. ئه‌ى پێرێ نه‌تبینى پێنج هه‌زار میزه‌ڵـڵانیان هه‌ڵدا به‌ عاسمانا؟!!
ـ هه‌ر عاسمان عاسمان؟!!
× به‌ڵێ ئه‌م عاسمانه‌ى خۆمان.
ـ ده‌ كه‌واته‌ گوێ بگره‌: عاسمانى حوسنى مه‌حبوبم له‌ ئه‌برۆ و زوڵف و روو....
× دوو هیلال و دوو شه‌و و دوو ماهى تابانى هه‌یه‌. ئه‌ڵـڵا.. ره‌حمه‌ت له‌و قه‌بره‌ت تایه‌ره‌فه‌نگى.
ـ تایه‌ره‌فه‌نگى چى رۆڵه‌!! ئه‌وه‌ شیعرى ناڵى یه‌.
× ئه‌زانم گه‌وره‌م. به‌س تایه‌ره‌فه‌نگى مامۆستاى كوردیمان بوو. ئه‌و به‌ زۆر پێى له‌به‌ركردین.
ـ قه‌بره‌كه‌ى پڕ له‌نوور بێ.. ده‌ بزانه‌ مامۆستاى ئێستا ئه‌توانێ نیو به‌یت شیعر به‌ هیچ ته‌له‌به‌یه‌ك له‌به‌ر بكات؟
× قوربان گیان هه‌ر خه‌تاى مامۆستاى ئێستا نى یه‌.. خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ عام موقه‌سیرن..شیعرى جوان نانووسن.
ـ مه‌جالیان نى یه‌ كوڕم.. شیعر نووسین وه‌ختى ئه‌وێ.. ئه‌بێ شه‌ش حه‌وت سه‌عات قنگه‌وتلوور بۆى پاڵ بكه‌وى.. ئێستا كێ مه‌جالى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌!!
× بۆچى مه‌جالیان نى یه‌ گه‌وره‌م؟
ـ مه‌شغوڵن باوكى من.. هه‌موویان مه‌شغوڵن.
× مه‌شغوڵى چین؟
ـ ئیستیماره‌ پڕ ئه‌كه‌نه‌وه‌ نه‌گبه‌ت.
× ئیستیماره‌ى چى؟!
ـ ئیستیماره‌ى وه‌زیرى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure