ئایا رق و ره‌گه‌زپه‌رستى ئاینده‌ى چاوه‌ڕوانكراوى مرۆڤ ده‌بن؟

بۆچوون / بیروڕا :: 17/03/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار الموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: دواڕۆژ

مادام بوغزاندنى كۆچبه‌ران و دژایه‌تیكردنى ئیسلام و هاندان كرۆكى به‌رنامه‌ى پاڵێوراوانى راستى توندڕه‌وى وڵاتانى خۆرئاوان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، كه‌واته‌ تاوانه‌كانى رق كۆتاییان نایه‌ت. هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كانیش بۆ سه‌ر په‌رستگاكان وێنه‌یه‌كى جێبه‌جێكراوه‌ له‌لایه‌ن گه‌وج و نه‌فام و تاوانكارانێك كه‌ به‌ڵێنه‌كانى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێ ده‌كه‌ن دژى كۆچبه‌ران.

پێویسته‌ وڵاتانى خۆرئاوا دادگایى ئه‌و سیاسییانه‌ بكه‌ن كه‌ ناسراون به‌ رق و هاندان دژى كۆچبه‌ران، له‌ سه‌روو هه‌موویشیانه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ-ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا كه‌ به‌ ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كى بازاڕییه‌وه‌ له‌ كۆشكى سپى-دا كارده‌كات دژى كۆچبه‌ران و موسڵمانان. ئه‌م رقه‌ به‌رده‌وامه‌ى ئه‌و كه‌ناڵى راگه‌یاندن هه‌یه‌ پشتگیریى لێده‌كات و مرۆڤى گه‌وجى دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕواى پێیه‌تى و مه‌سیحیى رادیكاڵیش هه‌یه‌ ستایشى ده‌كه‌ن... ئه‌مه‌ ده‌ستپێكێكى ترسناكه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌كانى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌م بۆ سه‌رده‌مه‌كانى ناكۆكییه‌ ئاینییه‌ خوێناوییه‌كان و رق و كینه‌ و كه‌سانێك كه‌ باوه‌ڕیان هه‌یه‌ خۆیان چاكترین مرۆڤ و شایسته‌ترین بوونه‌وه‌رن.. ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵه‌ بێئه‌قڵییه‌كن كه‌ مرۆڤ ناتوانێت له‌ ئاستیاندا بێده‌نگ بێت.

ئه‌وانه‌ى رقیان له‌ خه‌ڵكانى تره‌ كه‌سانێكى نه‌خۆشن و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ده‌روونییان هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌ كۆت و پێوه‌ندى توند چاره‌سه‌ر بكرێن كه‌ یان به‌ناچاریى بێده‌نگ بكرێن یاخود بدرێنه‌ دادگا.

نكۆڵى له‌وه‌ ناكرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست پڕن له‌ كۆمه‌ڵێ توندڕه‌و و له‌ كه‌موكورتیى ترسناكتر، به‌ڵام ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ هیچ ده‌رفه‌تێكى كه‌لتوورى و گه‌شه‌خوازییان بۆ نه‌ڕه‌خسێنراوه‌ و به‌رنامه‌ى گۆڕانكارییان نییه‌ بۆ داهاتوو، ئه‌مانه‌یش وایان لێده‌كه‌ن ببنه‌ ژینگه‌یه‌كى به‌ پیت بۆ توندڕه‌ویى ئایینى و به‌رهه‌مهێنانى كۆمه‌ڵه‌ى جیاجیاى چه‌ته‌ و رێگر. به‌ڵام گله‌ییه‌كه‌ پێویسته‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كان و وڵاته‌ خۆرئاواییه‌كان بكرێت كه‌ خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى زه‌به‌لاحى گۆڕانكارى و تۆڕى كه‌لتوورى و گه‌شه‌خوازى و پشتیوانییه‌كى بێ وێنه‌ن، ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌.

وڵاته‌كانى خۆرئاوا له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كى دیموكراسى دامه‌زراون، به‌ڵام زۆر پێویستیان به‌ داڕشتنى یاساى لێبڕاو هه‌یه‌ دژى رق و ره‌گه‌زپه‌رستى و خاوه‌نكانیان راپێچى دادگاكان بكرێن چونكه‌ ده‌زانن ره‌گه‌زپه‌رستى له‌ رابوردوودا چ كه‌لاوه‌ و وێرانكارییه‌كى به‌جیهێشتووه‌. هه‌روه‌ها هانى حیزبه‌ لیبراڵه‌كان بدرێت ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست و هۆشیاریى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاشنا بكه‌ن به‌ بایه‌خى فره‌چه‌شنیى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ قۆناغه‌كانى گه‌شه‌كردنى مرۆڤایه‌تى و به‌جێنه‌مان له‌ سه‌رده‌م و ده‌ستكه‌وته‌كانى.

پێویسته‌ ئامانجى یه‌كه‌مى دامه‌زراوه‌ میدیایى و په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جیهان، پاراستنى كۆمه‌ڵگه‌كانمان بێ له‌ رق و ره‌گه‌زپه‌رستى.

پێویسته‌ هه‌موومان به‌هاكانى لێبوورده‌یى و خۆشه‌ویستى له‌ نێوان ئایینه‌كاندا خۆشه‌ویست بكه‌ین، چونكه‌ هیچ ره‌گه‌زێك، هیچ دینێك، هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌وى تر باشتر نییه‌. له‌ڕووى بایۆلۆجییه‌وه‌ مرۆڤه‌كان هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌. پێوه‌رى باشتربوونى كه‌سێك له‌ كه‌سێكى تر ته‌نیا ئاستى خوێنده‌وارى و رۆشنبیرییه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure