ماركس راستى كرد

بۆچوون / بیروڕا :: 16/03/2019

14ى ئازارى ساڵى 1883 كارڵ ماركس مرد كه‌ بیرمه‌ندێكى حیهانیى هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ بیر و بۆچوونێكى واى هێنایه‌ ئاراوه‌ كه‌ رووخسارى مێژوویان گۆڕى.

گرنگترین بابه‌ت له‌ فیكرى ماركسدا مه‌سه‌له‌ى (سه‌رمایه‌)یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامى كه‌ڵه‌كه‌بوونى كاڵادا دروست ده‌بێت.. ماركس یه‌كه‌م ئابورییناس بوو دركى به‌و راستییه‌ كرد كه‌ له‌ژێر سایه‌ى سیتمى ئابوریى سه‌رمایه‌داریدا خودى مرۆڤیش ده‌بێت به‌ كاڵا. رژێمى سه‌رمایه‌دارى به‌ سروشتى خۆى و له‌پێناو قازانجى زیاتر و زیاتردا كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى به‌رخۆر (ئیستیهلاكى). هیچ چالاكى و بۆنه‌ و یاد و كرده‌وه‌یه‌ك جێبه‌جێ ناكرێت به‌بێ كڕین و به‌كارهێنانى كاڵایه‌ك... شایى و پرسه‌، سه‌یران و ئاهه‌نگ، خوێندن و گه‌ڕان، جلوبه‌رگ و په‌روه‌رده‌ى منداڵ.... هه‌ر هه‌موویان و ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران كار و چالاكیى تریش، دینى بن یان كۆمه‌ڵایه‌تى، زانستى بن یان هونه‌رى، هه‌ر ده‌بێت كاڵاى تێدا به‌كاربهێنرێت.

ئه‌وه‌ى ئه‌م مه‌كینه‌ زه‌به‌لاحه‌ى به‌كارهێنان ده‌جووڵێنێت پاره‌یه‌، مه‌كینه‌كه‌یش به‌جۆرێكه‌ كه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌كات خێرا كاڵاكه‌ بگۆڕێت و كاڵایه‌كى تر بهێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ببێته‌ مایه‌ى خۆده‌رخستن و شانازیى خه‌ڵكه‌كه‌ و زه‌قكردنه‌وه‌ى جیاوازییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌ر ئه‌م به‌رخۆرییه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیاكان وا لێ ده‌كات ته‌نانه‌ت دژى زانست و غه‌ریزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ریكلام و بانگه‌شه‌ بكه‌ن و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ به‌ لاساییكردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌ خواردن و جلوبه‌رگ و شێوازى ژیاندا هه‌ست به‌ هه‌ندێك هاوسه‌نگیى ده‌روونیى بكه‌ن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى به‌رخۆردا كه‌ به‌ها مرۆییه‌كانى خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئه‌م به‌رخۆرییه‌ به‌تایبه‌ت بۆ وڵاته‌ هه‌ژار و تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان ترسناكه‌ چونكه‌ رێگریى ده‌كات له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ى كه‌ بۆ گه‌شه‌كردن پێویسته‌. كۆمه‌ڵگه‌ ناچار ده‌بێت بودجه‌یه‌كى زۆر له‌ هاورده‌كردنى كاڵا ناپێویسته‌كاندا سه‌رف بكات زۆر جاریش ئه‌وه‌ به‌دراوى قورس ئه‌نجام ده‌دات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ به‌رخۆرییه‌ كارێك ده‌كات عه‌قڵه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان، واتا سه‌رمایه‌ ئه‌كادیمییه‌كانیان له‌كیس بچن. نه‌بوونى بودجه‌ى پێویست و مووچه‌ى شایسته‌ و ئاسانكارییه‌ ئیدارییه‌كانى دیكه‌ رێگر ده‌بن له‌ به‌رهه‌مهێنانى زانستى و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى و زیاتر و زیاتر پشت به‌ به‌رهه‌مى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌به‌ستن. دیاره‌ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیانه‌یش كۆمپانیاكان سپۆنسه‌ریان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندیى كۆمپانیاكاندا بێت.

ئه‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌ ئێستا زۆر به‌ ئاشكرا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا زه‌ق بووه‌ته‌وه‌. به‌رخۆرى و لاساییكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌كانى خۆرئاوا و پشتبه‌ستن به‌ به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆره‌كانى جیهانى سه‌رمایه‌دارى، سیماى ژیانى رۆژانه‌ى ئه‌مڕۆمانه‌ كه‌ به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كى تاریكتر و لاوازترمان ده‌بات، چونكه‌ ئێمه‌ میلـله‌تێكین له‌ هه‌موان ده‌ستوپێ سپیترین له‌ بواره‌كانى به‌رهه‌مهێنان و پشتبه‌خۆبه‌ستن و به‌رنامه‌ دانان بۆ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure