هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ئوردن

بۆچوون / بیروڕا :: 6 رۆژ پێش ئێستا

ن: فه‌رهاد حه‌مزه‌ محه‌مه‌د*

ئوردن دراوسێی به‌شی رۆژئاوای عێراقه ‌و له‌ سه‌رده‌می حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراقدا مامه‌ڵه‌ی جیاجیای له‌گه‌ڵ كراوه‌.
 
له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی به‌عسدا به‌تایبه‌ت له‌ دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی عێراق-ئێران، ئوردن چووه‌ به‌ره‌ی دژ به‌ ئێرانه‌وه‌ و به‌ چه‌ك و سوپا شانبه‌شانی عێراق وه‌ستا.
 
له‌كاتی شه‌ڕی ده‌ركردنی عێراق له‌ كوه‌یت-یشدا دژ به‌ عێراق نه‌وه‌ستا و هاوسۆزی حكومه‌تی به‌عس بوو، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا حكومه‌تی پێشووی عێراق هه‌رده‌م ئه‌و نه‌وته‌ی به‌ ئوردنی ده‌فرۆشت نرخی له‌ وڵاتانی تر كه‌متربوو. هه‌رچه‌نده‌ هیچ لووله‌یه‌كی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ نێوان عێراق و ئوردندا نه‌بوو بۆیه‌ له‌ رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌نجامده‌درا به‌تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی ئابڵوقه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ر عێراق له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا.
  
له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی نوێیشدا دیسانه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئوردن خراوه‌ته‌ به‌رچاو، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه‌ له‌ نیسانی2003 تا ساڵی 2006 له‌به‌ر نائارامیی ناوچه‌ی خۆرئاوای عێراق، له‌توانادا نه‌بوو نه‌وت هه‌نارده‌ی ئوردن بكرێت به‌ڵام  له‌و ساڵه‌دا (2006) رێككه‌وتنێك له‌نێوان عێراق و ئوردن بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ واژۆ كرا كه‌ به‌وپێیه‌ رۆژانه‌10هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ئوردن بكرێت. ئه‌م جاره‌ش به‌ هۆی خراپیی باری ئه‌منیه‌وه‌ نه‌توانرا رێككه‌وتننامه‌كه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ‌ بكرێت. به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌بوایه‌ سه‌ره‌تا هه‌نارده‌كردن به‌10هه‌زار به‌رمیل ده‌ستی پێبكردایه‌ و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو زیادیش بكرێت تا ده‌گه‌یشته100هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژیكدا، له‌ هه‌ر به‌رمیلێكدا 18دۆلار داده‌شكێنرێ و له‌خوار نرخی بازاڕه‌وه‌ ده‌بێت. له‌ مانگی ئابی ساڵی 2008 جارێكی تر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ورووژێنرا، ئه‌وه‌ بوو رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ واژۆ كرد كه‌ له‌ ئابی2011 كۆتایی پێدێت. په‌پێی رێككه‌وتننامه‌ نوێیه‌كه‌ رۆژیی10هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئوردن ده‌كرێت به‌ داشكاندنی22دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان تانكه‌ره‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌كان ئه‌و نه‌وته‌ له‌ قه‌زای بێجى-یه‌وه‌ بار ده‌كه‌ن له‌ جیاتی كه‌ركوك، دوای800 كیلومه‌تر رۆیشتن ده‌یگه‌یه‌ننه‌ سنووری ئوردن و له‌وێ به‌تاڵی ده‌كه‌ن و پاشان تانكه‌ره‌ ئوردنییه‌‌كان بۆ پاڵاوگه‌ی (زه‌رقا) ده‌یبه‌ن. ژماره‌ی ئه‌و تانكه‌رانه‌ش كه‌ رۆژانه‌ له‌و رێیه‌ كار ده‌كه‌ن400 تانكه‌رن. ئه‌م تانكه‌رانه‌ش هه‌ندێكجار دووچاری رووداوی دڵته‌زێن دێن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایی مانگی تشرینی دووه‌می2010روویدا كه‌ 18 تانكه‌ر گڕیانگرت و سووتان له‌ئه‌نجامدا دوو شۆفێر گیانیان له‌ده‌ستدا و 12ی تریش بریندار بوون.

ساڵی 2011 دوای ته‌واوبوونی گرێبه‌ستی نێوان عێراق و ئوردن، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئوردنیه‌وه‌ داوا له ‌حكومه‌تی عێراقی كرا له‌جیاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌ تا‌نكه‌ر لووله‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ رابكێشرێ‌، ئه‌وه‌بوو له‌ 10ی مانگی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵدا یاداشتێكی لێكگه‌یشتن له‌ نێوانیاندا واژۆكرا كه‌ زۆربه‌ی به‌نده‌كانی په‌یوه‌ندیی به‌ كه‌رتی وزه‌وه‌ هه‌بوو، به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتیش به‌ لووله‌یه‌كی نه‌وت-ی به‌ندێكی ئه‌و یاداشته‌ بوو.
  
به‌گوێره‌ی قسه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، ئه‌م یاداشتی لێكگه‌یشتنه‌ له‌ رۆژی واژۆكردنیه‌وه‌ كاری پێده‌كرێ‌ و ماوه‌كه‌شی 5 ساڵه‌، هه‌روه‌ها به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ لووله‌نه‌وتیه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی حه‌دیسه‌-ی رۆژئاوای عێراقه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تا به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ درێژده‌بێته‌وه‌، له‌وێش لقێكی لێده‌بێته‌وه‌ رووه‌و پاڵاوگه‌ی زه‌رقای ئوردنی ده‌چێت. به‌ڵام رووداوه‌كانی ساڵانی دواتر، به‌تایبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی داعش، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی له‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵكێشا .

هه‌رچه‌نده‌ ئوردن رۆژانه‌ ئه‌م بڕه‌ نه‌وته‌ له‌ عێراق‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام پێویستیی ناوخۆی پڕناكاته‌وه و رۆژانه‌ پێویستی به‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌نیازبوو جێبه‌جێی بكات له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تی پێشوودا بیری لێكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ ساڵی 1979 له‌ به‌رنامه‌یاندا بوو لووله‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا رابكێشن كه‌ رۆژانه‌ 1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت لێوه‌ی هه‌نارده‌ی سه‌ر ده‌ریای سوور بكرێت، به‌مه‌یش ئوردن زۆر سوودمه‌ند ده‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی عێراق-ئێرانه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ په‌كیكه‌وت.
  
‌وا ئه‌مساڵیش (2019) جارێكی تر له‌ سه‌ر ده‌ستی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق، سه‌رله‌نوێ‌ نه‌وتی كه‌ركوك به‌ تانكه‌ر ره‌وانه‌ی ئوردن ده‌كرێته‌وه‌ به‌ هه‌مان بڕه‌كه‌ی پێشوو كه‌ 10 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ ڕۆژێكدا و به‌ نرخێكی كه‌متر له‌ نرخی بازاڕ.

*سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران/ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure