یارییە ئەلیكترۆنییە ترسناكەكان هەر بەردەوامن

بۆچوون / بیروڕا :: 10/03/2019

نووسینی: كەریم عەبدولسەلام
وەرگێڕانی: دواڕۆژ
سەرچاوە: ئەلیوم ئەلسابیع


پاش كارەساتی یاری نەهەنگە شینەكە كە ئەقڵ و هۆشی منداڵان و هەرزەكارانی لەڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داگیر كرد و هانی دان بۆ تاوان و خۆكوشتن، یاری پەپجی سەریهەڵدا كە بێجگە لە هەرزەكار و منداڵان گەنجانیشی راكێشا لە كۆمەڵە جەنگێكی خەیاڵیدا لە رێی مۆبایلەوە و تێكەڵی كردن لەگەڵ چەندین كۆمەڵی نەناسراوی وڵاتانی تر لە جیهاندا كە مەترسی ئەوەی لێ‌ دەكرێت كارەساتی گەورەی لێ‌ بكەوێتەوە. هەروەها یاری (مۆمۆ)ش پەیدابوو كە ئارەزووی كوشتن و خۆكوشتن لای منداڵ بەهێز دەكات.

ئەمە پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی خێرا هەیە لەلایەن خێزان و دەزگا پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەكانەوە. سەیرەكە لەوەدایە ناوی وەزارەتەكە پەروەردە و فێركردنە واتە پەروەردەكە لەپێش فێركردنەوەیە و ناو ماڵ یەكەمین قوتابخانەی قوتابییە. ئەگەر قوتابخانەی یەكەم بە دیسپلین و مكوڕ بێت ئەوا قوتابخانەی دووهەم كارەكەی بە ئاسانی و هێمنی و سەركەوتوویی ئەنجام دەدات. پێچەوانەكەشی راستە. قوتابخانە ناتوانێت شەربەت لە ماسی دروست بكات، بۆیە ئەگەر ماڵ كەمتەرخەم بێت لە پەروەردەكردن و چاودێریكردنی قوتابیاندا، ئەوا مامۆستاكان ناتوانن رزگاریان بكەن لەو چارەنووسەی كە هەموومان دەیزانین. 

پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە دایك و باوكی منداڵان لەكوێن؟ چ هەڵوێستێكیان هەیە بەرامبەر ئەم یارییە ترسناكانە؟ ئایا هیچ جۆرە پەیوەندییەكی خێزانی لە چەمكەكەی جاران بوونی هەیە؟ تەكنەلۆجیا و پێشكەوتن و دەسەڵاتە رەهاكەی كەرەستەیەكی تازەی داوەتە دەست منداڵەكانمان بۆ ئازاردانی خۆیان و تۆڵەسەندنەوە لە كەسوكاریان لە رێ‌ی ئەم یارییە زیانبەخش و كوشندانەوە. بەڵام ئەم یارییانە تەنیا هۆكار و ئامرازن. دەردەكە لە شوێنێكی ترەوەیە. لە كەمی پەروەردە و چاودێری دایك و باوكەوەیە. جارانیش رێژەیەك لە هەڵوەشانی خێزانی هەبووە و منداڵان تاك و تەرایەك وازیان لە خوێندن هێناوە و فێری جگەرەكێشان و رەفتاری نەخوازراوی تر بوون بەڵام ئێستا لادانەكە گەورەتر و قووڵترە و نیشانەی هەڵوەشانی خێزان مەسەلەیەك نییە نكوڵی لێ‌ بكرێت. 

ئێوەی ئەی بەڕێزان بەر لەوەی لە شوێنەكانی تردا بەدوای چارەسەر بگەڕێن پێویستە بە وردی سەرنج لە ماڵەكانتان بدەن دادگای خۆتان بكەن كە چەند درێغیتان كردووە دەرهەق بە مناڵكانتان.

كار و پیشە و ئارەزووەكانتان كارێكیان كردووە منداڵتان بیرچووەتەوە. وادەزانن گرنگ تەنیا پارە پەیداكردنەوە و منداڵەكانتان بەرەڵا كردووە بۆ رەحمەتی هەموو زریان و ئافات و كارەساتێكی تر. ئایا نازانن ئەو بۆشاییە زۆرەی نێوان ئێوە و رۆڵەكانتان بە یاری كوشندە و نەخۆشی دەروونی و ماددەی هۆشبەر و هزری تیرۆریستی پڕدەكرێنەوە. 

پێویستە لە منداڵەكانتان نزیك ببنەوە. لە هەر قۆناغێدا بن لێیان نزیك ببنەوە. قسەیان لەگەڵدا بكەن و لە گیروگرفتەكانیان تێبگەن، پشتیوانیان بن و فێریان بكەن كە هەڵەكردن مانای ئەوە نییە كە دنیا ئاخر بووە. بە زمانی خۆیان قسەیان لەگەڵدا بكەن و بایەخ بدەن بە ئارەزووەكانیان، ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆتان و ئەو پەندانەیان بۆ باسبكەن كە ئێوە لە ژیاندا فێریان بوون.

دڵنیابن ئەگەر لە منداڵەكانتان نزیك ببنەوە و ببنە هاوڕێیان و گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەن، هیچ یارییەكی ترسناك ناتوانێت لێیان نزیك ببێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure