نامه‌كه‌ی ئه‌لپاچینۆ بۆ ئیبلیس

بۆچوون / بیروڕا :: 06/03/2019

نالی زه‌نگه‌نه‌
ره‌نگه‌ كه‌س وه‌كو ئه‌لپاچینۆ-ی ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی، ئیبلیس(شه‌یتان)ی نه‌ناسیبێت. گه‌رچی ئیبلیس له ‌ژیانی رابوردوو و ئێستا و داهاتووماندا ئاماده‌یه‌ به‌ڵام نه‌مانتوانیوه‌ وه‌كو ئه‌و بزانین كێیه‌ و چیه‌. 
ئه‌وه‌ی كه‌ باسی ئیبلیسمان بۆ ده‌كات به‌توندی هێرشی ده‌كاته‌ سه‌ر، داوا ده‌كات لێی دووربكه‌وینه‌وه‌، مامۆستایانی ئاینیی به‌ به‌رده‌وامی سه‌رزەنشتی ده‌كه‌ن، كاره‌ ناشیرین و قێزه‌و‌نه‌كانی سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ن، ده‌یان تێكستی پیرۆز له‌سه‌ر شه‌ڕانگێزیه‌كانی ده‌هێننه‌وه‌، رێنماییمان ده‌كه‌ن زاڵ بین به‌سه‌ریدا و نه‌كه‌وینه‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵماننه‌خه‌ڵه‌تێنێ و تووشی هه‌ڵه‌ و چه‌وتیه‌كمان نه‌كات. هه‌روه‌ها ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌ له ‌فێڵه‌كانی ئیبلیس كه‌ چۆن ده‌یه‌وێت زاڵبێت به‌سه‌ر ره‌فتار و گوفتاره‌كانماندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ ده‌رمانبكات. زۆرجار مامۆستای قوتابخانه‌كانیش ئامۆژگاری و رێنوێنیی قوتابیه‌كانیان ده‌كه‌ن چۆن له ‌شه‌یتان دووربكه‌ونه‌وه‌. له‌پاڵ هه‌موو ئه‌م وریاكردنه‌وانه‌دا ئیبلیس هه‌ر ئاماده‌یه‌..! 

زۆرجار ده‌بینین كه‌سێك تاوانێك یان كاره‌ساتێك ....تد ئه‌نجامده‌دات كه‌چی هه‌مووی ده‌خرێته‌ پاڵ ئه‌بلیس. مامۆستایه‌كی ئایینی له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كه‌یه‌وه‌ هۆكاری دزینی چه‌ند دایبیه‌ك له‌لایه‌ن باوكێكه‌وه‌،  پاڵنه‌ره‌كه‌ی بۆ زاڵبوونی ئیبلیس به‌سه‌ر دڵ و ده‌رووندا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. كه‌سێك به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خزمێك یاخود دراوسێیه‌كی خۆی یاخود هاولادێكه‌ی ده‌كوژێت، هه‌موو تاوانه‌كه‌ ده‌درێته‌ پاڵ ئیبلیس. به‌رپرسی كارێك غه‌زه‌ب ده‌یگرێت یاخود میزاجی به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و هه‌ستیدا زاڵ ده‌بێت و فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی به‌رده‌ستی نانبڕاو ده‌كات و بڕیارێكی توند له‌ چاره‌نووسی ده‌دات، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئاماده‌یی ئیبلیس، كه‌ قه‌ده‌رێك رێگه‌ی پێداوه‌، ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. كه‌سێكی تر له ‌مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتندا گزی ده‌كات، كاتێك تاوانه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌بێت له‌بریی كابرای تاوانبار دادوه‌ریی له‌گه‌ڵدا بكرێت ئیبلیس به‌ر غه‌زه‌ب ده‌كه‌وێت.
به‌و واتایه‌ی ئیبلیس له‌مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌مان ئاماده‌یه‌ و به‌رده‌وام چاوی له‌وه‌یه‌ چۆن ژێر پێكانمان لووس بكات و هه‌ڵمانبخلسیكێنی، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام وریابین و ئاگامان له‌خۆمان بێت. تائێستایش ئێمه‌ نازانین ئه‌م ئیبلیسە چۆنه‌ و چیی ده‌كات له‌ژیانماندا!. ئه‌لپاچینۆ دێت و له‌ڕێگه‌ی نامه‌یه‌كه‌وه‌ كۆتایی به‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌هیێنیت و ده‌ڵیت "من له‌گۆی زه‌وییه‌وه‌ بۆ تۆ ده‌نووسم، كاروباره‌كان لێره‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت به‌ڕێوه‌ده‌چن، خه‌ڵكی له‌ تۆ خراپترن و له ‌تۆیش خراپتر ده‌كه‌ن".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە