ئه‌گه‌ر رووبدات دوایین شه‌ڕ ده‌بێت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا
له‌دواى كۆنگره‌كه‌ى واشنتۆنه‌وه‌ ئێستا جیهان جۆرێكى تره‌. ئه‌وه‌ى له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌شداریى كرد پرۆتۆكۆڵێكى ئه‌نجامدا كه‌ به‌باشى لێى نه‌كۆڵیبووه‌وه‌، ته‌نیا بۆ ئاماده‌بوون هاتبوو به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى له‌ ره‌هه‌نده‌كانى ئه‌م جۆره‌ دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ تێبگات. گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه‌ نزیكبوونه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌سانێكى دیاریكراو، واتاداربوون.


سه‌ره‌تا ئامانجه‌كه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بوو پاشان وه‌رچه‌رخا بۆ ئێران. ده‌توانین بڵێین ئه‌و كۆنگره‌یه‌ راگه‌یاندنى شه‌ڕێكى ئایینده‌ بوو دژ به‌ ئێران. له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ ئێران له‌ جاران به‌هێزتره‌. چل ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر به‌رپابوونى شۆڕش و ده‌یان ساڵى ئابڵوقه‌ و بایكۆتكردنى ئێران و چه‌ندین هه‌وڵى شكستخواردوو بۆ تێكدانى ئاسایشى ئێران، كه‌چى ئێران هه‌ر له‌ پێشه‌وه‌یه‌. ئابڵوقه‌دانى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك وێرانكردنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى به‌دواداده‌هات كه‌چى بۆ ئێران بووه‌ته‌ نیعمه‌ت و ئاوه‌دانى. به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ پێشكه‌وتنى ئێران ده‌كرێت له‌ بوارى پیشه‌سازیى سه‌ربازیدا. پشتگیریكردنى سوریا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ جه‌نگى دژ به‌ تیرۆر و هه‌ڵوێست و رووداوه‌كانى تر نیشانه‌ى به‌هێزیى ئێرانن و ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ئاشكرایه‌ بۆ وێرانكردنى پێكهاته‌ى ئیسرائیل.


ئێستا لاى كه‌س شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ئێران ته‌نیاباڵ نابێت ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كى بكرێته‌ سه‌ر. چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى گه‌وره‌ پشتگیریى لێ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ روسیا شانبه‌شانى ئێران له‌ سوریادا جه‌نگى كرد. په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌كانیشى له‌گه‌ڵ چین به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ په‌كین به‌هه‌موو شێوازێك پشتگیریى له‌ ئێران ده‌كات. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى وارشۆدا چه‌ندین ده‌وڵه‌تى گه‌وره‌ و گرنگ به‌شدارییان نه‌كرد چونكه‌ پشتیوانى ئێران بوون، وه‌ك چین و كۆریاى باكور و مالیزیا و زۆر وڵاتى گه‌وره‌ى ته‌وه‌رییش هه‌ن كه‌ ئه‌م كۆنگره‌ دژ به‌ ئێرانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.


كه‌واته‌ ئێران له‌قه‌باره‌ى پیلانه‌كه‌ تێگه‌یشتووه‌ چونكه‌ سه‌ركرده‌كانى دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران ئاماده‌ى هه‌موو سیناریۆیه‌كه‌ به‌تایبه‌ت سیناریۆى سه‌ربازیى.

سه‌باره‌ت به‌ ئابڵوقه‌یش ئێران شاره‌زاییه‌كى زۆرى تێدا هه‌یه‌ و وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى به‌هێز فێربووه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ بكات له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ ئابڵوقه‌یه‌دا. به‌ڕاستى ئه‌گه‌ر جیهان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێك ببێت به‌ دوو به‌شه‌وه‌، جه‌نگه‌كه‌ ده‌بێت به‌ دوایین جه‌نگ. ئه‌مریكا رۆڵێكى نه‌ماوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌تایبه‌ت دواى پاشه‌كشه‌كانى له‌ سوریا و ده‌ستبه‌رداربوونى شه‌رمنانه‌ى له‌ ئیسرائیل. هه‌وڵى دروستكردنى به‌هارێكى ئێرانییش له‌ناو ئێراندا وه‌ك به‌هارى عه‌ره‌بى شكستیهێنا. هه‌روه‌ها ویستیان له‌ سوپاى پاسداران بده‌ن و له‌وه‌یشدا شكستیانهێنا. كاتێك كه‌ بزوێنه‌رى خراپه‌كاریى پۆلیسى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌وه‌ستێت ماناى وایه‌ شه‌ڕ روونادات.

هه‌وڵه‌كان بۆ له‌ناوبردنى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ له‌ پێناوى ئیسرائیلدا سه‌رناگرن، چونكه‌ گه‌وره‌ هێزه‌كانى دیكه‌ دژى ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌. له‌ قۆناغى داهاتوودا كۆمه‌ڵێك رووداوى گه‌وره‌ ده‌بینین و پێویسته‌ جیهان هێزى ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌كه‌م نه‌گرن. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure