كۆچی ئەقڵەكان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: دواڕۆژ

زۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی كێشەی كۆچی ئەقڵ و بەهرەكانی دەبنەوە. حكومەتەكانی ئەم وڵاتانە كردوویانە بە نەریت كەسانی زیرەك و بەهرەدار و دەرچووە یەكەمەكانی تاقیكردنەوەكان دەنێرن بۆ خوێندن لە دەرەوە (تواناسازی). ئەمانە هەزاران دۆلار لەسەر وڵاتەكانیان دەكەون تا بڕوانامەكانیان بەدەستدێنن، كەچی ناگەڕێنەوە. بەمەیش ئێمە نەك هەر بەڵگەنامەكانیانمان لەكیس دەچێت، بەڵكو زیرەكی و بەهرەی خۆیان و مناڵەكانیشیان لەدەست دەدەین كە جینەكانی ئەوانیان بە میرات بۆ دەمێنێتەوە.

ئەم دیاردەیە ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا وڵاتەكە بێجگە لە كوڕان و كچانی گێل زیاتر كەسی تێدا نامێنێ‌ و ئەمانیش لە نێوان خۆیاندا هاوسەرگیریی دەكەن و بەتێپەڕبوونی ساڵ چەند نەوەیەك كوڕ و كچی گێل و كەمئەقڵمان دەدەنێ‌، لەكاتێكدا خۆرئاوا سەرتوێژە چەورەكەی خەڵكانی زیرەكی نەتەوەكەمان دەماشێتەوە بۆ خۆی.

هەندێ‌ كەس ئەمە بەپیلانێك دەزانێ‌ كە وڵاتە ئیمپریالیستەكان چنیویانە بۆ ئەوەی هەر بە دواكەوتوویی بمێنینەوە. دەبوایە ئێمە زوو دركمان بەم كێشەیە بكردایە و تەنیا كەسانی گێل و تەمەڵ و فاشیلمان هەڵبژاردایە بۆ شاندەكانی خوێندن لە دەرەوە. چونكە ئاخۆ مرۆڤی زیرەك واز لە ژیانی خۆشی خۆرئاوا و ئازادی و دیموكراسییەكانی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە لە وڵاتە نەگبەتەكەی خۆیدا ژیانێكی سەخت و ناخۆش بژی؟ ئەگەر بیشگەڕێتەوە ئەوا زۆر رێی تێدەچێ‌ لەگەڵ ژنە بیانییەكەیدا دەگەڕێتەوە كە بەرگەی ئاووهەوای گەرم و كۆڵانە پیسوپۆخڵەكانمان ناگرێ‌. دووسێ‌ ساڵ پاش ئەوە مێردەكەی ناچار دەكات بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە. خۆ ئەگەر پیاوەكە خۆی راگرت و ژنەكەی ناچاركرد بمێنێتەوە زۆری پێناچێت كێشە و گیروگرفتەكان سەرهەڵدەدەن و هەردووكیان ژیانیان لێ‌ دەبێت بە دۆزەخ.

دە كەواتەبا وێنەكان هەڵبگێڕینەوە و خەڵكانی گێل و نەفام بنێرین لە هەندەران بخوێنن. بەم كارە خۆمان لەو كێشانە دووردەخەینەوە، چونكە ئەگەر لە خۆرئاوا شكستیانهێنا و بڕیاریاندا لەوێ‌ بمێننەوە، چی لەوە چاكترە؟! بۆخۆی بە تێچوویەكی كەم لە كۆڵمان دەبێتەوە، ئەمەیش باشترین تۆڵەسەندنەوەیە لە خۆرئاوا كە ناچاردەبێت مەسرەفیان بكات و گیروگرفتی خۆیان و نەوەكانیان لەئەستۆ بگرێت، چونكە زۆرێك لەم نێردراوانە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئافرەتی خۆرئاواییدا دەكەن. ئێستا زۆر جار موسیبەتەكانی ئەم نەوە تێكەڵە دەبینین كە كەوتوونەتە ناو چاڵە قووڵەكانی تاوان و تیرۆر و هۆشبەرەكانەوە. نەوەیەك كە ئەڵێی مەخلوقی نائاسایین و ئەسڵ و نەسڵی خۆیان نازانن.

لەبەردەم ئەم هاوسەنگییە ئەقڵانیەدا پێویستە مرۆڤ پرسیار لەم سەرلێتێكچوونە بكات و بڵێت كێ‌ فڕێیداینە ئەم كوێرەوەرییەوە كە تەنانەت خۆرئاواییەكانیش بەشدارن لە گەڵماندا؟ دیارە خودی خۆرئاواییەكانن، ئەوان هاندەری كاربەدەستەكانمان بوون كە بەهرەدارەكانمان بنێرن لە هەنەران بخوێنن، بەمەیش كێشەیان لە وڵاتەكانی ئێمە و بگرە لە وڵاتەكانی خۆیشیاندا دروستكرد. چونكە ئەم رۆڵە بەهرەدارانە چیتر ناتوانن لەگەڵ خەڵكی وڵاتەكانی خۆیاندا بژین هەروەها هەڵیشناكەن لەگەڵ دانیشتوتانی خۆرئاوادا.

زۆرن ئەو كەسانەی كە لە هەندەران خوێندوویانە و ئەم ئەزموونەیان بەسەردا هاتووە. نە لە نیشتمانەكەی خۆیاندا دەتوانن بژین و نە لە غەریبایەتیشدا خۆشحاڵ و سەربەرزن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure