جەواد زەریف بۆچی وای كرد؟

بۆچوون / بیروڕا :: 28/02/2019

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف بە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی و رەتكردنەوەی بڕیارەكەی سەرەتایەكی تازەی خوڵقاند بۆ كاروانی ژیانی خۆی، لەو دەرگایەوە كە خەریك بوو لەسەر خۆی دابخات.
ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە قومار بوو بە هەموو سامانی خۆی كە یان هەموو شتێك دەباتەوە یان هەموو شتێك دەدۆڕێنێت.
گومانی تێدا نییە زەریف مافی خۆیەتی پێ‌ی وابێت لە وڵاتەكەیدا خۆشەویستە چونكە لە پێنج ساڵی رابوردوودا دەستكەوتی گەورەی پێشكەشی ئێران كردوە، بەڵام ئێران بە گشتی و سیاسەتی ئێرانی بە دیاریكراوی وەكو جیوە وایە و چەندین نموونەی پێش زەریف بەتایبەت لە وەزارەتی دەرەوەدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن.
دەتوانین بڵێین زەریف پێكهاتووە لە رۆن و ئاو، واتە لە كۆمەڵێك دژبەیەك كە بە ئاسانی لە كەسێكدا كۆنابنەوە. 
رەگ و ریشەی ئەم خەسڵەتە رەنگە لەوەدا بێت كە زەریف ماوەیەكی زۆر لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ژیاوە، كاتێك كە لە نوێنەرایەتی ئێراندا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كاری دەكرد.
لەم رێگەیەوە توانی پشوودرێژی و ماندونەبوونی ئێرانیەكان لە خۆیدا بپارێزێت، لەهەمان كاتیشدا پراكماتی بوونی ئەمریكییەكان فێر ببێت و وەك ئەوان لەشی سووك بێت لە سیاسەتكردندا.
لەم رێ‌یەوە توانی بە میتۆدێكی جیاواز لە میتۆدە باوەكەی ئێران بكەوێتە دانوستان لەگەڵ ئەمریكییەكاندا. واتە جیاواز بێت لە میتۆدی سەعید جەلیلی و عەلی لاریجانی و تەنانەت لە سەرۆك حەسەن روحانیش كە لە یەكەم كابینەیدا زەریفی كردە ئەندامی تیمەكەی خۆی.
دەتوانین بڵێین زەریف لەم جەنگی دەستلەكاركێشانەوەیەیدا كە گوایە لەپێناو رێز و پێگەی وەزارەتی دەرەوەدا كردویەتی بەڵام بە ئاشكرا دەریخست كە چیتر ناتوانێت لەگەڵ نەیارەكانی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا هەڵبكات و ئامادەش نییە لەوە زیاتر رووبەڕووی ئەو كەسانە بێتەوە كە دژی رێكەوتنی كەمكردنەوەی سپی كردنەوەی پارە و هاوكاریكردنی تیرۆرن.
ململانێكانیش لە سنووری دەسەڵاتەكان لەنێوان خۆی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك كۆماردا گەیشتبووە خاڵی بنبەست. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەبوو هەستی ئەكرد بووە بە بار بەسەر سیستمەكەوە و دەیزانی ئەگەر خۆی دەستلەكاركێشانەوە رابگەیەنێت رژێم لەروودا دادەمێنێ‌ و رەتی دەكاتەوە.
خاڵی لاوازی زەریف لەوەدایە كە زۆر هەستیارە. ئەم هەستیارییە هەندێك جار دەیگەیەنێتە لێواری خەرەندەكە. بۆ نموونە لەسەردەمی ئەحمەدی نەجات دا وازی لە كاری دیبلۆماسی هێنا و گەڕایەوە بۆ وانەوتنەوە لە زانكۆدا پاش ئەوەی هەستی كرد پەراوێز خراوە. هەرچەندە بە رواڵەت نوێنەری هەمیشەیی ئێران بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا. تائێستاش نەتەوە یەكگرتووەكان شوێنە ئەمینەكەی زەریفە.
ئەو لەسەرەتای بیستەكانی تەمەنی خۆیەوە لەوێ‌ ئیشی كردوە و لە نیویۆرك هاوسەرگیری كردوە و هەر لەوێش تۆڕی پەیوەندییەكانی دامەزراندوە كە لە هێنری كیسنجەرەوە دەست پێ‌دەكات و تا زانكۆكان و یانە سیاسییە جۆراوجۆرەكانی نیویۆرك.
زەریف بەو رادەیە تێكەڵی كۆمەڵگای ئەمریكی بووە كە جارێكیان راگری كۆلێجی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بە گاڵتەوە پێ‌ی وت ئاخۆ بیر لەوە ناكاتەوە خۆی بۆ پۆستێكی سیاسی بپاڵێوێت لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.
زەریف ساڵانە ئەو شوێنە ئەمینە بەكاردەهێنێ‌ بۆ دروستكردنی چەند هەڵمەتێكی رای گشتی بۆ بەرژەوەندی ئێران لە رێ‌ی دیدار و گفتوگۆوە لەرێ‌ی رۆژنامە و مەڵپەڕ و تەلەفزیۆنە ئەمریكی و جیهانییەكاندا.
زەریف ئەم كارە بە بەشێك لە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت بۆ دروستكردنەوەی وشیارییەكی جیاواز بەرامبەر ئێران لە خۆرئاوای گۆی زەوی. ئەركێك كە زۆر باش زەریف جێبەجێ‌ی دەكات بەو زمانە ئینگلیزییەی كە لەهجەیەكی ئەمریكی تێدایە.
ناحەزەكانی زەریف لەدەرەوە ناویان لێ‌ ناوە گۆبڵزی رژێمی ئێرانی و پێ‌ی دەڵێن ریكلامكەرێكی پیشەییە، كە لەپشت زەردەخەنەكەیەوە توندڕەوێكی شاردووەتەوە. پاساو دەهێنێتەوە بۆ پێشێلكردنەكانی مافی مرۆڤ تەنیا لەبەرئەوەی دەرهەق بەو كەسانەیە دوژمنی ئایدۆلۆجییەكەی ئەمن. لەبەرئەوە زەریف بۆ هەر وڵاتێكی ئەوروپی بچێت رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامی دەبێتەوە كە وێنەكەی زەریف دەخەنە پاڵ وێنەی ئەو سەركردانەی ئێران كە تۆمەتبار دەكرێن بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.
ناحەزەكانی زەریف دەڵێن ئەم كابرایە هەوڵ دەدات چیرۆكێكی تر دروست بكات لەسەر ئێران، بۆیە هیچ سڵناكاتەوە لە هەموو سازشكەریەكی رووكەش بۆ ئەوەی رەوایی بەدەست بهێنێت بۆ سیستمەكەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێ‌ی دەڵێن سیستمێكی لەڕێ‌ لادەر.
بەڵام دوژمنەكانی زەریف لەناو ئێراندا تاڕادەیەكی زۆر دڵنیان لەوەی كە پیاوی خۆرئاوایە، (نەخۆش كەوتوەو بە كەلتووری خۆرئاوا).
زۆرێك لە سیاسییە ئوسوڵگەراكان تەواو دڵنیان لەوەی كە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 دەرئەنجامی پیلاێك بوو كە زەریف و تیمەكەی كردیان بۆ لاوازكردنی ئێران و كەمدەسەڵاتكردنی لە ناوچەكەدا.
میانڕەوەكانیش رەخنەی ئەوەی لێ‌ دەگرن كە زیاتر بایەخ بە رۆژنامەگەری بیانی دەدات لەسەر حیسابی رۆژنامە ئێرانییەكان و فەزڵی ئینگلیزیزانەكان دەدات بەسەر رۆژنامەنووسەكانی تردا.
زەریف سروشتی وایە كە پێ‌ی خۆشە زیاتر پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدا هەبێ‌ وەك لە ناوەوە، لەبەرئەوە لە ماوەی 6 ساڵی رابوردوودا، واتە لەوكاتەوەی كە پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە هەتا ئەمڕۆ چەندین وتاری نووسیوە بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی و توركی لە رۆژنامە جیاوازەكاندا بە مەبەستی دروستكردنی دایلۆك لەگەڵ گەلانی ئەو دەوڵەتانەدا كە بەو زمانانە قسە دەكەن.
بەڵام رەخنە هەمیشەییەكە لە زەریف و سیاسەت و گوتار و نووسینەكانی هەمیشە ئەوەبوو كە گوزارشت دەكات لە سیاسەتێكی نەرمی دەرەكی لەكاتێكدا كە سەركردە سەربازییەكان و كەسایەتییە كاریگەرەكانی تری رژێم گوزارشت لە سیاسەتێكی دەرەكی جیاواز دەكەن. بۆیە ئەو قسەیە زۆر جوانە كە دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی ئێران چەندین سەری هەیە.
ئەوانەی بڕوایان بەم قسەیە هەیە دەڵێن ئێران هەر ئێرانە بەڵام زەریف بەكاردەهێنێت وەكو گێزەر و ئەوانەی تریش بەكاردەهێنێت وەكو تێڵا و لەنێوان تێڵا و گێزەردا هیچ متمانەیەكیان نییە بەوەی كە قسەكانی وەزیری دەرەوە سیاسەتی راستەقینە بێت و پێیان وایە ئەوەی كە ئەفسەرێكی سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت ئەویش تەنیا هەر هەڵوێستێكی حەماسییە.
زەریف زۆرباش دەزانێت كە دروستكردنی سیاسەتی دەرەوە لە وڵاتەكەیدا تەنیا قۆرخ نەكراوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، لەبەرئەوە هەندێك لەو وەسفكردنە راستە.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران چەندین بزوێنەری هەیە، لە رابەرەوە بۆ سوپای پاسداران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بۆ حكومەت و بۆ چەندین توخمی نەبینراوی تر.
بەڵام زەریف دەیەوێت سەرەگەورەكەی ئەم سیاسەتە دەرەكییە بێت بۆ ئەوەی لانی كەم بتوانێت ئەوە مسۆگەر بكات كە كەمترین هەڵە دەكرێت و بە رێگەیەكی روون و ئاشكرادا بڕوات بێ‌ گوێدانە ئەو خێرایی و پاڵنەر و رووداوانەی تر كە كۆنترۆڵی رێگاكە دەكەن.
زەریف لەم شەڕەی دواییدا هەموو ئەو كەرەسانەی بەكارهێنا كە لە ماوەی 40 ساڵ كاركردنی دیبلۆماسیدا كۆیكردبوونەوە و توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت بەڵام زۆرباش ئەو راستییەش دەزانێت كە شەڕ لە ئێراندا لە چەند گێمێك پێكهاتووە واتە ئەگەرچی لەم گێمەدا براوە بووە، بەڵام رەنگە لە گێمەكانی داهاتوودا رووبەڕووی شتی چاوەڕوان نەكراو بێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure