به‌شداریى سیاسیى

بۆچوون / بیروڕا :: 25/02/2019


ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
سه‌عد ئه‌لكه‌حل
وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدڵڵا


مۆدێرنیته‌ به‌ واتا مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ ئازادبوونى مرۆڤ له‌ هه‌موو سه‌رپه‌رشتیكارییه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ى هه‌رچییه‌ك بێت و دداننان به‌ ئازادیى ئه‌قڵ و تواناكانى له‌ تێگه‌یشتن و لێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ و رێكخستن و ته‌گبیردا. مۆدێرنیته‌ به‌ر له‌وه‌ى ته‌كنیك و ئامراز بێت، به‌ها و پرنسیپه‌. به‌پێى ئه‌م پێناسه‌یه‌ مۆدێرنیته‌ هه‌موو بوار و لایه‌نه‌كانى ژیان ده‌گرێته‌وه‌. له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ بواره‌ سیاسى و مافدارێتى و مه‌عنه‌وییه‌كانه‌. ده‌روازه‌ى هاوچه‌رخكردنى بوارى سیاسیییش دوو ئاستى هه‌یه‌:
1- ئاستى بنیاتنانى ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى له‌ڕێى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى ماف و یاسا و جیاكردنه‌وه‌ و هاوسه‌نگ كردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌جۆرێك كه‌ ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت له‌ خزمه‌تى هاوڵاتیاندا بن به‌بێ جیاكارى به‌هۆى دین و سیاسه‌ت و ره‌گه‌زه‌وه‌. مرۆڤ هه‌تا زیاتر پێش بكه‌وێت له‌ دیموكراتیزه‌كردنى ده‌وڵه‌تدا زیاتر رزگارى ده‌بێت له‌ سته‌م و حه‌ساندنه‌وه‌ و دایۆلێسن و ترسدا. زیاتریش كه‌رامه‌تیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و مرۆڤ بوونى خۆیان پیاده‌ ده‌كه‌ن و چێژ له‌ مافه‌ مه‌ده‌نى و سیاسییه‌كانیان وه‌رده‌گرن.
2- ئاستى ماف و به‌هاكان به‌جۆرێك كه‌ هوشیارى لاى تێكڕاى هاوڵاتیان دروست ده‌بێت ده‌رباره‌ى سروشتى مافه‌كانیان وه‌ك تاك و وه‌كو كۆمه‌ڵ چونكه‌ ناكرێت دامه‌زراوه‌ى دیموكراتى دروست بكرێت و بناغه‌كانى ده‌وڵه‌تى ماف و یاسا دابمه‌زرێن به‌بێ راهێنانى مرۆڤ له‌ڕووى كه‌لتوورى و سیاسى و مافدارییه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌چیتر سه‌رپه‌رشتیكارى قبووڵ نه‌كات و دژایه‌تى سته‌م و سته‌مكارى بكات.
لێره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هێزى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى دێنه‌ ئاراوه‌ كه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن و پڕۆژه‌یه‌كى هاوچه‌رخى كۆمه‌ڵایه‌تیان بێ ده‌بێت كه‌ تیایدا مرۆڤ ده‌بێته‌ ئامانج و به‌هایه‌كى بڵند، كۆمه‌ڵه‌ هێزێكى تریش دروست ده‌بن كۆنه‌په‌رست و دوژمنى نوێگه‌رێتى و سه‌پێنه‌رى سته‌مكارى و چه‌وساندنه‌وه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتیكارى زیاتر ده‌سه‌پێت به‌سه‌ر عه‌قڵى هاوڵاتیان و ویست و جه‌سته‌یاندا.
ئێستا تێبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هێزه‌ كۆنه‌پارێزه‌ محافزكاره‌كان تا راده‌یه‌ك كراونه‌ته‌وه‌ به‌ڕووى به‌هاكانى دیموكراسى و كه‌لتووره‌كانى مافى مرۆڤدا به‌ڵام هێزه‌ ئیسلامه‌ محافزكاره‌كان زیاتر دژى مۆدێرنیته‌ و هاوچه‌رخكردنى كۆمه‌ڵگان، بۆیه‌ ستراتیجێك په‌یڕه‌و ده‌كات خۆى بخزێنێته‌ دامه‌زراوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان به‌ مه‌به‌ستى داڕشتنى كۆمه‌ڵه‌ یاسایه‌ك دژى مافه‌كامى مرۆڤ و لێسه‌ندنه‌وه‌ى ماف و ئازادییه‌كان هه‌روه‌ها گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر داڕێژه‌رانى ده‌ستوور بۆ ئه‌وه‌ى ئیسلام ببێته‌ به‌رزترین سه‌رچاوه‌ى یاسا له‌پێناوى نه‌هێشتنى ماف و ئازادییه‌كان. شان به‌شانى ئه‌مانه‌ په‌لده‌هاوێژن بۆ ئه‌نجوومه‌نه‌ زانستییه‌ لۆكاڵى و هه‌رێمییه‌كان بۆ رێگرتن له‌ چاكسازى ئایینى و دامه‌زراندنى ئیمام و وتاربێژى سه‌ربه‌خۆیان.
ئینجا رۆده‌چنه‌ ناو دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌وه‌ بۆ پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌ك هه‌مان ئایدۆلۆجیا و بیروباوه‌ڕى ئه‌مانیان هه‌بێت. هه‌روه‌ها توندڕه‌وه‌كان به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى حیزبه‌ دیموكراسییه‌كان و رۆشنبران و پێشكه‌وتن خوازه‌كان به‌ كافر له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا ژن ده‌كه‌ن به‌ ئامانج له‌ناو خێزان و پێگه‌كانى ترى كۆمه‌ڵگادا به‌وپێیه‌ى كه‌ ژن رێده‌ڕوى سه‌ره‌كى تێپه‌ڕبوونى كه‌لتوور و به‌هاكانى كۆمه‌ڵگایه‌. ئیسلامه‌كان له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئافره‌ت بكه‌ن به‌ ئامانج بۆ ئه‌وه‌ى خێزان ئیسلامى بكه‌ن و منداڵه‌كان له‌سه‌ر هه‌مان به‌ها كۆنه‌په‌رسته‌كان په‌روه‌رده‌ ببن. ئامانجى ئیسلامییه‌كان به‌ئیسلام كردنى تاك و پاشان خێزان و ئینجا كۆمه‌ڵگا و دواتر ئیسلام كردنى ده‌وڵه‌ته‌.
سه‌له‌فى و ئیسلامییه‌كان ده‌زانن ژن رۆڵێكى ناوه‌ندى هه‌یه‌ له‌ رێگرى كردن له‌ كرانه‌وه‌ و نوێگه‌رى و به‌دیموكراسى كردندا بۆیه‌ به‌كاریان ده‌هێنن له‌ پێگه‌یاندنى رۆڵه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵ بن و فه‌زلى كوڕ بده‌ن به‌سه‌ر كچدا، پاشان وا له‌ كۆمه‌ڵگا بكه‌ن به‌ره‌نگارى هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كى نوێخواز بكات. 
بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ راكێشانى ژنان و به‌كارهێنانیان بۆ له‌قاڵب دانى پرۆسه‌ى نوێگه‌رى و به‌رهه‌ڵستى كردنى ده‌ستپێشخه‌رى و داواكارییه‌كانى ژنان، وه‌ك مافى منداڵ له‌باربردن و یاساكانى دژایه‌تى كردنى توندوتیژى به‌رامبره‌ ژنان و رێگرى كردن له‌ به‌شودانى كچانى منداڵدا و هتد.
ئێستا ئه‌ركى هێزه‌ نوێگه‌راكانه‌ به‌ توندى و لێ بڕاوانه‌ رووبه‌ڕووى هێزه‌كانى ئیسلامى سیاسى ببێته‌وه‌ كه‌ رۆچونه‌ته‌ ناو ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگاوه‌.
لێره‌دا رۆڵى ناوه‌ندى ژن له‌ناو خێزاندا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌روه‌ها له‌ بوارى كاركردندا و له‌ناو دام و ده‌زگا هه‌ڵبژێردراوه‌كان و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شدا. چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو به‌شدارى كردنێكى سیاسى ژن خزمه‌ت به‌ نوێخوازى و دیموكراسى بكات، بۆ نموونه‌ ژنانى ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كان كه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌كاندا كارده‌كه‌ن سته‌مكارى ده‌چه‌سپێنن و پشتگیرى له‌و یاسایانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مافه‌كانى ژنان ناهێڵێت. له‌به‌رئه‌وه‌ به‌شدارى كردنى هۆشیارانه‌ى ژن هێشتا هه‌ر ده‌ستپێكى راسته‌قینه‌ى هاوچه‌رخ كردنى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌. پێوه‌رى راسته‌قینه‌ بۆ پێناسه‌كردنى نوێگه‌رێتى و دیموكراسى له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا هێشتا هه‌ر بارودۆخى ژنه‌. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure