كورد.. دنیا.. ته‌كنه‌لۆجیا

بۆچوون / بیروڕا :: 20/02/2019

ته‌كنه‌لۆجیا وه‌ك هه‌موو شتێكى ئه‌م گه‌ردوونه‌، چه‌كێكى دوو ده‌مه‌ و له‌گه‌ڵیدا هه‌موو خراپى و گیروگرفته‌كانى شارستانێتى مرۆڤ ده‌ركه‌وتن.

سه‌باره‌ت به‌ كوردیش، ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بزانین كه‌ وه‌ك به‌شێكى گه‌لانى جیهانى سێیه‌م، كوردیش نه‌ك هه‌ر به‌شدار نه‌بووه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى ته‌كنه‌لۆجیا، به‌ڵكو گه‌شه‌كردنه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ ناسروشتى و شێواو بووه‌، كه‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئاماده‌ییه‌كى خودیى تێدابێ، كه‌وتووه‌ به‌سه‌ر داهێنانه‌ ته‌كنه‌لۆجیه‌كاندا و زۆر جاریش قه‌ڵه‌مبازى داوه‌ به‌سه‌ر قۆناغه‌كاندا. واتا به‌و شێوه‌ سروشتییه‌ى جیهانى خۆراوا به‌ر داهێنان و دۆزینه‌وه‌كان نه‌كه‌وتووه‌. بۆ نموونه‌ فڕۆكه‌خانه‌ هاته‌ كوردستان بێ ئه‌وه‌ى پێشتر شه‌مه‌نده‌فه‌رى بۆ هاتبێ. كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریى خراپ و نائاسایى جێده‌هێڵێ له‌سه‌ر پرۆسه‌ى گه‌شه‌كردن و هونه‌رى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ و تێكڕاى پڕۆسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌.

دیاره‌ ئه‌مڕۆ، له‌ هه‌موو كات زیاتر درك به‌ راستى و دروستى ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌یگوت مرۆڤ ده‌بێته‌ كۆیله‌ى ئه‌و ئامێره‌ى كه‌ دروستى ده‌كات. ته‌كنه‌لۆجیا ئه‌مڕۆ ته‌نیا هه‌ر ته‌كنیك نییه‌ به‌ڵكو داگیركارییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌لتوورى و ده‌روونى یه‌، به‌و راده‌یه‌ى كه‌ مرۆڤ ئێستا له‌ سه‌روو ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ نییه‌ به‌ڵكو ته‌كنه‌لۆجیا ئاۆاسته‌كه‌ر و ئاغاى مرۆڤه‌ و بێ هیچ رێگرییه‌ك له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و ره‌گوڕیشه‌ى داكوتاوه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا و زۆر به‌ روونى ده‌بینین دژایه‌تییه‌كى ته‌واو دروست بووه‌ له‌ نێوان كه‌لتوور و ته‌كنه‌لۆجیادا.

ئه‌مڕۆ هه‌موومان له‌ژێر ره‌حمه‌تى شه‌پۆله‌ بێ ئامانه‌كه‌ى ته‌كنه‌لۆجیاداین كه‌ جێگه‌ى هه‌موو شتێكى سروشتیى گرتووه‌ته‌وه‌ و نازانین به‌ره‌و كوێمان ده‌بات.

دنیاى پۆست مۆدێرنیزم مه‌ترسییه‌كى كوشنده‌یه‌ بۆ سه‌ر كه‌لتوور و سروشت و خه‌ونه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان. ئاسانترین قوربانیشى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ن كه‌ به‌رخۆرى ته‌كنه‌لۆرجیان و كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنان و مێژوو.. بێ گومان كورد یه‌كه‌مینى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌یه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure