له‌ ده‌وڵه‌تى به‌غدادى یه‌وه‌ بۆ گورگه‌ ته‌نیاكان

بۆچوون / بیروڕا :: 18/02/2019

نووسینى: غه‌سان شربل
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا
ده‌وڵه‌تى به‌غدادى له‌ لێوارى هه‌ره‌سهێناندایه‌. له‌ چاره‌ى نه‌نووسرابوو درێژه‌ بكێشێت. كاتێك كه‌ سه‌ریهه‌ڵدا شاره‌زاكان پێشبینیان كرد كه‌ جیهان ده‌ستپێشخه‌رى بكات بۆ ریشه‌كه‌ندكردنى نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵیدا بژى، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ تیرۆر هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌ ده‌كات كاتێك ناونیشانێكى دیاریكراوى ده‌بێت. هێزى تیرۆر له‌وه‌دایه‌ كه‌ ناونیشانى نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئامانجكردن و ده‌ستگیركردنى ئاسان نه‌بێت.

داعش وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك كه‌ له‌ قووڵایى رابردووه‌وه‌ هاتبێت ناوچه‌كه‌ى هه‌ژاند. به‌ ئاشكرا پێوه‌ى دیار بوو كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى سه‌رده‌م و مێژووه‌وه‌ رێده‌كات. ئه‌م له‌شكره‌ ره‌شپۆشه‌ نه‌ناسراوه‌ سوودى له‌ كه‌لتوورى قاعیده‌ و رووخانى رژێمى سه‌دام حسێن وه‌رگرت. سیاسه‌ته‌كانى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌غدا بره‌ویان سه‌ند و له‌توپه‌وتبوونه‌ خوێناویه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى سوریا یارمه‌تیده‌ربوون رێڕه‌وه‌ كراوه‌كانى توركیا بوارى بۆ داعش و هاوچه‌شنه‌كانى ره‌خساند دزه‌ بكه‌نه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌ سوریه‌كه‌وه‌.

ساڵانى ده‌وڵه‌تى به‌غدادى توندوتیژ و ترسناك و لێوان لێو بوون له‌و دیمه‌نانه‌ى كه‌ له‌دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه‌ جیهان نه‌یدیبوون. كۆمه‌ڵه‌ چه‌كدارێك هات و له‌ ئه‌شكه‌وته‌كانى مێژووه‌وه‌ تازه‌ترین ده‌ستكه‌وته‌كانى ته‌كنه‌لۆجیا به‌كارده‌هێنن بۆ ترساندنى جیهان به‌ دیمه‌نه‌كانى سه‌ربڕین و سووتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م كامێراكاندا. كرده‌وه‌كانى داعش درێژترین پرۆسه‌ى ترساندن و وێرانكردن بوون كه‌ ئه‌م ناوچه‌ به‌دبه‌خته‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینونى ساڵانى ده‌وڵه‌تى به‌غدادى زۆر گران كه‌وتن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان پێكهاته‌كان، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ پرۆسه‌یه‌ك بوو بۆ سڕینه‌وه‌ و جیابوونه‌وه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ شێوازێك بوو بۆ دابه‌شكردنى وێرانى به‌سه‌ر شار و وڵات و شه‌راكه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان و پرده‌كانى پێكه‌وه‌ ژیاندا. سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ى نێوان عێراق و سوریاى سڕیه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كارێك بوو جیهان نه‌یتوانى قبوڵى بكات، هه‌ر بۆیه‌ كاتى خۆى بینیمان جیهان چ وه‌ڵامێكى سه‌دامى دایه‌وه‌ كاتێك سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى نێوان عێراق و كوه‌یتى سڕییه‌وه‌.

هێشتا چیرۆكه‌كه‌ى داعش نه‌نووسراوه‌ چیرۆكێكى ئاڵۆزه‌ و رۆڵى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ دژایه‌تیان كرد و دزه‌یان كرده‌ ناو ریزه‌كانیه‌وه‌ و هه‌وڵیان دا دڕنده‌یه‌تیه‌كه‌ى داعش بخاته‌ خزمه‌ت به‌رنامه‌كانى خۆیه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانش كه‌ داعشى كرد به‌ بیانویه‌ك بۆ پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ى خۆى كه‌ هاوچه‌شنى سیاسه‌ته‌كانى هۆى له‌ دایك بوونى داعش بون. هه‌ندێك كه‌سیش بۆ نمونه‌ سه‌ركرده‌ى كوردى سورى ساڵح موسلیم پێیوایه‌ داعش بۆته‌ سۆپه‌رماكێتێك كه‌ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان چونه‌ته‌ ناویه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانى توركیا.

ئێمه‌ چه‌ند ساڵێكمان به‌سه‌ر برد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى به‌غدادى و شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌. داعش خۆى سه‌پاند به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى یه‌كه‌مى رۆژنامه‌كان و سه‌رنجى میدیاكانى راكێشا. من له‌ (10)ى حوزه‌یرانى ساڵى 2014 دا له‌ پاریس واده‌ى دیدارێكم هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعود بارزانیدا. پێش ئه‌وه‌ى ئوتێله‌كه‌ جێبهێڵم هه‌واڵێكى به‌ په‌له‌ رایگرتم  له‌كه‌ناڵى العربیه‌ رایگه‌یاند شارى موسڵ كه‌وته‌ ده‌ست داعش.

بارزانیم بینى كه‌ سه‌ره‌ڕاى سروشته‌ هێمنه‌كه‌ى نیگه‌رانه‌ راپۆرته‌كانى پێده‌گه‌یشت و ده‌یپرسى بۆچى هه‌زاران سه‌ربازى عێراقى له‌و شاره‌ هه‌ڵدێن و ئه‌مبارى چه‌كه‌ ئه‌مریكیه‌كانیان بۆ چه‌كدارانى داعش جێده‌هێڵن. جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت ئه‌م دڕندانه‌ له‌سه‌ر سنوره‌كه‌ى خۆى قبوڵ بكات. بۆى باسكردم كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران نورى مالكى ئاگادار كردۆته‌وه‌ له‌ جموجۆڵى تیرۆریسته‌كان له‌ده‌وروبه‌رى موسڵ به‌ڵام مالكى جه‌ختى كردۆته‌وه‌ كه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌ به‌ ئاماژه‌ پێى وتووه‌ كه‌ باشتر وایه‌ ئه‌و ته‌نیا خه‌مى هه‌رێمى كوردستانى هه‌بێت، پێش كۆتایى دیداره‌كه‌ بارزانى پێى وتم (به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست_له‌ شه‌ڕێك رزگارمان نابێت ده‌چینه‌ شه‌ڕێكى تره‌وه‌) دواتر بینیم به‌سه‌ر هێڵه‌كانى شه‌ڕى دژى داعشدا ده‌گه‌ڕێت به‌تایبه‌تى كاتێك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان زۆر گران ده‌كه‌وتن به‌هۆى باڵاده‌ستى سه‌ربازانى داعش و ئه‌و چه‌كه‌ زۆره‌ى له‌ موسڵ ده‌ستیان كه‌وتبوو. رۆژگار واى كرد كه‌ له‌كۆتایى مانگى ئابى 2017 دا تكا له‌ سه‌رۆك بارزانى بكه‌م هه‌وڵم بۆ بدات چاوم به‌ چه‌ند چه‌كدارێكى داعش بكه‌وێت له‌ باره‌گاى قه‌لاچۆكردنى تیرۆر له‌ هه‌ولێر ئه‌ویش به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌ڵامى دامه‌وه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ چه‌كدارێكى چینى بوو كه‌ پێى وتم له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ توركستانى خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ هاتووه‌ بۆ توركیا له‌وێ هیچ پاره‌ى پێنه‌ماوه‌، به‌ڵام باندێك پاره‌ى گواستنه‌وه‌یان بۆ دابین كردووه‌ بچێته‌ ره‌قه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌له‌عفه‌ر. له‌ ته‌له‌عفه‌ر خستیانه‌ ئۆردوگاى ئه‌بو هاجرى توركستانى و خولێكى مه‌شقى سه‌ربازییان پێ بینى. ئه‌و پێى وابووه‌ ده‌وڵه‌تێكى ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ بتوانێت تیایدا به‌ ئازادى گوزارشت له‌ بیروباوه‌ڕه‌كانى خۆى بكات وه‌ ئه‌و شته‌ له‌ وڵاتى چیندا نیه‌. وه‌ پێى لێنا كه‌ خه‌ڵه‌تانویانه‌ و ئه‌وه‌ى بۆى ده‌گه‌ڕا ده‌ستى نه‌كه‌وت.

قوبلان ئۆزاق حه‌سه‌ن یه‌كێكى تر بوو له‌و چه‌كدارانه‌ كه‌ له‌ كازاخستانه‌وه‌ ناردویانه‌ بۆ ته‌له‌عفه‌ر له‌وێش چه‌ند كه‌سێكى ئۆزبه‌كى ز تاجیكى و چیچانى و داغستانى و توركستانى بینى كه‌ به‌ روسى قسه‌یان ده‌كرد و قوبڵانیش ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى به‌غدادى نائومێدى كردم. داعش ته‌نیا ئه‌و چه‌كدارانه‌ى رانه‌كێشا كه‌ به‌دواى شوێنێكدا ده‌گه‌ڕان بۆ شه‌ڕكردن به‌ڵكو خه‌ڵكى ساده‌شى راكێشاوه‌  كه‌ وێنه‌ و كاسێت و ریكلامه‌ ژه‌هراویه‌كانى داعش سه‌رنجى راده‌كێشا و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یان به‌سه‌ر زه‌مینى رزگارى و خه‌ونه‌كان ده‌زانى.

ئێستا كه‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتووه‌ و ره‌گ و ریشه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى ده‌رهێناوه‌ پێویسته‌ توێژینه‌وه‌ بكه‌ین له‌سه‌ر دیارده‌ى داعش. پێویسته‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ دروست بون و له‌دایكبوونى داعشیان ئاسان كرد. 

روخانى ده‌وڵه‌تى به‌غدادى ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ داعش كۆتایى هاتووه‌ ره‌نگه‌ رێكخراوه‌كه‌ ورد ورد بێت و به‌شێوه‌ى گورگه‌ ته‌نهاكان بڵاوبێته‌وه‌ و مه‌ترسى زیاتر دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ قاعیده‌ هه‌ندێك له‌و توخمانه‌ بگرێته‌خۆى. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى به‌فڕۆكه‌ كۆتایى هات. ئێستا لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له‌ شه‌ڕى هه‌واڵگرى و ئه‌منى كراوه‌ ده‌ستى پێكردووه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure