چیرۆکی دوو لوتکەکە

بۆچوون / بیروڕا :: 16/02/2019


سه‌رچاوه‌: ره‌ئی ئه‌لیه‌وم
وەرگێڕان: ناكام رەحیم


ئەوە چیرۆکی دوو لوتکەیە کە سات بەسات ئاگاداری ناوەڕۆک و رووداوەکانی بووین، یەکەمیان لوتکەی جەنگ بوو لە وارشۆ کە تیایدا بنیامین ناتانیاهۆ دانی بەوەدانا کۆبوونەوەیەکە بۆ لێدانی ئێران و رەنگە بەرپاکردنی جەنگ لە دژی، دووەمیشیان لوتکەی ئاشتی بوو لە سوچی کە هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا و کۆتاییهێنانی جەنگ لە ناوچەکە، ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشداربوانی ئەم لوتکەیە، بایکۆتی لوتکەی یەکەمیان کرد وەکو ناڕەزایەتی دەربڕین و رەنگە خۆئامادەکردنیش بێت.

لە لوتکەی وارشۆ، ناتانیاهۆ وەکو "زاوا"یەک دەرکەوت، لە کاتێکدا بەشداربووەعەرەبەکان کە زۆربەیان وەزیرانی دەرەوە بوون، تەنیا "کۆمبارس" بوون و لەلایەن ئەمریکا-وە بانگێشتکرابوون بۆ ئاسایکردنەوە و پشتیوانیکردنی ئەو جەنگەی کە بەڕێوەیە و ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات.

ئازاربەخش بوو بینینی بەڕێز خالد ئەلیەمانی وەزیری "شەرعی" دەرەوەی یەمەن لە تەنیشت ناتانیاهۆ-وە، لەوەش ئازاربەخشتر ئەوەبوو بەڕێز یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عومان کە پێشتر بەهۆی هەڵوێستە نێوەندگیرییەکانییەوە لە ناکۆکییە عەرەبییەکاندا جێگەی رێزی هەموان بوو، یەکەم وەزیری دەرەوەی عەرەبە بەشێوەیەکی ئاشکرا و لەبەردەم چاوی کامێراکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە و رابردووی بەرەنگاربوونەوەی عەرەبی لەیادکرد و دانی بە ئێستایەکی نوێدا نا کە تیایدا ئیسرائیل وڵاتی سەرەکی ناوچەکەیە.

بەرپرسە ئەوروپییەکان کە هاوبەشی سەرەکی ئەمریکان لە هاوپەیمانی ناتۆ، رێژەی بەشداریکردنیان لەو کۆنگرە "گوماناوییەدا" بۆ کەمترین ئاست داگرت و بەردەوامن لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کە رێگربوو لەبەردەم هەڵگیرسانی جەنگێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرامبەردا وەزیرانی دەرەوەی عەرەب کێبڕکێیان دەکرد بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانی وارشۆ بۆ بەرپاکردنی جەنگێک دژی ئێران بە سەرکردایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا. ئەوەش لوتکەی کارەسات و زەلیلبوونە و لابردنی پەردەی حەیایە یان ئەوەی کە ماوە.

ناتانیاهۆ مافی خۆیەتی شانازیی بکات بەو شێوەیەی کە دەیەوێت و باسی دروستکردنی مێژوو بکات بە وەستانی لەگەڵ برا عەرەبەکانی لە یەک سەنگەردا دژی "مەترسی ئێران" کە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵام دڵنیام ئاهەنگگێڕانەکەی تەمەنی کورت دەبێت، چونکە ئەوانەی لەگەڵیدان، نوێنەرایەتی زۆریەنی عەرەب و بەها ئیسلامییەکان ناکەن، تەنانەت نوێنەرایەتی نەتەوە رەسەنەکانی خۆیشیان ناکەن.

کاتێک بەڕێز خالد ئەلیەمانی، وەزیری دەرەوەی یەمەن "مایکرۆفۆن"ەکەی دەدات بە ناتانیاهۆی دراوسێی بە خەندەیەکی گەورەوە بۆ ئەوەی ناوبراو بە بەرزترین دەنگی سووکایەتی بە عەرەب بکات و باسی هەڕەشەی ئێران بکات، ئەوە گەورەترین زەلیلی و هەڵەیەکی دیپلۆماسی و ئەخلاقییە و زیانێکی زۆری دەبێت لەسەر هەڵوێستی سەرۆکەکەی و هاوپەیمانێتییەکەی لە جەنگی یەمەندا، چونکە گەلی یەمەن گەلێکی ئازان و رەنگە لە زۆر شتدا جیاوازبن، بەڵام هەموویان لە دژایەتیکردنی ئیسرائیلدا یەک دەنگن.

قۆناغی داهاتوو رەنگە قۆناغێکی نوێ بێت کە مایک پۆمپیۆ لە وتەکەیدا بۆ ئامادەبوانی کۆنگرەی وارشۆ پێشکەشیکرد، قۆناغێک کە ئیسرائیل سەرکردایەتی عەرەب دەکات لە هاوپەیمانییەکی نوێی ناتۆدا، بەڵام ناتوانێت رکابەری هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوە و کەرامەتی عەرەب و ئیسلام بکات، چونکە ئێمە دەزانین جەنگ چۆن لە ناوچەکەماندا هەڵدەگیرسێت و چۆن کۆتایی دێت.

پیرۆزە لە وەزیرانی دەرەوەی عەرەب ئێوارەخوانی زەلیلی لەگەڵ ناتانیاهۆ و جارید کوشنەر و مایک پۆمپیۆ، پیرۆزبێت لێیان ئەو جەنگەی کە پەلکێش دەکرێن بۆی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و بە خوێن و پارەی ئێستا و داهاتووی نەتەوەکانیان باجەکەی دەدەن، شارەکانیان دەبێت بە خۆڵەمێش و بیرە نەوتییەکانیان دەبێت بە ئاگر، ئاوی کەنداویشیان دەبێت بە نموونەیەک بۆ پیسبوونی ئەتۆمی.

هیواداربووین تەنیا یەک وەزیری عەرەب لەنێو ئەوانەی بەشداریی ئەو لوتکەیە بوون، هێندە قارەمان بوایە مایکرۆفۆنێکی ببردایە و باسی مەترسی ئیسرائیلی بکردایە لە ناوچەکە، یان خەرجکردنی حەوت تریلیۆن دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بۆ جەنگ دژی عێراق و ئەفغانستان و سوریا و یەمەن و لیبیا و کوشتنی ملیۆنەها هاووڵاتی بە بۆمبە زیرەکەکانیان، بەڵام سەردەمی وەزیری قارەمان بەسەرچووە.

نازانین ئەم بەشداربوانەی لوتکەکە چۆن رووبەڕووی نەتەوەکانیان دەبنەوە کاتێک دەگەڕێنەوە، بەڵام زۆر باش دەزانین ئەوان وا لە ئێران دەکەن ببێت بە رەمزێک بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لە هەردوو نەتەوەی عەرەب و ئیسیلامی و پیرۆزییەکانیان، کاتێک روو لە ناتانیاهۆ دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەی هاوپەیمانێتییە نوێیەکەیان و رازیی دەبن ببنە دواکەوتەیەکی بچووکی ئەو.

ئەمە ساتێکی مێژووییە، ئەوەی دڵنیاین لێی ئەوەیە، ئەوەی ئەمریکای لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا شکاند، ئەوەی ئیسرائیلی لە باشوری لوبنان و لە کەرتی غەزە چوار جار شکاند، لە جەنگی داهاتووشدا سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر بڕیاری بەرپاکردنی درا... رۆژگاریش لە نێوانماندایە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure