كۆنگرەی وارشۆ چی لە پشتەوەیە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 14/02/2019

پێشڕەو یاسین
ئیدارە دژ بە فەلەستینەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، كۆمەڵێك ئەجندای راشكاوی پێیە بۆ
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە لەسەر كۆڵەكەی پشتیوانیكردنی ئیسرائیل و دادۆشینی وڵاتانی كەنداو و لەسنوقنانی حكومەتی تاران دامەزراون. 


داننان بە قودس وەك پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیل و هەڵوەشانەوەی كۆمەكە مرۆییەكان بۆ خەڵكی كەرتی غەزە و كەناری خۆرئاوا و پشتیوانیكردنی بێ‌ قەیدوشەرتی جوولەكە توندڕەوەكان  ئەو هەنگاوە ئاشكرایانە بوون  كە لە ماوەی رابوردوودا دۆناڵد ترەمپ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێی كردن و ئێستایش پرۆژەیەكی بەدەستەوەیە ناوی لێناوە (گرێبەستی سەدە) و بۆ یەكجاریی مەسەلەی فەلەستین دەخاتە مۆزەخانەی مێژووەوە و ئەگەر سەربگرێت سەرەكیترین داخوازیی گەلانی عەرەب زیندەبەچاڵ دەبێت.

واشنتۆن بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەیە هیوای لەسەر وڵاتانی كەنداو هەڵچنیوە و بۆ ئەم مەبەستەیش هەڕەشە و مەترسییەكانی تاران-ی كردووە بە كراسەكەی عوسمان، لەسەرێكەوە پێگەی ئیسرائیلی پێ‌ بەهێز دەكات و لە سەرێكی تریشەوە دڵنەوایی شێخنشینەكانی كەنداوی پێدەداتەوە كە دوژمنی دێرینی دەوڵەتی شیعەی ئێرانن.

لە چەند مانگی رابردوودا ترەمپ كۆمەڵێ‌ رێوشوێنی زۆر توندی بەرامبەر ئێران گرتەبەر كە بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەستی پێكرد و ئێستایش ئابڵوقەیەكی گەورەی ئابوری و سیاسیی دەست پێكردووە و جەنگێكی دەروونیی بێئامانی بەرپاكردووە دژی حكومەتی ئێران كە لە رووی جیۆپۆلەتیكیەوە بەرژەوەندییەكانی بەریەككەوتنیان تێدایە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و سعودیە و رژێمە تەقلیدییەكانی ناوچەكە.

ئەزموونی رابوردوو بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە تاران بەرگەی ئابڵوقەكان دەگرێت و وا بەئاسانی چۆك بۆ واشنتۆن دانادات بەتایبەت كە یەكێتی ئەوروپا بە گومانەوە سەیری سیاسەتەكانی ترەمپ دەكات و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەلایەن واشنتۆنەوە، بەدڵ نییە.

دۆناڵد ترەمپ كە لە روانگەی بازرگانییەوە دەڕوانێتە سیاسەت، یەك ئامانجی سەرەكیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە ئەویش دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمە سەربازی و كاڵا بازرگانییەكانی ئەمریكا و تاڵانكردنی سامانی نەوتی ناوچەكە. باشترین كەرەستەیش بۆ بەدیهێنانی ئەو دوو ئامانجە تۆقاندنی شێخنشینە سوننەكانە لە تاران.

لەسەر ئاستی ناوخۆیش پێویستیی بە پاڵپشتیی لۆبی جوولەكەیە كە تەنیا بەوە رازیی دەبێت كێشەی فەلەستین بكات بە بەشێك لە رابوردوو. 

روونكردنەوەی ئەو خاڵانەی سەرەوە پێویستن بۆ تێگەیشتن لە مەغزای كۆبوونەوەكەی پۆڵەندا كە بەسەرپەرشتیی ئەمریكایە و دەیان وڵات تێیدا بەشدارن لەژێر دروشمی (پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست).

چەند مانگێك لەمەوبەر واشنتۆن نەیدەشاردەوە كە كرۆكی كۆنگرەكە بۆ دژایەتیكردن و لەقاڵبدانی ئێران-ە، بەڵام دواتر كە هەستی بە ناڕەزایی توركیا و روسیا و چین و یەكێتی ئەورپا كرد ناچار بوو ئەو ئامانجە لەژێر ناونیشانی ئاسایش و ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بشارێتەوە، بەڵام رەوتی رووداوەكانی چەند رۆژی رابوردوو پێمان دەڵێت شاندەكەی ئەمریكا بە ئاشكرا لەو كۆنگرەیەدا بانگەوازی ئەوە دەكەن كە ئەمریكا زۆر مەبەستیەتی (گرێبەستی سەدە) بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەگەر وڵاتانی عەرەب پشتیوانیی لێ‌ بكەن ئەوا دژایەتیكردنی تاران دەچێتە ئاستێكی جدییترەوە، واتا كۆنگرەكەی پۆڵەندا لەڕاستیدا ئاڵوگۆڕە؛ عەرەب دەستبەرداری مەسەلەی فەلەستین ببێت ئینجا واشنتۆن ئێران لە قاڵببدات.

قبووڵكردنی ئەمە بۆ عەرەب كارێكی سەختە چونكە كێشەی فەلەستین لە نەستی دەستەجەمعی گەلانی عەرەبدا خاڵێكی هاوبەشە و هیچ رژێمێك ناتوانێت بە ئاشكرا دەستبەرداری ببێت، بۆیە پێشبینی ناكرێت كۆنگرەكەی وارشۆ هیچی لێ‌ سەوز ببێت و ئەم هەوڵەی واشنتۆن-یش دەچێتە ریزی سیاسەتە شكستخواردووەكانی تری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
 
 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە