دەربارەی خەلافەتی عوسمانی

بۆچوون / بیروڕا :: 13/02/2019

نووسینی: عەبدولغەنی سەلامە
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدن
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا 

زنجیرە تەلەفزیۆنیە توركییەكان كار بۆ جوانكردنی دەوڵەتی عوسمانی دەكەن، هەموو ساڵێكیش هەندێك حیزبی ئیسلامی و گشت بانگخوازانی گەڕانەوەی خەڵافەت یادی ساڵڕۆژی رووخانی ئەو خەلافەتە دەكەنەوە.
پاڵنەری زنجیرە تەلەفزیۆنیەكان و حیزبە ئیسلامیەكان ئەم خاڵانەی خوارەوەن:
1ـ گوایە دەوڵەتی عوسمانی بەرجەستەكردنێكی راستەقینەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامییە كە بە خەلافەتی راشدین دەستی پێكرد و ئینجا گوازرایەوە بۆ ئەمەویەكان و عەباسیەكان و فاتیمیەكان و مەمالیك و تا گەیشتە عوسمانیەكان.
2ـ دەوڵەتی عوسمانی بەهێز و پتەو بووە، دراوسێكان لێی ترساون و هەزار حسابیان بۆ كردووە.
3ـ یەكێتیی وڵاتانی ئیسلامیی پاراستووە و بەرگریی كردووە لە موسڵمانان لە ناو سنوور و دەرەوەی سنوورەكانیدا.
4ـ پاش رووخانی دەوڵەتی عوسمانی كارەساتەكانی پاشەكشە و هەرەسهێنانی جیهانی ئیسلامی بەدوای یەكدا دەستیان پێكرد تا گەیشتە ئەم ئاستە وێرانەی ئێستا.
ئەم قسانە تا چەند راستن لەبەردەم راستییەكانی مێژوودا؟ بۆ وەڵامدانەوەیان بە وردی و بابەتیانە وەرن پێكەوە شییانبكەینەوە بەبێ‌ دەمارگیری و لایەنبازی.
پێویستە خەلافەتی راشدە لەسەر كۆڵەكەكانی دادپەروەری و یەكسانی دامەزرابێت، خەلیفەیش بە راوێژ و بەیعەتكردن هەڵبژێردرێت..بەڵام دەوڵەتی عوسمانی و پێش ئەویش هەموو دەوڵەتەكانی ئەمەوی و عەباسی و ئەوانیتریش لەڕاستیدا پاشایی بوون، كوڕ لەدوای باوكی دەكرا بە خەلیفە و ئەم پرۆسەیەیش زۆرجار خوێناوی و لێوانلێو بووە لە پیلان و دەسیسە و غافڵكوژی.
دەسەڵاتی خەلیفە و دەستكەوتەكانی هیچ جیاواز نەبوون لەوانەی پاشا و ئیمپراتۆرەكان، خاوەنی كۆشك و تەلار و دەستوپێوەند و نۆكەر و كەنیزەك و كۆیلە بوون.
هەر بە سەردانیكردنی كۆشكی سوڵتانەكان لە ئەستانبوڵ مرۆڤ تێدەگات دەوڵەتی عوسمانی لە چ ناز و نیعمەتێكدا ژیاوە لەكاتێكدا كە میلـلەتە موسڵمانەكان بەدەست هەژاری و برسێتی و نەخۆشییەوە ناڵاندوویانە.
كەواتە: ئایا شێوە و ناوەرۆكی ئەو ئیمپراتۆریانە هیچ پەیوەندییەكیان هەیە بە خەلافەتی راشدین-ەوە؟ یاخود ئەو خەلافەتە بەكردەوە كۆتایی هات لەگەڵ كوژرانی ئیمامی عەلی-دا؟
نكۆڵی ناكریت كە دەوڵەتی عوسمانی (1299-1922) لە نیوەی یەكەمی تەمەنیدا تۆكمە و بەهێز بووە و دەوڵەتە گەروەكانی ئەو سەردەمە لێی ترساون چونكە بایەخی داوە بە سوپا و چەك و دروستكردنی قەڵا و ئەنجامدانی هەڵمەتی سەربازیی بەڵام زانست و رۆشنبیری و هونەر و ئەدەبی فەرامۆشكردووە. ئایا ئەمە پەیام و ئامانجی دەوڵەتە؟
ماوەی چوار سەدە عوسمانیەكان وڵاتانی عەربی و ناوچەكەیان حوكم كرد. لەو چوارسەد ساڵەدا ئەوروپا رێنیسانس و دۆزینەوە جوگرافیەكان و شۆڕشی پیشەسازیی بەخۆیەوە بینی. هونەر و داهێنان و دۆزینەوە زانستیەكان گەشەیان كرد. كەچی هەر لەو ماوەیەدا (سوڵتان بایەزیدی دووەم) فەرمانێكی دەركرد تیایدا چاپخانەی حەرام كرد و نەیهێشت ببرێتە ناو سنووری عوسمانییەوە، ئەم قەدەغەكردنە دووسەد ساڵ بەردەوام بوو.
چاپخانە بەردی بناغەی رێنیسانسی ئەورپا بوو بۆیە نەتەوە موسڵمانەكانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە قۆناغێكی متبوونی مێژوویدا و دابڕاو لە جیهان دەژیان و ئاگایان نەبوو لە گەشەكردن و بزووتنەوەی چالاكیی ئەو دەوڵەتانە، تا وایان لێهات بوون بە پەیكەرێكی بێگیانی دواكەوتوو لە كاروانی شارستانیی مرۆڤایەتی.
لە دووسەد ساڵی كۆتایی تەمەنیدا دەوڵەتی عوسمانی دەیناڵاند بەدەست لەتوپەتبوون و گەندەڵی و پەككەوتنەوە تا وای لێهات ناوی لێنراوە (پیاوە نەخۆشەكە) و دەوڵەتە گەورەكان چاوەڕوان بوون گیانبدات و میراتەكەی بخۆن.
لەم قۆناغەدا ئیمپریالیزم چنگی گیركرد لە جەمسەرەكان و ناوجەرگەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و توانی جەزائیر و مەغریب و میسر و یەمەن و كەنداو داگیر بكات و دەوڵەتی عوسمانی نەیتوانی بەرگرییان لێ‌ بكات.
هەندێك كەس پێیانوایە سوڵتان عەبدولحەمید رێگرێكی گەورە بووە لەبەردەم هەڕەشە و تەماعەكانی زایۆنیزمدا و رازیی نەبووە سازش بكات لەسەر بستێكی فەلەستین، كەچی لەڕاستیدا سەردەمی عەبدولحەمید لووتكەی چالاكییەكانی دامەزراندنی بزووتنەوەی زایۆنیزمی بەخۆیەوەبینی. 
لەو ماوەیەدا ژمارەی جوولەكە سێ‌ هێندەی جاران بەرزبووەوە و ئۆردووگا جوولەكەنشینەكان لە 33 ئۆردووگاوە گەیشتە 68 ئۆردووگای كشتوكاڵی و بازرگانی لە ساڵی 1908دا. سەرمایەگوزارییەكانی جوولەكەیش لە فەلەستین-دا درێژەیان كێشا، هەر لەو ماوانەدا جوولەكە بوونە خاوەنی 400 هەزار دۆنم زەوی. ئەم ژمارە و دەستكەوتانە زۆر بایەخداربوون بۆ پرۆژەی زایۆنیزم و بناغە مادییەكانی ئەو پرۆژەیەی دەستەبەركرد. بێگومان سوڵتان عەبدولحەمید ئاگاداری هەموو وردەكارییەكان بووە و زانیویەتی زایۆنیزم نەخشە بۆچی دەكێشێت و لەهەمانكاتدا بزووتنەوەكە لاواز و سەرەتایی بووە، ئەمانەیش هەموویان نیشانەی ئەوەن ئاسانكاریی كراوە بۆ كۆچی جوولەكە و چاوپۆشین لە دروستكردنی ئۆردووگا و پرۆژەكانی تری بەجوولەكەكردن.
سوڵتان عەبدولحەمید لە هەڵوێستە فەرمییەكانیدا جەختی دەكردەوە لەسەر سازشنەكردن لە مەسەلەی فەلەستینیدا بەڵام بەكردەوە شتێكی تر بوو و ئەنجامەكانیش پێچەوانە بوون.
مێژوو پێمان دەڵێت زنجیرەی پاشەكشە و هەرەسهێنان لە جیهانی ئیسلامیدا بەكردەوە لە سەدەی نۆزدەیەمینی زایینیدا دەستی پێكرد. واتا زۆر پێش عوسمانییەكان، كاتێك قوتابخانەی سەلەفی سەركەوت بەسەر فەیلەسوف و بیرمەند و زاناكاندا. لەوكاتەوە جیهانی ئیسلامی لە پاشەكشە و داڕزانێكی بەردەوامدایە بە جۆرێك كە بە هیچ شێوەیەك بەشداریی نەماوە لە شارستانیی مرۆڤایەتیدا.
لەوكاتەوە و تاماوەیەكی دوور و درێژ جیهانی ئیسلامی خەلافەتێكی یەكگرتووی نەبووە، دەوڵەتی عەباسی لە بەغدا و فاتیمی لە قاهیرە و ئەمەوی لە ئەندەلوس بوون. لە جەمسەرەكانیشدا دەوڵەتۆچكە و كۆمەڵەی دژبەیەك دەركەوتن. پاشان فەرەنگەكان هاتن و ماوەی 200 ساڵ چەند بەشێكی فراوانیان لە وڵاتی شام داگیركرد. نە دەوڵەتی ئەندەلوس و نە دەوڵەتی عەباسی هیچ جووڵەیەكیان نەكرد بۆ بەرگریكردن لەو ناوچە داگیركراوانە. هەروەها دەوڵەتی عوسمانییش هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ رێگریكردن لە رووخانی ئەندەلوس...كاتێكیش تەتەرەكان شاڵاویان هێنا بۆ ناوچەكە، (قتز) لە ناوچەی (عێن جالوت) شكستی پێهێنان، كەچی لە گەڕانەوەیدا لەو جەنگە سەركەوتووە سوڵتان (بیبرز) كوشتی.
بیرۆكەی ئەوەی موسڵمانەكان دەوڵەتێكی یەكگرتووی بەهێزی پێشكەوتووی هەبێت و خاوەنی یەك سەركردەی دادپەروەر و پاك بێت، بیرۆكەیەكی خەیاڵییە...هەموو خەونی پێوەدەبینن....
لەكاتێكدا كە دەیان زانا و بیرمەندی ئیسلامی و چەندین حیزبی ئیسلامی پێیان وانییە دامەزراندنی خەلافەت ئەركێكی شەرعی بێت، بەتایبەت كە مێژوو سەلماندی ئەم بیرۆكەیە سەركەوتوو نییە. لەدوای خەلافەتی راشدین هیچ خەلافەتێكی راستەقینەی ئیسلامی دروست نەبووە، بەڵكو چەند ئیمپراتۆریەتێك دروست بوون كە بە رواڵەت بەناوی ئایینەوە حوكمیان كردووە بەڵام لە جەوهەر و ناوەرۆكدا زۆر لە ئایینەوە دوور بوون. بریتی بوون لە ئەزموونی مێژوویی مرۆڤ و لایەنی چاكە و لایەنی خراپەیان هەبووە.
لەم سەردەمەیشدا ئێمە پێویستمان بە دەوڵەتێكی هاوچەرخ هەیە كە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخە تازەكاندا.
ئەگەر نەتوانین پەند لە مێژوو وەربگرین، دەبا لانیكەم لە ئێستا تێبگەین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure