ئابوریى ئه‌مڕۆ

بۆچوون / بیروڕا :: 12/02/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابع
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

ئه‌مڕۆ ئابوریى جیهانیى كه‌وتووه‌ته‌ نێوان دوو به‌رداشه‌وه‌. یه‌كێكیان سروشتى خودى ئابورییه‌كه‌یه‌ كه‌ كیشوه‌ربڕه‌ و سنووره‌كان ناناسێ له‌ ئاكامى زۆربوونى كاڵاى ته‌كنه‌لۆجیاى به‌رفراوان و بازرگانیى ئه‌لیكترۆنیى سنووربڕ و گومرگبڕ و تێپه‌ڕێنه‌رى سیستمه‌كانى باج و خه‌راج. دووه‌میشیان بریتییه‌ له‌ سیاسه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كانى هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت بۆ پاراستنى ئابورییه‌ نیشتمانییه‌كانیان.  دیاره‌ ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ى ئاره‌زووه‌كانى سیستمى سه‌رمایه‌داریى باڵاده‌ست و باوه‌ كه‌ ئازادى و ده‌ستیكراوه‌ی پێخۆشتره‌.

ئه‌م دوو هێزه‌ دژ به‌یه‌كه‌، ئابورى به‌ره‌و نادیار په‌لكێش ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى هاواى لێ هه‌ستاوه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ى حكومه‌ته‌كاندا به‌ ئاشكرا هۆشداریى دا له‌ ئاكامه‌كانى ئه‌م دۆخه‌.

گومانى تێدا نییه‌ كه‌ سروشتى قازانج ئه‌مڕۆ له‌ جاران ئاسانتره‌ و زیاتر وابه‌سته‌یه‌ به‌ تاكه‌وه‌،  به‌ڵام ترسى گه‌وره‌ له‌و ئابورییه‌ بچووكانه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى سه‌ركه‌وتنى پۆپۆلیست و سیاسییه‌ سه‌ركێشه‌كانه‌وه‌ له‌ جیهاندا ده‌بێ باجى گه‌وره‌ بده‌ن. هه‌ندێك له‌و ئابورییانه‌ هێشتا له‌ قۆناغى گه‌شه‌كردندان و هه‌ندێكى تریشیان تا بینه‌قاقایان نوقم بووه‌ له‌ زه‌لكاوى به‌رخۆیدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure