حیزبوڵا بۆ مانه‌وه‌ له‌ ڤه‌نزوێلایه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 6 رۆژ پێش ئێستا

سەرچاوە: فۆرێن پۆلیسی
نووسینی: كۆڵن پ. كلارك
وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵا

مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وه‌ڵامدا بۆ پرسیارێك له‌باره‌ی نائارامییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ڤه‌نزوێلا و بوونی گروپی تیرۆریستی له‌ ناوچه‌كه‌دا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ بڕوای وایه‌ حیزبوڵا شانه‌ی چالاكی له‌ ڤه‌نزوێلا هه‌یه‌. ناوبراو وتیشی "ئێرانییه‌كان كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌لی ڤه‌نزوێلا" چونكه‌ حیزبوڵا له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ راهێنان و دارایی و كه‌ره‌سه‌ی پێ ده‌درێت.
هه‌ندێك شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌منی به‌و لێدوانانه‌ی پۆمپیۆ تووشی سه‌رسوڕمان بوون به‌ڵام پێویست به‌ سه‌رسوڕمان ناكات. ساڵانێكی زۆره‌ حیزبوڵا له‌ ئه‌مریكای لاتین بوونی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ به‌دناوه‌كه‌ی سێ سنووره‌كه‌، كه‌ ناوچه‌یه‌كی نیمچه‌ پاشاگه‌ردانه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ئه‌رجه‌نتین و پاراگوای و برازیله‌وه‌. به‌ڵام له‌ودیو ئه‌م ناوچه‌ی سێ سنووره‌شه‌وه‌ حیزبوڵا به‌باشی جێگه‌ی خۆی له‌ ڤه‌نزوێلا كردۆته‌وه‌ كه‌ تیایدا گروپه‌ تیرۆریسته‌ شیعه‌كان ساڵانێكی زۆره‌ هه‌وڵیان داوه‌ ژێرخانێكی زه‌به‌لاح بۆ كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌كانیان وه‌ك بازرگانیكردن به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر، سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و قاچاخچێتیی نایاسایی دروست بكه‌ن. بۆ نمونه‌، دوورگه‌ی مارگارێتا كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌رامبه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ڤه‌نزوێلا یه‌كێكه‌ له‌ پێگه‌ ناسراوه‌كانی تاوانكاره‌كان كه‌ ئه‌ندامانی حیزبوڵا ناوچه‌ی ئارامی خۆیان تێدا دروست كردووه‌. له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانیی هۆگۆ چافێزی سه‌رۆكی پێشووی ڤه‌نزوێلادا حكومه‌ت رێكارێكی چالاكانه‌تری ده‌گرته‌ به‌ر بۆ هاوكاریكردنی پشتیوانه‌كانی حیزبوڵا له‌ ڤه‌نزوێلا.
به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م نائارامییه‌ی ئێستای ڤه‌نزوێلا، كارێكی ره‌وایه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ كه‌ له‌ حكومه‌تی ئۆپۆزیسیۆن به‌ سه‌ركردایه‌تیی خوان گوایدۆدا كه‌ به‌مدواییه‌ وه‌ك سه‌رۆكی شه‌رعیی وڵات له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و دوانزه‌ وڵاتی تر له‌وانه‌ش وڵاته‌ به‌هێزه‌كانی وه‌ك فه‌ره‌نسا و شانشینی یه‌كگرتوو و ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیاوه‌ دانی پێدا نراوه‌، چی به‌سه‌ر حیزبوڵادا دێت. حكومه‌تێك كه‌ له‌لایه‌ن گوایدۆوه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت به‌ دڵنیاییه‌كی زۆره‌وه‌ چالاكتر رووبه‌ڕووی بوونی حیزبوڵا له‌سه‌ر خاكی ڤه‌نزوێلا ده‌بێته‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا به‌ ناو به‌ڵكو به‌ توندی هه‌وڵ ده‌دات تۆڕه‌ تاوانكارییه‌كانی گروپه‌كه‌ ورد و خاش بكات و به‌وه‌ش كاریگه‌ریی ئێران كه‌م بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها واشنتۆنیش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پشتیوانییه‌ی كه‌ بۆ حكومه‌تی نوێ ده‌یكات ره‌نگه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ له‌ گوایدۆ بكات كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌موو چالاكییه‌كی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ر ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام بدات.
به‌ڵام ویست و توانا دوو شتی جیاوازن. و هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی گوایدۆ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ویستێكی به‌هێزی سیاسی بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی حیزبوڵا و ئێران نیشان بدات - به‌لای كه‌مه‌وه‌ بۆ رازیكردنی ئیداره‌ی تره‌مپ - به‌ڵام وڵاتی ڤه‌نزوێلا رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دییه‌كی زه‌به‌لاح بووه‌ته‌وه‌ بۆ بنیاد نانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ پارچه‌ پارچه‌كه‌ی. به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی حیزبوڵا ره‌نگه‌ له‌ ریزی خواره‌وه‌ی ئه‌ركه‌ له‌پێشینه‌كانی گوایدۆ و ئیداره‌كه‌ی بێت.
سروشته‌ نادڵنیاكه‌ی ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی ڤه‌نزوێلا ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاراكاس كارێكی سه‌خته‌. ڤه‌نزوێلا له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ رووسیادا هه‌بووه‌ و هێشتا نازانرێت چ رێژه‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ وه‌فاداری بۆ مادورۆ ده‌مێننه‌وه‌. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رابردوودا ئه‌زموونێكی زۆر سه‌ركه‌وتووی (پلانی كۆڵۆمبیا)ی هه‌بوو كه‌ هه‌وڵێكی چه‌ند ساڵه‌ و چه‌ند ملیار دۆلاری بوو بۆ دروستكردنی هاریكاریی ئه‌منی له‌گه‌ڵ كۆڵۆمبیا و دروستكردنی توانای هێزه‌كانی سه‌پاندنی یاسا و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانیدا. به‌ڵام دووباره‌ كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی پلانی كۆڵۆمبیا كه‌ یارمه‌تی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كۆڵۆمبیای دا به‌سه‌ر گروپی (هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌ چه‌كداره‌كانی كۆڵۆمبیا)دا زاڵ ببن، له‌ ناوچه‌كانی تردا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ مه‌كسیك كه‌ تیایدا (ده‌ستپێشخه‌ریی مێریدا) كه‌ رێكه‌وتنێك بوو له‌باره‌ی هاریكاریی ئه‌منییه‌وه‌ له‌نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و مه‌كسیكدا له‌ دژی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا نه‌یتوانی له‌و وڵاته‌دا سه‌ركه‌وتوانه‌ رووبه‌ڕووی قاچاخچێتیی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و تۆڕه‌كانی تاوانی رێكخراو ببێته‌وه‌.
سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌ دوو ساڵی یه‌كه‌می ئیداره‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی نیشان داوه‌ كه‌ حه‌ز ده‌كات ده‌ستوه‌ردانه‌ پڕ تێچووه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وڵاتانی دیكه‌دا نه‌هێڵێت. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و چه‌ند هۆكاره‌ی كه‌ بۆچی (پلانی ڤه‌نزوێلا)یه‌ك كه‌ ئامانجی یارمه‌تیدان بێت بۆ دروستكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ هه‌ستیاره‌كانی حكومه‌ت، ره‌نگه‌ به‌دی نه‌یه‌ت. ستراتیجێكی له‌مجۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت پێویستی به‌ پابه‌ندییه‌كی چه‌ند ساڵه‌ی راهێنه‌رانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ (هێزی سه‌ربازی، به‌ڵێنده‌ر، یاخود تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ هه‌ردووكیان) بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ڤه‌نزوێلا بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ تایبه‌ته‌ی له‌ حیزبوڵاوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ گروپێكه‌ تیرۆر و كرده‌وه‌ی تاوانكارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت. ته‌حه‌دییه‌كی تر توانا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڤه‌نزوێلایه‌ كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆر له‌ خوار توانای ئه‌و كاته‌ی كارمه‌ندانی كۆڵۆمبیاوه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار هێزه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 2000ه‌كان راهێنانیان پێ كردن.
هه‌روه‌ها بابه‌تی ئێرانیش هه‌یه‌. حیزبوڵا له‌لایه‌ن رژێمی تارانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت و به‌پێی هه‌ندێك خه‌مڵاندن ساڵانه‌ زیاتر له‌ 700 ملیۆن دۆلاری پێ ده‌درێت و بڕه‌كه‌ له‌ زیادبوونیشدایه‌. ڤه‌نزوێلا وه‌كو خاڵی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ئێران بۆ ناو ئه‌مریكای لاتین وه‌هایه‌ و ئه‌مه‌ش جێ پێیه‌كه‌ كه‌ ئێرانییه‌كان به‌بێ شه‌ڕ ئاماده‌ نین ده‌ستبه‌رداری ببن. جگه‌ له‌وه‌ش، رووسیا بایه‌خێكی كۆنی له‌ هێشتنه‌وه‌ی نیكۆلاس مادورۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلادا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ درێژخایه‌نه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو وڵاته‌كه‌ هه‌یانبووه‌. مۆسكۆ به‌مدواییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیدا له‌ ڤه‌نزوێلا هۆشداریی داوه‌ته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها، دوای ئه‌و هاریكارییه‌ نزیكه‌ی نێوانیان له‌ سوریا، ئێستا حیزبوڵا ژماره‌یه‌كی ناسراوه‌ له‌لای كرملین و ده‌شێت سه‌رۆك ڤلادیمیر پوتین حیزبوڵا وه‌ك بریكارێك ته‌ماشا بكات كه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ به‌رنامه‌كانی رووسیا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر نیوه‌گۆی خۆرئاوا تێك نادات.
ئه‌گه‌ر رژێمه‌كه‌ی مادورۆ دواجار له‌ ده‌سه‌ڵات دوور بخرێته‌وه‌، ئه‌وا ره‌نگه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر حیزبوڵا له‌ ڤه‌نزوێلا دروست ببێت. هه‌رچۆنێك بێت، لق و پۆپه‌كانی گروپه‌كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ پێگه‌ به‌رزه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ ئێستا - تارق ئه‌لعاسمی كه‌ وه‌زیری پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی نیشتمانییه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ و له‌ژێر یاسای دژی ماده‌ی هۆشبه‌ردا ده‌ستنیشان كراوه‌ و ده‌وترێت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ حیزبوڵادا هه‌یه‌. 
دواجار، حیزبوڵا ره‌گێكی قووڵی له‌ ڤه‌نزوێلادا هه‌یه‌ و ده‌ركردنی ته‌واوه‌تیی گروپه‌كه‌ له‌و وڵاته‌ چه‌ند خواستی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپی له‌سه‌ر بێت، كارێكی ئه‌سته‌مه‌. باشترین سیناریۆ بۆ واشنتۆن ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئیداره‌ی گوایدۆ بێته‌ سه‌ر حوكم كه‌ ئاماده‌ بێت دژی كاریگه‌ریی حیزبوڵا بوه‌ستێته‌وه‌ - ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ ئاماده‌ بێت بوونی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌دا قبوڵ بكات بۆ ده‌ستپێكردن به‌ راهێنانی هێزه‌كانی ڤه‌نزوێلا له‌سه‌ر ئه‌و شاره‌زاییانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆر و تۆڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تاوانی رێكخراو و په‌یوه‌ندیدار به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ڤه‌نزوێلاوه‌. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان یه‌كه‌مجار ئه‌م پێشنیاره‌ بخاته‌ روو. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure