ترەمپ ئەمیرێكی تازەی بڕواداران!!

بۆچوون / بیروڕا :: 5 رۆژ پێش ئێستا

سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدن
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەجۆرێك قسەی بۆ گەلی ئەمریكا كرد وەك ئەوەی دەوڵەتێك بێت بۆ ئیمان و ئامادەیە خۆی وەكو ئەمیری بڕواداری پرۆتستانتەكانی جیهان بناسێنێت.

بەبڕواتی من ترەمپ كۆپییەكی ئەمریكیی سەرۆك سادات-ە كە پێیخۆش بوو بڕیارەكانی ببنە مایەی سەرسامی و ئەبڵەقبوونی خەڵكەكە.

ترەمپ لە وتارەكەی دوێنێیدا باسی دەوڵەتی بڕوادارانی كرد، ئەمە وتارەكانی ساداتی بیرخستمەوە دەربارەی دەوڵەتی (زانست و باوەڕ) و دەوڵەتی (ئاكارەكانی گوند). هەروەها ئەو قسەیەی كە دووبارەی دەكردەوە: (من سەرۆكێكی موسڵمانی وڵاتێكی موسڵمانم). پاشان چەند بڕگەیەكی دەستوری هەمواركردەوە و سەرەنجام ئاوەڵزاواكەی خۆی راسپارد كە داوا لە پەرلەمانی میسر بكات راپرسییەك ئەنجام بدات تیایدا سادات بكرێتە (شەشەم خەلیفەی راشدین). بەڵام رووداوەكانی ئەو كاتە و سەرقاڵبوونی سادات بە دامەزراندنی حیزبی نیشتمانی و پاشان رێككەوتننامەی كامپ-دەیڤید و دواتریش تیرۆركردنی سادات لە مانگی تشرینی یەكەمی 1981 دا نەیانهێشت پێشنیارەكە كارا بكرێت.

بەبڕوای من مەسەلەكە تەواو لە دەرەوەی باوەڕە ئاینییەكەدایە و سەرەتا و كۆتاییەكەی هەمیشە پەیوەستە بە یاریكردن لەسەر مەیلە ئایینیەكان و بەكارهێنانی ئەو مەیلە بۆ خوڵقاندنی رەوتی پۆپۆلیستی لەناو توندڕەوە ئاینییەكاندا، هەروەها لەناو ئەو كەسە ساویلكانەدا كە دوای هەموو رەوتێكی پۆپۆلیستی دەكەون. مەبەستیش تەنیا رووپۆشكردنی پرۆژە سیاسیەكانە بە رەوابوونێكی ئەخلاقی كە ئەمە زۆرجار ستەمكارەكانی وڵاتانی خۆرهەڵات بەكاریدەهێنن.

كاتی خۆی رۆناڵد رێگان-یش لە چوارچێوەی پرۆژە ئیمپریالیستیەكەی خۆیدا، لە هەشتاكانی سەدەی رابوردوو، یەكێتی سۆڤیەتی ناو نا ئیمپراتۆری خراپەكاری، هاوتەریبیش لە وتارەكانیدا باسی بوژانەوەی بەها مەسیحییەكانی دەكرد لەناو كۆمەڵگەی ئەمریكیدا و بووبووە پشتیوانی ئسوڵگەرا مەسیحییەكان، لەهەمانكاتیشدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەكێتی سۆڤیەت پشتیوانیی دەكرد لە ئسوڵگەرا ئیسلامیەكان لە سەردەمێكدا كە ئاگری شەڕی ئەفغانستان كڵپەی سەندبوو و یەكێتی سۆڤیەت دەستیوەردابووە كاروباری ئەفغانستانەوە. ئەم پشتیوانییەیش رۆڵێكی گەورەی بینی لە داچۆڕاندنی توانا سەربازی و ئابورییەكانی یەكێتی سۆڤیەت، دواتریش وەك ئەو چڵە پووشەی كە پشتی حوشتر دەشكێنێت، هەرەسی بە یەكێتی سۆڤیەت هێنا.

نە ترەمپ و نە سادات و نە رۆناڵد رێگان و تەنانەت نە ئەڵمانییەكانیش كە فەیلەقی گەلانی ئیسلامییان لەناو سوپای نازیدا دامەزراند هیچیان شتێكی تازەیان دانەهێناوە. ئەمە میراتێكی كۆنی درێژ و بەردەوامە و رێك كردەوەی گەڕیدە ئەورپییەكانمان بیردەخاتەوە كە زوربەیان هاوكار و ئەندامی هەواڵگریی بریتانیا بوون، كاتێك لە راپۆرتەكانیاندا بۆ گەلانی ئەوروپا باسیان لە محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب دەكرد لە دوورگەی عەرەبی و ئەویان بە سەركردەی شۆڕشێكی تازەی چاكسازیی دینی دەچواند هاوشێوەی دەركەوتنی پرۆتستانتی لە ئەورپادا و دەیانگوت عەبدولوەهاب مارتن لۆسەر-ی عەرەبە و پێویستە پشتیوانیی بكرێت و یارمەتیی بزووتنەوەكەی بدرێت چونكە ئەوە ئەركێكی ئەخلاقیی سەرشانی گەلانی ئەوروپا و گەلانی ئازاد-ی جیهانە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure