سروشتى دیكتاتۆرى

بۆچوون / بیروڕا :: 09/02/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

دیكتاتۆرى له‌ جیهاندا (یه‌ك) سروشتى هه‌یه‌. دیكتاتۆر ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌تاڵى ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئه‌قڵ و هۆش و رۆح. ئه‌و پێویستیى به‌ خه‌ڵك نییه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ حوكمیان بكات. هه‌میشه‌ هه‌ست ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ناتوانێ به‌بێ پاسه‌وان بسووڕێته‌وه‌. به‌ڵام گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر خۆى و كۆمه‌ڵگه‌ ته‌نیا خۆیه‌تى.

سه‌ركوتگه‌ریى وه‌ك دینێكى نوێ وایه‌، توێژاڵێكه‌ له‌سه‌ر دینه‌ كۆنه‌كه‌. دینه‌ كۆنه‌كه‌ كه‌ڵبه‌ى ترسناكتر و چنگى تیژترى هه‌یه‌، ئه‌م له‌ چاویدا منداڵێكى بێ توانایه‌، بۆیه‌ سه‌ره‌نجام دینه‌ كۆنه‌كه‌ دینه‌ تازه‌كه‌ قووت ده‌دات یان كۆنترۆڵى ده‌كات. سه‌ره‌نجام دیكتاتۆرى ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ به‌كرێگیراوى دینه‌ كۆنه‌كه‌. كڕنووش ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌روو مرۆڤه‌وه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ستى مرۆڤایه‌تیى نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆر ئاساییه‌ ببێته‌ هاوپه‌یمانى ئه‌وانه‌ى سووكایه‌تى به‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن.

دیكتاتۆرى هه‌میشه‌ دڵخۆشه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ى به‌تاڵ، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ هیچ كه‌س تێیدا پرسیار نه‌كات و پرسیارى لێ نه‌كرێت. لێره‌وه‌ ئیتر ئه‌ركى سه‌ركوتگه‌رییه‌كه‌ له‌ دیكتاتۆره‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌. خه‌ڵك ده‌گه‌نه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ غه‌ریزه‌ى ئاساییش و سه‌قامگیرى له‌ غه‌ریزه‌ى ئازادیى به‌هێزتره‌. ئازادیى مرۆڤ ده‌كات به‌ دڕنده‌ى پیاوكوژ. بۆیه‌ پێویسته‌ دۆخه‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، به‌ هێزى سه‌ربازى (مادى) و به‌هێزى مه‌عنه‌وى (دین). دین و دیكتاتۆرى ده‌بنه‌ هاوپه‌یمان، ئه‌گه‌ر شه‌ڕى ناوخۆیش له‌ نێوانیاندا رووبدات، شه‌ڕه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ك له‌سه‌ر سروشتى ده‌سه‌ڵات.

دیكتاتۆر وه‌كو داگیركه‌ر ناكات خه‌ڵكه‌كه‌ بكاته‌ كۆیله‌ و بیانفرۆشێ، به‌ڵكو ده‌یانكاته‌ كۆیله‌ لاى خۆى. زۆر جار سه‌روماڵیان داگیرده‌كات. سوپا ده‌بێته‌ هێزێكى به‌كرێگیراو پاش ئه‌وه‌ى هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كى به‌ ده‌سته‌وه‌ نامێنێت بۆ جه‌نگ. دیكتاتۆر سوپایه‌كى هاوته‌ریب دروست ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆى نه‌ك نیشتمانه‌كه‌ى و ناوى ده‌نێت (پاسه‌وانى كۆمارى-حه‌ره‌س جمهورى). كه‌سوكار و ده‌ست و پێوه‌ند و هاوڕێ نزیكه‌كان ده‌بنه‌ په‌راوێزى ئه‌م پاسه‌وانه‌ كۆمارییه‌ و پاشان هه‌ر ئه‌مان ده‌بنه‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌ى وه‌به‌رهێنان. حاڵ ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ ناچار ده‌بن هه‌م بیروبۆچوونه‌كانیان بشارنه‌وه‌، هه‌م ماڵ و موڵك و داراییان.

وێرانكردنى هزر هاوته‌ریب ده‌بێت له‌گه‌ڵ وێرانكردنى به‌رهه‌مهێناندا. دیاره‌ مرۆڤ ئه‌گه‌ر ئه‌قڵى لێ بسه‌ندرێته‌وه‌ ناتوانى بیربكاته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر داراییه‌كه‌یشى داگیربكرێ یان مووچه‌كه‌ى كه‌م بكرێته‌وه‌ به‌رهه‌مى نابێ. نوخبه‌ رۆشنبیر و ئابوورییه‌كه‌ هه‌ڵدێت. ژماره‌ى مزگه‌وته‌كان له‌ سه‌رده‌مى دیكاتۆریدا زۆر زیاتر ده‌بن له‌ ژماره‌یان له‌ سه‌رده‌مه‌كانى تردا.

به‌ردى بناغه‌ى دیكتاتۆرى بریتییه‌ له‌ حه‌ڵاڵكردن. حه‌ڵاڵكردنى سامان و ناموس و ئه‌قڵ و هۆشیاریى خه‌ڵك. خۆى ده‌كاته‌ سیمبوولى مه‌سه‌له‌كه‌یان و به‌ رواڵه‌ت وا نیشان ده‌دات خه‌بات ده‌كات بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ هیچ ناكات.

سه‌ركوتگه‌ریى واتا درۆ له‌گه‌ڵ یه‌كداكردنى میلـله‌ت و دیكتاتۆر. ئه‌و وا خۆى نیشان ده‌دات كه‌ خزمه‌تیان ده‌كات و ئه‌وانیش وا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ باوه‌ڕیان كردووه‌. ئیتر شتێك نامێنێت ناوى سیاسه‌ت بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە