بۆچى جگه‌ره‌ ناكێشیت؟

بۆچوون / بیروڕا :: 07/02/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لئه‌هرام
وه‌رگێڕان: دواڕۆژ


جگه‌ره‌ و مه‌زاج په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌ویان هه‌یه‌. خواردنه‌وه‌ى قاوه‌ له‌گه‌ڵ جگه‌ره‌دا به‌لاى هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ چێژێكى تایبه‌تى هه‌یه‌، هه‌روه‌ها نووسین به‌ده‌م جگه‌ره‌كێشانه‌وه‌، یان ته‌له‌فونكردن به‌ ده‌ستێك و به‌ ده‌سته‌كه‌ى تریش جگه‌ره‌یه‌كى داگیرساوى پێوه‌بێت.  ئه‌مانه‌ هه‌موویان و زۆر هۆكارى تر كه‌ پاڵنه‌رى جگه‌ره‌كێشانن، مه‌زاجین.

ئێستا له‌گه‌ڵ خۆتدا راستگۆبه‌ و وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ره‌وه‌: بۆچى جگه‌ره‌ناكێشم؟ زنجیره‌یه‌ك هۆكار ده‌بینیت ده‌رباره‌ى پاكوته‌میزیت و بۆنى جگه‌ره‌ له‌هه‌ناسه‌ته‌وه‌ و كاریگه‌ریى دووكه‌ڵه‌كه‌ى له‌سه‌ر منداڵه‌كانت و له‌ هه‌موویشى گرنگتر ته‌ندروستیى خۆت.

ئێستا له‌ جیهاندا هیچ شتێك نییه‌ هێنده‌ى جگه‌ره‌كێشان زیان به‌ ته‌ندروستى بگه‌یه‌نێت، له‌ ته‌وقى سه‌ره‌وه‌ هه‌تا ئه‌نگوستى پێ، تا ئه‌و راده‌یه‌ى ده‌توانین بڵێین جگه‌ره‌كێشان خراپترین داهێنانى مرۆڤه‌. شێرپه‌نجه‌ جۆراوجۆره‌كان و له‌ سه‌رووى هه‌موویشیانه‌وه‌ شێرپه‌نجه‌ى سى هۆكاره‌كه‌ى جگه‌ره‌كێشانه‌. كاتێك ده‌چیته‌ لاى پزیشك یه‌كه‌م پرسیار كه‌ لێت ده‌پرسێت ده‌ڵێت: جكه‌ره‌كێشیت؟ ئه‌گه‌ر وتت به‌ڵێ ئه‌وا پزیشكه‌كه‌ نیوه‌ى هۆكارى نه‌خۆشیه‌كه‌تى بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، ئیتر ئه‌و نه‌خۆشیه‌ شه‌كره‌ بێت یان گوشارى خوێن یاخود نه‌خۆشیى دڵ یان گورچیله‌ یاخود شێرپه‌نجه‌ و ..هتد.

بۆیه‌ ئێستا ئیتر پێویسته‌ له‌نێوان مه‌زاج و ته‌ندروستیتدا، له‌ نێوان چێژ و سه‌لامه‌تیتدا، بڕیار بده‌یت كه‌ ئایا جگه‌ره‌ ده‌كێشیت بۆ ئه‌وه‌ى مێشكت ساف بێت كه‌ ئه‌گه‌ر وازى لێ بهێنیت پاش چه‌ند رۆژێك له‌ ته‌رككردنى جگه‌ره‌ ساف ده‌بێته‌وه‌، یاخود بڕیار ده‌ده‌یت جگه‌ره‌ ته‌رك بكه‌یت و به‌رگه‌ى بێتاقه‌تى و ناڕه‌حه‌تییه‌كى كاتى بگریت له‌ پێناو پاراستنى ته‌ندروستیتدا.

ئه‌گه‌ر بته‌وێت لیستێك ئاماده‌ بكه‌یت به‌ ناوى ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ى كه‌ له‌ جگه‌ره‌كێشانه‌وه‌ تووش ده‌بیت، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت لاپه‌ڕه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت و هێشتا تۆ ناوى هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانت نه‌نووسیوه‌. ئایا ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ت له‌ جگه‌ره‌كێشان؟ به‌ڵێ هۆكاره‌كان زۆر زۆرن بۆ ته‌رككردنى جگه‌ره‌: ته‌ندروستیت، ماڵ و منداڵه‌كه‌ت، پاره‌كه‌ت، بۆنى ده‌م و هه‌ناسه‌ت، ره‌نگى زه‌ردى ددانه‌كانت.... ئایا ئه‌مانه‌ وات لێناكه‌ن بێزت له‌ جگه‌ره‌ بێته‌وه‌؟ بڕیاره‌كه‌ بڕیارى خۆته‌ و دوو رێگه‌ت له‌به‌رده‌مدایه‌: رێگه‌ى سه‌لامه‌تى و رێگه‌ى په‌شیمانى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure