رۆشنبیران له‌ كوێن؟

بۆچوون / بیروڕا :: 02/02/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لئه‌هرام
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا


زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ پرسیارێكى گه‌وره‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ كاتێك كه‌ حیزب و بزووتنه‌وه‌ پۆپۆلیستى و نه‌ته‌وه‌ییه‌ توندڕه‌وه‌كان هێزیان په‌یداكرد و بڵاوبوونه‌وه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچى رۆڵى رۆشنبیرانى ئه‌وروپا له‌م قۆناغه‌دا بوونى نییه‌، قۆناغێك كه‌ تێیدا خه‌ریكه‌ هزر و به‌ها رۆشنگه‌رى و پێشكه‌وتوخوازه‌كانى باووباپیرانیان رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌؟. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌ڵامێكى زۆر بچووكى بۆ هاته‌وه‌.

پرسیاره‌كه‌ گه‌وره‌یه‌ چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ نه‌ك ته‌نیا به‌ چاره‌نووسى ئه‌وروپاوه‌ به‌ڵكو به‌ چاره‌نووسى جیهانه‌وه‌. سه‌ركه‌وتنى نه‌ته‌وه‌ییه‌ توندڕه‌وه‌كان و پۆپۆلیسته‌كان له‌ ئه‌ورپادا حاڵه‌تێك دروست ده‌كات میلـله‌ته‌كان رقیان له‌ یه‌كترى بێت و ئه‌مه‌ش ره‌نگ ئه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر وڵاتانى تر، به‌تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانى ئیسلامیدا به‌گشتى، چونكه‌ به‌شى زۆرى ئه‌و رق و كینه‌یه‌ ئاراسته‌ى كۆچبه‌رانى ئه‌و وڵاتانه‌ و كلتوور و داب و نه‌ریته‌كانیان كراوه‌.

وه‌ڵامه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ زۆر زۆر لاواز بوو، هه‌م له‌ ناوه‌رۆكدا و هه‌م له‌ رووى سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه‌. چونكه‌ خۆى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بینییه‌وه‌ كه‌ له‌ بیست و یه‌ك ده‌وڵه‌تى ئه‌وروپیدا ته‌نیا (30) رۆشنبیر ئیمزایان كردووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تییش به‌رگریى ده‌كات له‌ بیرۆكه‌ى ئه‌وروپى. ئه‌م ژماره‌یه‌ زۆر بچووكه‌ له‌ كیشوه‌رێكدا كه‌ به‌شدارییان كردووه‌ له‌ رۆشنكردنه‌وه‌ى جیهاندا له‌ قۆناغه‌ سه‌خته‌كه‌ى گواستنه‌وه‌ له‌ چاخه‌كانى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى هاوچه‌رخ.

له‌گه‌ڵ رێزى زۆر بۆ تێكڕاى ئه‌و (30) رۆشنبیره‌ به‌ڵام ته‌نیا دوانیان ناوبانگێكى گه‌وره‌یان هه‌یه‌: بیرنار هێنرى و سیمۆن شاما. هه‌روه‌ها دوان له‌و (30) رۆشنبیره‌: سه‌لمان روشدى و ئۆرهان پامۆك، به‌ ئه‌وروپى دانانرێن. 

ئه‌م وه‌ڵامه‌ لاوازه‌ پرسیارێكى دیكه‌ به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێ: ئایا ئه‌م نائاماده‌ییه‌ى رۆشنبیرانى ئه‌وروپى به‌هۆى كه‌مته‌رخه‌مییانه‌وه‌یه‌ یاخود له‌ ئاكامى تێكشكان و نائومێدىیه‌وه‌یه‌؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر زوربه‌ى رۆشنبیرانى ئه‌وروپى ئاماده‌ نه‌بن به‌یاننامه‌یه‌كى بچووك ئیمزا بكه‌ن ئیتر چۆن چاوه‌ڕوانیى ئه‌وه‌یان لێ بكرێ به‌شداریى رۆشنبیریى گه‌وره‌یان هه‌بێ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هزر و به‌ها پۆپۆلیستى و نه‌ته‌وه‌ییه‌ توندڕه‌وه‌كاندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure