یەك خۆرئاوا و دوو خۆرهەڵات

بۆچوون / بیروڕا :: 30/01/2019

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا

هەڵوێستی روسیا بەرامبەر نیكۆڵا مادۆرۆ یاخود گواستنەوەی عومەر ئەلبەشیر بۆ دیمەشق بە فڕۆكەیەكی سەربازیی روسی ئاماژەن بۆ ئەوەی كە ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكانی ساڵانی داهاتووی ئەم سەدەیەش وەك ئەوەی سەدەی رابوردوو دەبێت، واتە لە نێوان مۆسكۆ و واشنتۆندا دەبێت. ساڵی 1957 كاتێك كە ناكۆكی نێوان چین و یەكێتی سۆڤیەت لە لووتكەدا بوو، جۆن شتاینەری نووسەر پێشبینی ئەوەی كرد كە لە ئایندەدا ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان لە نێوان چین و روسیا لەلایەك و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەكی دیكەوە، دەبێت. 
ئەوەی ئەدەبیاتی فكری و سیاسی ئێستای ئەمریكا بخوێنێتەوە دەبینێت كە ئەمریكییەكان ترسی گەشەكردنی چین-یان لێنیشتووە، وەك چۆن جاران لە هێزی سۆڤیەت دەترسان. نزیكەی 15 ساڵە چین نەچووەتە هیچ ململانێیەكی سەربازییەوە، هەر لەو ماوەیەدا 800 ملیۆن مرۆڤی لە هەژاری دەرهێنا و گەورەترین چینی ناوەندی لە جیهاندا دروستكرد. لە ناو پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشدا چین تا ئێستا یەك گولـلەی لەودیو سنووری خۆیەوە نەتەقاندووە، لەكاتێكدا ئەمریكا تەنها لە ساڵێكدا 26 هەزار بۆمبی بەسەر 7 وڵاتدا فڕێداوەتە خوارەوە.
ئەم هەموو گەشەكردنەی چین لەكاتێكدایە كە هێشتا پارتی كۆمۆنیست فەرمانڕەوای وڵاتە. بەڵام تائێستا كرانەوەكە بێ سنوورە. لە ساڵی رابوردوودا 134 ملیۆن هاووڵاتیی چین-ی گەشتی دەرەوەیان كردووە، كە جاران و بە درێژایی دەیان ساڵ قەدەغەبوو هیچ هاووڵاتییەكی چینی بچێتە دەرەوەی وڵات. تاقە ئومێدی ئەمریكا لەم ململانێیەدا ئەوەیە پارتی كۆمۆنیستی چین لەخۆیەوە هەرەس بهێنێت وەك چۆن پێشتر پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیەت هەرەسی هێنا.
بەڵام هیچ شتێك گرەنتی ئەوە نادات هەرچەندە چین پێش دنیای سەرمایەداری داوەتەوە...و تائێستاش نەخشەی هێزە جیهانییەكان هەر هەمان نەخشەیە كە شتاینەر ساڵی 1957 ئامادەی كرد: (سێ دەوڵەتی گەورە؛ كە دوانیان دوژمنمانن. هەر حكومەتێكی ئەمریكی ئەم راستییە فەرامۆش بكات ئەوا لە دوورمەودادا ئاسایشی نەتەوەییمان دەخاتە مەترسییەوە).
تیمێكی تری ئەمریكییەكان چارەسەر لەوەدا دەبینێت كە هەوڵبدرێت چین و روسیا لەیەكتری جیابكرێنەوە. بەڵام ئەم ئەگەرە تا ئێستا ئەگەرێكی رۆمانسییە چونكە هەردووكیان لە سیاسەتدا وەك یەك هاوپەیمان رەفتار دەكەن، بۆ نموونە لە مەسەلەی سوریادا. لەبەر ئەوە پێویستە هەمووان بزانن كە ئێمە لەژێر ئاوازی ناكۆكیی نێوان خۆرئاوا و دوو خۆرهەڵاتدا دەژین.. خۆرهەڵاتێكی نزیك و خۆرهەڵاتێكی دوور. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure