ڤەنزوێلای دوور و نزیك

بۆچوون / بیروڕا :: 29/01/2019

رووداوە دراماتیكییەكانی ئەم چەند رۆژی رابوردووەی ڤەنزوێلا لە رووی جوگرافی و كارلێكە سیاسییە راستەوخۆكانیانەوە رەنگە بە خوێی چێشتیش پەیوەندییان نەبێ‌ بە كوردستانەوە، بەڵام لە رووی واتا و جیهانگیرییەوە پڕن لە دەرس و عیبرەت.
وڵاتێكی بەرهەمهێن و خاوەن گەورەترین یەدەكی نەوتی و دەوڵەمەند بەسەرچاوە سروشتییەكانی دیكە، بۆچی بگاتە ئاستێكی هێندە خراپی ئابوریی كە هەڵئاوسان تێیدا نزیكەی لە سەدا دوو ملیۆن بەرز ببێتەوە و لە ماوەی پێنج ساڵی رابوردوودا پێنج ملیۆن هاووڵاتی لەتاو برسێتی و بێكاری و گرانی و گەندەڵی ئاوارەی وڵاتان ببن؟
ئایا خەتاكە لە سروشتی سیستمە حوكمڕانییەكەدایە كە هێشتا دوای كڵاوە بابردووەكەی سۆشیالیزم كەوتووە؟ یاخود كاربەدەستانی ڤەنزوێلا كۆمەڵێك دیكتاتۆر و خۆسەپێن و گەندەڵكاری گەورەن كە لەژێر دروشمی سۆشیالیزم-دا خەریكی راووڕووت و دزین؟
ئەمریكا و بریتانیا و ئیسپانیا و زۆرێك لە ئەمریكای لاتین و رێژەیەكی زۆری دانیشتوانی ڤەنزوێلاش وادەڵێن.
هەرچی ئۆردوگاكەی تریشە، كە بریتین لە لایەنگرانی سەرۆكی ڤەنزوێلا لەناو سوپا و دامەزراوەكانی وڵات و هەروەها روسیا و چین و ئێران و توركیاش پێیان وایە ئەمریكا بەرپرسیاری یەكەمی ئەم قەیرانە گەورەیەی ڤەنزوێلایە. بەڵگەشیان زۆرە. بۆ نموونە، واشنتۆن گوشاری زۆری خستە سەر حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ڤەنزوێلا كە بەشداریی نەكەن لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ساڵی 2018 دا بۆ ئەوەی پرۆسەكە هیچ شەرعیەتێكی نەمێنێ‌. واشنتۆن كە دەمێك ساڵە ئابڵوقەی ئابوریی توندی خستووەتە سەر كاراكاس بە باشی نازانێ‌ وڵاتێكی سۆشیالیست نزیكی بێت و هەرگیز رێگە بە كوبایەكی تر نادات.
هەڵوێستی جیاوازی مۆسكۆ و واشنتۆن بەرامبەر بە قەیرانەكەی ڤەنزوێلا، رێك سەردەمی جەنگی ساردمان بیردەهێنێتەوە بەڵام لە رۆژگارێكی جیاواز و بە شكڵ و ناوەرۆكێكی جیاوازەوە.
ئەگەر یەكێتی سۆڤیەت بمایە، وەك جاری جاران یارمەتی ئابوری و سەربازی و راوێژكاریی وای پێشكەشی كاراكاس دەكرد كە نەهێڵێ‌ تووشی ئەم كارەساتە ئابورییەی ئێستا ببێت.
پەكین و مۆسكۆی ئەمڕۆ تەنیا هەر هێندە دەتوانن لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی لە حكومەتی ڤەنزوێلا بكەن، لە كاتێكدا كە نەرمترین دەوڵەتی سەرمایەدار (فرەنسا) دەڵێت ئەگەر مادۆرۆ لە ماوەی چەند رۆژێكدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام نەدات، ئەوا گوایدۆ بە رەسمی دەناسێت، ئەو گوایدۆ-یەی كە خەڵكێكی زۆری وڵاتەكەی و تێكڕای دەوڵەتە سەرمایەدارەكانی جیهان پشتیوانی لێ‌ دەكەن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure