پاڵتۆكه‌ى ماو بۆ كرێكارێكى عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 05/05/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئاهه‌نگه‌كانى جه‌ژنى كرێكارانى جیهان له‌ عێراقدا، ئه‌م ساڵ كورتكرایه‌وه‌ بۆ ناردنى بروسكه‌ و ئومێدخواستن بۆ پاشه‌ڕۆژێكى خۆش، له‌ كاتێكدا وڵات له‌ قه‌یرانێكى سیاسى سه‌ختدا ده‌ژى و یادى یه‌كى ئایارى كرده‌ بۆنه‌یه‌كى  بێ ره‌نگ و بێ تام و بێ چێژ.


رژێمى پێشوو به‌ بڕیارێكى، كرێكارى كرده‌ فه‌رمانبه‌ر و جه‌ژنه‌كه‌یانى گۆڕى بۆ رۆژێكى ئاسایى،  له‌كاتێكدا كه‌ له‌پێش ئه‌و بڕیاره‌یدا ئاهه‌نگى گه‌وره‌ى له‌ یاریگاى گه‌ل (ملعب الشعب) بۆ رێكده‌خستن به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیى یه‌كێتیى سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان كه‌ به‌دله‌ى سه‌فه‌ریى وه‌رگیراو له‌ برا میسرییه‌كانیان له‌به‌رده‌كردن و دواییش به‌ ناردنى بروسكه‌ى به‌ڵێن و په‌یمان بۆ سه‌ركردایه‌تى دانا و حه‌كیم، ئاهه‌نگه‌كان كۆتاییان ده‌هات. هه‌روه‌ها ئاماده‌یى چینى كرێكاران، پێش ئه‌وه‌ى بگۆڕدرێن بۆ فه‌رمانبه‌ر، نوێده‌كرایه‌وه‌ بۆ زیادكردنى به‌رهه‌م له‌ پێناو ئامانجه‌كانى حزبدا، به‌ رۆنى راعى و كه‌ره‌ و قوماشى خامى شام له‌ به‌رهه‌مى كارگه‌كانى رستن و چنین له‌ پارێزگاى واست.

له‌ كۆتایى ده‌یه‌ى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا، وه‌فدێكى كرێكارانى عێراق كه‌ بریتى بوون له‌ سه‌ركرده‌ سه‌ندیكاییه‌كان و زۆربه‌یشیان له‌ كرێكارانى هێڵى ئاسنین بوون، ده‌چنه‌ چین. ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یش وتووێژ بووه‌ له‌سه‌ر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان كرێكارانى هه‌ردوو وڵات به‌ جۆرێك كه‌ له‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شدا بێت و بچێته‌ چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى سیستمى سوسیالیستیه‌وه‌. ماو تسى تۆنگ سه‌ركرده‌ى كۆچكردووى چین، پێشوازیى له‌ وه‌فده‌كه‌ ده‌كات و سه‌رسامیى خۆى به‌ كرێكارى كۆچكردووى عێراقى عه‌بدولئه‌میر عه‌باس ئه‌بو شه‌لال ده‌رده‌بڕێت و پاڵتۆ ره‌شه‌ خورییه‌كه‌ى خۆیى وه‌ك دیارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات. 
  
ئه‌بو شه‌لال به‌ پاڵتۆكه‌ى ماوه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق و وه‌ك رێزێكیش بۆ دیارییه‌كه‌ى سه‌رۆكى چین، كچه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ى ناوده‌نێت په‌كین بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ چین مانا گه‌وره‌كه‌ى  خۆى بپارێزێت و جیاوازیه‌ عه‌قیده‌ییه‌كان و لێكدانه‌وه‌ تایبه‌ته‌كانى جێبه‌جێكردنى تیۆره‌كانى بونیاتنانى سوسیالیزم تێپه‌ڕێنێت.

چیرۆكى پاڵتۆكه‌ى ماو گوێزرایه‌وه‌ بۆ منداڵ و نه‌وه‌كانى ئه‌بو شه‌لال، ته‌نانه‌ت چه‌ندین رووداوى هاوشانى كاری سیاسیى بینیوه‌، هه‌ر له‌ زیندانیكردنى له‌گه‌ڵ كه‌سه‌ دیاره‌كانى بزووتنه‌وه‌ى نیشتمانى عێراقى و پاشان راوه‌دوونانى به‌رده‌وامى له‌لایه‌ن پیاوانى ئه‌منه‌وه‌، له‌ ساڵانى كۆتایى ته‌مه‌نیشیدا یه‌كێك له‌ خۆبه‌خشه‌كان راپۆرتێكى له‌سه‌ر داوه‌ته‌ فیرقه‌یه‌كى حزبى و تێیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌با شه‌لال یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى، به‌ڵام به‌رپرسه‌ حزبییه‌كه‌، خوا خێرى بنووسێت، راپۆرته‌كه‌ ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ راپۆرتنووسه‌كه‌ و ئاگادارى ده‌كاته‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ پشت به‌ زانیاریى ورد ببه‌ستێت. 
له‌ ساڵانى دووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ كارى سیاسى، كۆچكردوو ئه‌بو شه‌لال هه‌ر په‌یوه‌ندیى له‌ گه‌ڵ كۆنه‌ هاوڕێ خانه‌نشینه‌كانیدا مابوو، له‌ شه‌وانى زستاندا كاتێك پاڵتۆكه‌ى ماوى له‌به‌رده‌كرد به‌ ناسیاوه‌كانى ده‌ووت زۆر گه‌شبینه‌ و هه‌ستێكى زۆرى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نى سته‌مكار كورته‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا نیگه‌رانیى خۆیى له‌وه‌ ده‌رده‌بڕى كه‌ بچێته‌ دنیاكه‌ى تر و بنیاتنانى سیستمێكى دیموكراتى له‌ عێراقدا به‌ چاوى خۆى نه‌بینێت كه‌ تێیدا ئاهه‌نگى جه‌ژنى كرێكاران به‌ پاڵتۆكه‌ى ماوه‌وه‌ له‌ یه‌كى ئایاردا بگێڕێت و گوێ نه‌داته‌ به‌رزیى پله‌كانى گه‌رمایش.

ساڵى 2001 عه‌بدولئه‌میر عه‌باس مرد و پاڵتۆكه‌ى ماویشى وه‌ك ئه‌مانه‌تێك بۆ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى به‌جێهێشت. له‌م سه‌رده‌مى دیموكراسیه‌شدا عه‌باسى كوڕى له‌ رووداوه‌ توندوتیژییه‌ تائیفییه‌كاندا كوژرا، حسێن ئه‌لمه‌لاحى زاوایشى، هاوسه‌رى په‌كینى كچى، له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كى ناوچه‌ى كه‌ڕاده‌دا كوژرا و گه‌یشته‌ ژنبراكه‌ى. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا

















created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure