قه‌یرانه‌كه‌ی ڤه‌نزوێلا به‌ره‌و كوێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 26/01/2019

باره‌ نائاساییه‌كه‌ی ئێستای ڤه‌نزوێلا كه‌ سه‌رنجی جیهانی راكێشاوه‌، به‌شێكه‌ له‌ قه‌یرانێكی دوورودرێژ كه‌ ته‌مه‌نی هه‌ندێك لایه‌نی ئه‌و قه‌یرانه‌ نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ و په‌رده‌ی كۆتاییشی بریتییه‌ له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن به‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكی ئۆپۆزسیۆن (خوان گوایدۆ)، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا خۆی وه‌ك سه‌رۆكی وڵات راگه‌یاند له‌ كاتێكدا كه‌ (نیكۆڵاس مادۆرۆ)ی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ڤه‌نزوێلا به‌فه‌رمی هێشتا سه‌رۆكه‌. له‌ ئاكامدا گێره‌شێوێنییه‌كی گه‌وره‌ و بێسه‌روبه‌ری و نائارامی ئێستا سه‌رتاپای وڵاتی گرتووه‌ته‌وه‌ و ده‌یان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی، خۆپیشانده‌رانیش دابه‌شبوون به‌سه‌ر لایه‌نگران و نه‌یارانی مادۆرۆ-دا. 

دیاره‌ وڵاتانی ئه‌مریكای لاتینی به‌گشتی وه‌ك حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان وان له‌ رووی سیاسیی و جوگراییه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ڤه‌نزوێلا بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌ناری باكووری كیشوه‌ری ئه‌مریكای لاتین و ده‌وڵه‌مه‌ندترین یه‌ده‌كی نه‌وتی هه‌یه‌ و ئه‌نبارێكی گه‌وره‌ی خه‌ڵوز و ئاسن و زێڕی تێدایه‌ و لوتكه‌ به‌ناوبانگه‌كانی شاخی ئیندیز له‌ خۆرئاوایدان و باشووریش بریتییه‌ له‌ دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن. ناكۆكی نێوان واشنتۆن و كاراكاس له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكی پێشووی كۆچكردوودا، (هۆگۆ شافیز) سه‌ریهه‌ڵدا كاتێك ناوبراو جه‌نگی راگه‌یاند دژی كۆمپانیا و سه‌رمایه‌ گوزاره‌ ئه‌مریكییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا واشنتۆن هاورده‌كردنی نه‌وتی ڤه‌نزوێلای راگرت. دوای مردنی شافیز له‌ ساڵی 2013 دا نیكۆڵاس مادۆرۆ به‌وه‌كاله‌ت پۆستی سه‌رۆكایه‌تی گرته‌ده‌ست و پاشان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیشدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و هه‌مان سیاسه‌ته‌كانی شافیز-ى گرته‌به‌ر.

نكوڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ هه‌ژاری و بێكاری و گه‌نده‌ڵی ته‌نگی به‌ ڤه‌نزوێلا هه‌ڵچنیوه‌ و سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كانی حكومه‌ت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا شكستی هێناوه‌، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش رۆڵی خراپیان هه‌بووه‌ له‌ ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كه‌ی ڤه‌نزوێلادا به‌ تایبه‌ت كه‌ واشنتۆن چه‌ندین ساڵه‌ ئابڵوقه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر ڤه‌نزوێلا و نه‌زمی جیهانیی نێوده‌وڵه‌تییش وه‌ك سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی سیاسه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆكان دوو جه‌مسه‌ریی نییه‌ و بابه‌ته‌كانی وه‌ك خۆماڵیكردن و كه‌رتی گشتی و رێكخراوی وڵاتانی بێلایه‌ن و رای گشتیی جیهانی كاریگه‌ری و باویان نه‌ماوه‌. ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت كه‌ به‌شێكی زۆری چین وتوێژه‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانی وڵات بوونه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ ئاكامی سیاسه‌ته‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیدارییه‌كانی حكومه‌ت و به‌فیڕۆدانی داهاتی زه‌به‌لاحی نه‌وت.

هه‌ڵوێستی ئێستای واشنتۆن به‌ ئاشكرا پشتیوانی له‌ خوان گوایدۆ ده‌كات و پێده‌چێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا وڵاته‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی جیهان شوێن واشنتۆن بكه‌ون و خوان گوایدۆ به‌ ره‌سمی بناسن وه‌ك سه‌رۆكی وڵات، به‌ڵام مادۆرۆ-ش هه‌موو كارته‌كانی له‌ده‌ست ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵكو هێشتا كۆنتڕۆڵی سوپا و داموده‌زگاكانی وڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌دات پشتیوانی مۆسكۆ و په‌كین و چه‌ند وڵاتێكی گرنگی دیكه‌ به‌ده‌ستبهێنێت. بۆیه‌ پێده‌چێت قه‌یرانه‌كه‌ درێژه‌ بكێشێت و به‌ره‌و توندوتیژیی زیاتر بچێت و ئازار و ناڕه‌حه‌تی ئێستای گه‌لی ڤه‌نزوێلا بگه‌نه‌ ئاستێكی كاره‌ساتبار.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure