به‌ره‌و پێناسه‌یه‌كى تازه‌ بۆ گه‌نده‌ڵى

بۆچوون / بیروڕا :: 24/01/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا
له‌عێراقدا هیچ رۆژێك تێناپه‌ڕێت به‌بێ راگه‌یاندنى ئاشكراكردنى دۆسیه‌یه‌كى گه‌نده‌ڵى له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تدا. زوربه‌ى ئه‌و دۆسیه‌ راگه‌یه‌نراوانه‌یش، به‌داخه‌وه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر و دزین و به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتییه‌ به‌ بڕى زۆر گه‌وره‌، كه‌ ده‌چنه‌ گیرفانى گه‌نده‌ڵه‌كانه‌وه‌.

راستییه‌كى حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ و هه‌موو كه‌س ده‌یزانێ كه‌ هیچ وه‌زاره‌تێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى ده‌وڵه‌ت نییه‌ گه‌نده‌ڵكاریى تێدا نه‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له‌ ده‌ساڵ به‌سه‌ر پێكهێنانى لایه‌نه‌ چاودێرییه‌كانى وه‌ك ده‌ستپاكى و پشكنێرى گشتى و چاودێریى دارایى، هێشتا نه‌توانراوه‌ گه‌نده‌ڵكارییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌ كه‌ وڵاتیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ دواوه‌.

به‌داخه‌وه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكى راسته‌قینه‌ نابینین بۆ كێشه‌ى گه‌نده‌ڵى، جگه‌ له‌ چه‌ند هه‌وڵێكى پینه‌وپه‌ڕۆ كه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان نییه‌ جگه‌ له‌زیادكردنى گه‌نده‌ڵى. یه‌كێك له‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌ دروستكردن و كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى قه‌ڵاچۆكردنى گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ هیچ شه‌رعییه‌تێكى ده‌ستورى و یاسایى نییه‌ و ئامانجه‌كه‌یشى پێ به‌دینایه‌ت، چونكه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان هێشتا له‌ناو قووڵایى ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كاندان و به‌رهه‌ڵستییه‌كى به‌هێز نابینن له‌ هیچ لایه‌كه‌وه‌.

دیاره‌ پێناسه‌ى گه‌نده‌ڵى لاى هه‌موو كه‌س ئاشكرایه‌ و ئه‌و پێناسه‌یه‌یش كه‌ له‌ ده‌قى یاساى ده‌ستپاكیدا هه‌یه‌ پێناسه‌یه‌كى كلاسیكییه‌ و ناتوانێ دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى كه‌م بكاته‌وه‌، چونكه‌ زوربه‌ى ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ى كه‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و دادگاكان تێیده‌ڕوانن تایبه‌تن به‌ سه‌رپێچیى كارمه‌نده‌ بچووكه‌كان و كاتێكى زۆرى ده‌زگا و دادگاكان ده‌بات و فریاى دۆسیه‌ گه‌وره‌كان ناكه‌ون كه‌ به‌ڕاستى سامانى گشتیى به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن.

پێویسته‌ پێناسه‌كردنى راسته‌قینه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا ئاراسته‌ى ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بكرێ كه‌ بارێكى قورسن به‌سه‌ر شانى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه‌ و كه‌سانى دیاریكراو ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن. له‌ڕاستیدا قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى پێویستى به‌ شۆڕشێكى راسته‌قینه‌ هه‌یه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure