ئایا سیستمی پەرلەمانیی عێراقی گۆڕی؟

بۆچوون / بیروڕا :: 23/01/2019

نووسینی: موشرق عەباس
سەرچاوە:ئەلحەیات
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا

لە عێراقدا هەمووان پرسیار لە یەكتری دەكەن و هەمووانیش بە راشكاوی دانی پێدادەنێن كە وەڵامەكەیان لانییە.

شكستهێنانی تەواوی ئەزموونە سیاسییەكە و بێ‌ توانایی حیزب و هێزە جیاوازەكان لە بەرهەمهێنانی سیستمێكی سیاسی كە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی پاش جەنگی دژی داعش و سەرگەردانی دەوڵەت لە دیاریكردنی خۆی و فەلسەفەكەی و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و نەبوونی گرێبەستێكی دیاریكراو لەنێوان گەل و دەسەڵاتەكاندا، هەموویان پێكەوە وامان لێدەكەن بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە بەڵگەنەویستەكان.

یەكێك لە پرسیارە سەرەكییەكان قسەیەكی پچڕپچڕە كە هەندێ‌ جار بە دەنگی بەرز و هەندێ‌ جار بە چرپە دەربارەی سروشتی سیستمە سیاسییەكەی عێراقە و ئاخۆ ئەو سیستمە هۆكاری بنەڕەتی هەموو ناتەواوییەكان و شكستهێنانە لە دیاریكردنی مەسەلە هەرە گرنگەكان و بگرە هەندێك جاریش دەگاتە سنووری نائومێدی لەئاست ئەو ئەركانەدا كە هەق وایە چارەسەرەكانی ئاسان و بەڵگەنەویست بن بۆ نموونە قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و ئارامكردنەوەی ژینگە سیاسییە گرژەكە.
رەنگە ئەمڕۆ دادگاییكردنی تەواوی ئەزموونە پەرلەمانییەكە و بەرپرسیاركردنی لەو هەموو ماڵوێرانییەی ئێستا، مەسەلەیەكی ترسناك بێت و كەس نەتوانێت بەتەواوی قبووڵی بكات بەتایبەت ئەگەر چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە و گوشار و بارودۆخە نائاساییەكانمان بیربكەوێتەوە كە هاوكات بوون لەگەڵ داڕشتنیدا و ئەو راستییەیش بزانین كە هێزە جیاجیاكان نەیانتوانی راستی بكەنەوە و گەشەی پێبدەن و كەموكوڕییەكانی پڕبكەنەوە و میكانیزمەكانی بەهێز بكەن. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پرسیارێكی گرنگ هەیە كە بە درێژایی ساڵانی رابوردوو وەڵامی نەدراوەتەوە، پرسیارەكەش ئەوەیە: ئاسا سیستمی پەرلەمانیی دەوڵەتی عێراقی گۆڕی؟ دەبوو بیگۆڕیایە و پێویست بوو دەوڵەت خۆی بە جۆرێك دابڕێژێتەوە كە بگونجێت لەگەڵ سیستمە تازەكەدا، ئەو دەوڵەتەی كە میراتی یەك سەدەی تەواوی بۆ بەجێمابوو لە یاسا و میكانیزم و سیستمی داڕێژراو بۆ خزمەتكردنی سیستمێكی سەرۆكایەتی تۆتالیتار كە تەنیا یەك كەس خاوەنی بڕیارە.
وەزیرێكی زیرەك و خاوەن ئەزموونێكی دوورودرێژ لە بەڕێوەبردندا دەڵێت میكانیزمی كاركردنی وەزارەتە عێراقییەكان لەسەر سیستمێكی زۆر ناوەندی بنیادنراوە كە تیایدا وەزیر لە ئاستی سەرۆكی رەهای دەسەڵاتدارە و ئەو هەوڵانەی كە لەدوای ساڵی 2003وە دراون بۆ گۆڕینی یاسای وەزارەتەكان، بە كردەوە هیچ شتێكیان نەگۆڕیوە بەڵكو بە پێچەوانەوە ئاڵۆزتریان كردووە، ئەمەش وای كردووە وەزیرەكان وەزارەتەكانیان بكەن بە موڵكی تایبەتی حیزب و پێكهاتە و تەنانەت خێزانەكانی خۆیان. لەكاتێكدا كە سیستمەكە ئەم دەسەڵاتە نادات بە خودی سەرۆك وەزیرانیش بۆیە سەرۆك وەزیرەكانی پێشوو هەوڵیاندا دەوڵەتێكی سێبەر دروست بكەن بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتی بڕیار لە وەزیرەكان لەڕێی دەزگایەكەوە كە پێی دەوترێت ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەمە نموونەیەكە لەو نموونانەی كە دەیسەلمێنن وەزارەتەكان نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ لامەركەزیەتدا بگونجێنن، هەروەها یاسا و رێسا و كەلتوورەكانیش رێگە نادەن ئەو وەزارەتانە خۆیان لەگەڵ پەرلەماندا بگونجێنن كە دەسەڵاتێكی سیاسییە بۆ دروستكردنی بڕیار، تەنانەت دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماریش كە دەستوور دیارییكردون هێشتا لەسەر ئاستە میلی و كەلتوورییە جیاوازییەكان بەتەواوی قبووڵ نەكراوە و بەشێكی زۆری خەڵكی عێراق تائێستاش پێیانوایە پێویستە سەرۆك كۆمار سەرۆكی دەسەڵات و خاوەنی بڕیاری جێبەجێكردن بێت.
ورووژاندنی ئەم بابەتانە پێشێلكردنی هێڵە سوورەكان نییە چونكە وڵات بەشێوەیەكی رێكخراو دەستدرێژیی دەكرێتە سەر لەلایەن ژینگەیەكی سیاسی نقومبوو لە گەندەڵی و گێرەشێوێنی و ململانێ‌ و تۆمەتباركردنی یەكتریدا.
لە وڵاتێكی ئاوادا هیچ شتێك بەڵگەنەویست نییە و رێگا راستەكە ئەوەیە بگەڕێنینەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆڵەكەكانی ئەم هەموو ناهەموارییە و پێكەوە رووبەڕووی پرسیارە سەختەكان ببینەوە و وەڵامیان بدەینەوە.
سەیرەكە لەوەدایە كە سەختترین پرسیار ئەوەیە ئایا خەڵكی عێراق بە ئاستە جیاوازەكانیانەوە و پاش 13 ساڵ لە جێبەجێكردنی، خۆیان گونجاندووە لەگەڵ سروشتی سیستمی پەرلەمانیدا؟ هەروەها ئەو هەڕەشە و مەترسییانە چین كە ناهێڵن گەشەی پێبدرێت و گۆڕانكاریی تێدا بكرێت؟ و بۆچی حیزبە سیاسییەكان ناوێرن رووبەڕووی جەماوەر ببنەوە، ئەو جەماوەرەی كە دژایەتییەكی ئاشكرا دەبینێت لەنێوان فەلسەفەی سیاسی دەوڵەت و فەلسەفە ئیدارییەكەیدا؟ دواجاریش ئەو میكانیزمە سەلامەت و دڵنیاكەرەوانە چین كە هەمووان قبووڵیان بێت بۆ گۆڕانكاریكردن ئەگەر گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە پێویستە گۆڕانكاریی بكەن؟
لە عێراقدا ئێستا كەس كاتی وەڵامدانەوەی نییە .. هەموو سەرقاڵن بە شەڕە پرسیار و شەڕە تۆمەت و بەجێهێشتنی ئەم نەهامەتیانە بۆ نەوەكانی داهاتوو.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure