لەبارەی دۆلارەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 21/01/2019

نووسینی: عەبدولڕەزاق دەحنون
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدن
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا
حكومەتی چین زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری ئەمریكیی وەكو یەدەك داناوە لە بانقی ناوەندی وڵاتەكەیدا و ئەمەیش گەورەترین یەدەكە لە جیهاندا. پەكین لەپێناوی پاراستنی گەشەكردن و هاوسەنگی ئابورییەكەی ئەم یەدەكە زەبەلاحەی داناوە بۆ ئەوەی هەژانە كتوپڕەكان كاری تێنەكەن و هەروەها بۆ ئەوەی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا بە دراوی ئەمریكی بكڕێت. بۆچی بە دۆلاری ئەمریكی چونكە دۆلار كۆنترۆڵی مامەڵە بازرگانییەكانی جیهانی كردووە. ئەمە راستییەكی ئاشكرایە، بەڵام كەم كەس راستییەكی گرنگتر ئەزانێ‌ كە دروستكردنی سەد دۆلارییەك تەنیا (4) سەنت دەكەوێت لەسەر حكومەتی ئەمریكا. ئەمە مایەی تێڕامان و حەپەسانێكی گەورەیە، چونكە بە پێچەوانەی بیروبۆچوونی ئێمەوە چاپكردنی دۆلار بەجێهێڵراوە بۆ كەرتی تایبەت. واتا ئەو بانقە ناوەندانەی كە دراو چاپ دەكەن لە وڵاتانی تردا لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدان، بەڵام لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا موڵكی كەرتی تایبەتی بانقەكانە.
دراوی كاغەزی، بەپێی پێناسەكەی كارڵ ماركس لە كتێبی (سەرمایە)دا كاڵایە. كاڵایەكی راستەقینەیە و كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت. سەد دۆلارییەكییش وەكو وتمان پارەی دروستكردنەكەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا تەنیا چوار سەنت-ە، كەچی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكانی دراودا بە نرخی (100) دۆلار دەفرۆشرێ‌ و توانای كڕینەكەی سەد دۆلارە. جا لەبەرئەوەی كەرتی بانقیی تایبەت لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دروستكردنی دۆلاری قۆرخ كردووە، ئەوا لە فرۆشتنی هەموو سەد دۆلارییەكدا ئەو كەرتە تایبەتە نەوەد و نۆ دۆلار زیاتر قازانج دەكات. هەروەها لەبەر ئەوەی سەرمایەدارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان نەوت و كەرەسەی خاوی وڵاتانی جیهان بە دۆلار ئاڵوگۆڕ دەكەن كەواتە؟؟؟
پرسیارێكی تر: ئایا ئەو بڕە دراوە زەبەلاحە یەكسانە بە نرخی كەلوپەلە بەرهەمهێنراوەكان؟ زوربەی خەمڵاندنەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بارستایی دراوی جیهانی بە دۆلار زۆر زیاترە لە پێداویستیی بەرهەمهێنانی ئێستا بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان دراو و كاڵا. ئەم هاوكێشەیەش لە كۆتاییدا بە بەرژەوەندیی سەرمایەدارەكان دەشكێتەوە. سەرەنجامیش ئەم ئاڵوگۆڕەی كاڵاش دەچێتە گیرفانی كەرتی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە، چونكە دوو سەد دۆلار لەڕاستیدا كەمتر لە دە دۆلار كەوتووە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure