عەلی ئەلشۆكی سۆمەری

بۆچوون / بیروڕا :: 20/01/2019

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵا

لە یانزەی كانونی دووەمی 2019دا بە مردنی عەلی ئەلشۆك عێراق و عێراقییەكان زانایەك و بیرمەندێكی بێ‌ هاوتایان لەكیس چوو كە یەكێك بوو لە ئەستێرە درەوشاوەكانی ساڵانی پەنجا زێڕینییەكەی عێراق، واتا ئەو ماوەیەی كە زوربەی رۆڵە و هەڵكەوتووەكانی بە عێراق بەخشی و خەڵكی عێراق كەلەپووری ئەوانیان كردە خۆراكی رۆح لە هەموو بوارەكاندا. ئەم پیاوە یەكێك بوو لەو هەڵكەوتووانە، بەڵام شوێن دەستی لە زوربەی بوارەكانی هزردا دەبینرا، لە مۆسیقا و ئۆپێرا و فەلسەفە و بیركاری و كۆمەڵناسی و زمانە كۆنەكان و مێژوودا... ئەو لە ژیانی خۆیدا هەستی بەم ئینسكلۆپیدیایە كرد كە ژیانی پڕ كردبوو، بۆیە بەناچاری كەوتە گێڕانەوەی ئەو ئینسكلۆپیدایە لە كتێبی (ژیان و نووسین)دا. لەگەڵ ئەوەشدا نكۆڵی دەكات لەوەی كە نووسین كاری یەكەمی بێت. خوێندنەوە، وەك خۆی دەڵێت، كاری یەكەمی بووە.

یەكەمجار كە بینیم، چەند ساڵێك لەمەوبەر بوو لە (دیوانی كوفە). ناونیشانی موحازەرەكە باسی نووسینی سۆمەری و پیتی بزماری-یە. لەدڵی خۆمدا وتم: ئەمە كابرایەكی سەرلێشێواوە و دەیەوێت ئێمەش وەك خۆی لێ‌ بكات. بەڵام پاش چەند ساڵێك نهێنیی بایەخدانەكەیم بەم بابەتە بۆ دەركەوت. سەرلێشێواوەكە ئەو نەبوو. گەلی عێراق سەرلێشێواو بوو. ئای چەندێكی ژیانی خۆمان خەساركرد بە خۆسەرقاڵكردن بە موتەنەبی و هارونە رەشید و بوحتوری و ئەبو نەواس و تێكڕای ئەو كەلەپوورە. ئیتر منیش سەرنجم بۆ ئەوەچوو كە عەلی ئەلشۆك سەرنجی بۆی چوو بوو. شارستانی بە عێراقییە راستەقینە و  شایستەی لێكۆڵینەوەكە شارستانیی سۆمەرە. عەلی ئەلشۆك وەك پێشەنگێكی بزووتنەوەی چەپی عێراق و ساڵانە زێڕینەكانی پەنجاكان بەو راستییە ئاشنا بوو كە لێكۆڵەری ئەمریكی د. سامۆئیل گرامەر باسی دەكات لە كتێبە گشتگیرەكەیدا (مێژوو لە سۆمەرەوە دەست پێ‌ دەكات.. سی و نۆ پێشەنگی مێژووی تۆماركراو). یەكێك لەو پێشەنگە تۆماركراوانە ئەوەیە كە سۆمەر یەكەم تاقیكردنەوەی كردووە لەسەر سۆشیالیزمی دیموكراسی. ئەمە توێژەرێكی تر باسی دەكات. 

لە دڵی خۆمدا وتم"ئۆو.. مەسەلە ئەمەیە كە عەلی ئەلشۆك بایەخ دەدات بە سۆمەر. عێراق ئەو سەرزەمینەیە كە یەكەمین ئەزموونی سۆشیالیزمی دیموكراسیی تێدا ئەنجام درا". زۆر چاكە خالد. ئێستا كاتی ئەوەیە زانیارییەكانت لەسەر عەلی ئەلشۆك تازە بكەیتەوە. بە سواری ئۆتۆمبێل لەگەڵ عەبدولئیلاهـ تۆفیق چووین بۆ دیداری عەلی ئەلشۆك لە خۆرئاوای لەندەن و چەند كاتژمێرێك پێكەوە باسی سۆمەر و بایەخەكانیمان كرد.

بەڵام ئەو هەمەچەشنی و فرەیی و پەرشوبڵاویە دەرفەتیان نەدایە خۆی چڕ بكاتەوە لەسەر كەلەپووری سۆمەر و بابل. عێراقییەكان و هەموو عەرەب ئەم نەخۆشییەیان هەیە. هێندەی نەبرد رووی كردە بابەتێكی تر و ئینجا لەوێشەوە بۆ بابەتێكی تر و دواتر بۆ مۆسیقا و زمان لە كتێبەكەیدا (كیمیای وشە و نهێنییەكانی مۆسیقا). زیاتر لە توانا جەستەییەكانی ئەركی لەسەر خۆی كەڵەكە كرد. بۆیە پیریی هێرشی بۆ هێنا و گوێی نەدایە هاوارەكەی:"ئەی هزرەكان.. نائومێدم نەكەن.. ئەی مێشكی ساف راكە بۆ لام". بەڵام ماندووێتی و نەخۆشی سەرەنجام شكستیان پێ‌ هێنا و ئەو مێشكە ناوازەیە داخرا. خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەموومان، بەتایبەت بۆ سۆمەر و بابل.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure