وڵاته‌كه‌مان پێویستى به‌چى یه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 19/01/2019

ئه‌وا ساڵى نوێ خه‌ریكه‌ خۆى جێگیر ئه‌كات و ساڵى 2018 ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ رابوردوو, ببوورن وشه‌یه‌كى گونجاوترم نه‌دۆزیه‌وه‌ ئه‌گینا وشه‌ى (رابوردوو) له‌ وڵاتى ئێمه‌دا خیانه‌ت له‌ ماناكه‌ى خۆى ده‌كات چونكه‌ هه‌رگیز رانابوورێت و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ خه‌ون و ئاوات و حه‌سره‌ت و خۆزگه‌ و په‌شیمانییه‌كانماندا.

 
سه‌رنج بده‌ لە شه‌قام و ئه‌قڵ و سیاسه‌ت و مه‌ترسییه‌كانى ئێستا، ده‌بینیت هه‌ر هه‌مان ئه‌وانه‌ى چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌رن و نه‌بوونه‌ته‌ رابوردوو. كه‌چى دڵخۆشین به‌پێچانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌كانى ساڵێك و هه‌ڵدانه‌وه‌ى ساڵنامه‌یه‌كى نوێ. واده‌زانین ئه‌م ساڵى تازه‌یه‌ ده‌رمانى پێیه‌ بۆ ده‌رده‌كانمان و كارگه‌ و كارخانه‌ ده‌هێنێت بۆ وڵات و گه‌نجه‌كانیشمان له‌ نێرگه‌له‌خانه‌ و كافتریاكان دوور ئه‌خاته‌وه‌. ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه‌ نائومێدى ده‌یانكاته‌ نێچیرى قاچاخچییه‌كانى رێى هه‌نده‌ران و تاریكستانه‌كانى نائومێدى و مه‌رگه‌ساته‌كانى تلیاك و حه‌ب و شروبى هۆشبه‌ر.....

ئه‌م نووسینه‌م زیاتر له‌ ئینشایه‌ك ده‌چێ وه‌ك له‌وه‌ى وتارێكى زانستى بێت، چونكه‌ ره‌قه‌مى تیا نى یه‌، ئه‌و ره‌قه‌مه‌ى كه‌ سیماى تۆخى سه‌رده‌مه‌كه‌مانه‌ و ته‌كنه‌لۆجیاكه‌شى پێى ده‌گوترێ ته‌كنه‌لۆجیاى ره‌قه‌مى..ده‌بوو من به‌ژماره‌ عه‌رزى به‌ڕێزتانم بكردایه‌ چه‌ند هه‌رزه‌كار له‌م وڵاته‌دا باوه‌ڕیان به‌ ئاینده‌ نه‌ماوه‌ و چه‌ند مناڵ وازى له‌ خوێندن هێناوه‌ و چه‌ند ده‌رچووى زانكۆ به‌دواى كاردا ده‌گه‌ڕێ...؟

به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ هه‌ر من نیم ره‌قه‌مم لا نىیه‌، پێ ده‌چى َحكومه‌ته‌كه‌شمان ژماره‌ى زۆر بابه‌تى گرنگى لا نه‌بێت... ئه‌گینا ده‌بوو به‌ قه‌ڵه‌م و ده‌فته‌ر پێى بگوتینایه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ پێویستى به‌ چى یه‌؟ كۆلیجى زانسته‌ رامیارییه‌كان یان سه‌نته‌رى زانستى بۆ فێركردنى پیشه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پێویستیه‌كانى بازاڕ؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure