شار دەمرێ‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 17/01/2019

د. شێركۆ عەبدوڵـڵا
بەختی تەئریخ لەوەدایە كە ناتوانێ‌ ئاوڕ بداتەوە. ئاوڕی بدایەتەوە هێندەی تر جەرگی دەبوو بە زووخاو كە ببینێ‌ شارێكی وەكو رۆما ئێستا لە پەراوێزی پەراوێزەكاندایە و ئەسیناش لە باتی فەیلەسوف و بیرمەند پێشوازیی لە پەنابەرە رووت و برسییەكان دەكات.. ئەسكەندەریە و ڤینیسیا و دەستەخوشكەكانیان ئەمڕۆ تەنیا هەر چاویان لە گەشتیار و رەحمەتی یونیسێفەكان بێت...
ئایا ئەم پاشەكشێ‌یە مردنە؟ تۆ بڵێ‌ی شاریش بمرێ‌؟ بۆچی نا؟! كە ئەستێرە بە سووڕی ژیاندا بڕوات، كەواتە شتێكی ئاساییە ببینین دوبەی لە جیاتی قاهیرە ببێتە ناوەندی بڕیار و بۆرسەی هۆنگ كۆنگ پێشبڕكێ‌ لەگەڵ بۆرسەكانی لەندەندا بكات..
باشە ئەم هەموو شێر و رێوییە بۆچی؟ چونكە شار مامانی پێشكەوتن و بەرەو كامڵبوونی مرۆڤایەتییە. شارستانی وشەیەكە لە شارەوە وەرگیراوە. شاریش هەر پێوەرێكی هەبێ‌ جێگای (سلێمانی)ی تێدا دەبێتەوە. ئەو شارەی كە هێشتا بە تەمەن گەنجە كەچی دەرد و قۆرتەكانی ژیان خەریكن جوانە مەرگی ئەكەن.
ئەمەیە وای كردووە پایتەختەكەی كوردەواری، ئێستا لە پاشكۆی هەواڵەكان و لەڕیزی دواوەی دەستكەوتەكان و سەردێڕی دەنگوباسە ناخۆشەكاندا بێ‌.
ئێستا سلێمانی بەقەد زبڵەكانی ئێوارانی شەقامی مەولەوی، زبڵی سیاسەتی خراپ و هزری رەش و هەڵوێستی گەنیوی تێدایە.. لەو مناڵە بێ‌نازە دەچێ‌ كە باوەژنەكەی هەتا نانێكی ئەداتێ‌ (دە) چەپۆكی پیادەكێشێ‌..

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure