چۆمسكى و تیرۆر

بۆچوون / بیروڕا :: 16/01/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابع
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا


له‌ په‌راوێزى گۆڕانكارى و به‌ریه‌ككه‌وتنى رووداوه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، به‌تایبه‌ت رووداوه‌كانى سوریا و عێراق، چه‌ندین راپۆرتى دژ به‌یه‌ك ده‌بینین سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسى رێكخراوى داعش و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى تر كه‌ له‌ ساڵانى رابوردوودا زۆر به‌رزبوونه‌وه‌ و ئه‌وه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن. هه‌ندێك چاودێر ئه‌مه‌ به‌ پاشه‌كشێیه‌كى ته‌كتیكى ده‌زانن و رێكخراوه‌كانى وه‌ك نوسره‌ و فه‌تحولئیسلام كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ قاعیده‌وه‌ ته‌نیا هه‌ر ناوه‌كانیان گۆڕیوه‌، ئه‌گینا هێشتا تواناى گه‌ڕانه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ى ریزه‌كانیان هه‌یه‌.

له‌كاتێكدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا كشاندنه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كانى ناو سوریاى راگه‌یاند و جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ داعش شكستى خواردووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌دا تۆڕى هه‌واڵى (سى ئێن ئێن) به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرتێك جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ داعش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شكستى نه‌خواردووه‌ و ده‌یان هه‌زار داعشى له‌ سوریا و عێراقدا به‌ ئازادیى دێن و ده‌چن، یاخود له‌ناو شانه‌ نوستووه‌كاندا خۆیان شاردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان له‌ شارى ره‌ققه‌ چالاكن.

چه‌ندین راپۆرتیش، كه‌ سى ئێن ئێن هه‌ندێكیانى بڵاوكرده‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش هێشتا خاوه‌نى سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ و له‌ژێر په‌رده‌یشه‌وه‌ چه‌ندین كۆمپانیاى له‌ توركیادا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تى ناوچه‌یى هه‌ن كه‌ هێشتا پاره‌ى ده‌ده‌نێ و له‌ سوریا و عێراقدا پشتیوانیى لێ ده‌كه‌ن. جگه‌ له‌وه‌یش چه‌ندین كارگه‌ و ئه‌نبارى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیى داعش له‌ لیبیا ئاشكرا كران. چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت توركیا چه‌ند هێڵێك له‌گه‌ڵ داعشدا بهێڵێته‌وه‌ وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ شه‌ڕه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كورد-دا، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ قه‌یراندایه‌ و تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ى لێكردووه‌ كه‌ نابێت په‌لامارى كورده‌كان بدات. ئه‌مه‌ره‌نگه‌ وا له‌ توركیا بكات كارتى داعش به‌كاربهێنێت دژى كورده‌كان و شه‌ڕه‌كه‌ به‌داعش بكات، چونكه‌ پێشتریش هه‌مان كارى كرد له‌گه‌ڵ نوسره‌ و داعشدا كاتێك خاكى توركیاى پێشكه‌ش كردن وه‌ك رێڕه‌وێك بۆ هاتوچۆ و چاره‌سه‌ركردنى تیرۆریسته‌كان.

هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌ند راپۆرتێك كه‌ پێشبینى ده‌كه‌ن داعش خه‌ریكى خۆڕێكخستنه‌وه‌ بێت، چه‌ند راپۆرتێكى تر ده‌پرسن و ده‌ڵێن رێكخراوه‌كانى ترى وه‌ك نوسره‌ و فه‌تحولئیسلام له‌كوێن كه‌ سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران چه‌كداریان هه‌یه‌ و هێشتا خاكى عێراق و سوریایان جێنه‌هێشتووه‌ و ره‌نگه‌ به‌دواى هاوپه‌یمانى و گرێبه‌ستى تازه‌دا بگه‌ڕێن تا خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ هه‌ندێك چاودێر و بیرمه‌ند پێیانوایه‌ داعش و هاوچه‌شنه‌كانى هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن یاخود ده‌گۆڕێن بۆ شێوازى ترى كارى تیرۆریستى. یه‌كێك له‌وانه‌ (نه‌عوم چۆمسكى)یه‌ له‌ كتێبى (جیهان به‌ره‌و كوێ؟) كه‌ گفتوگۆیه‌كى دورودرێژه‌ له‌گه‌ڵ چۆمسكى دا كراوه‌ و تێیدا باس له‌ مه‌سه‌له‌ جۆراوجۆره‌كانى جیهان ده‌كات به‌ مه‌سه‌له‌ى (شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆر)یشه‌وه‌. چۆمسكى پێیوایه‌ تیرۆر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌رهه‌مێكى سیاسه‌ته‌ ده‌ستوه‌ردانییه‌كه‌ى ئه‌مریكا بووه‌ و ده‌ڵێت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شدارییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى تیرۆر له‌ جیهاندا. چۆمسكى پێیوایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ى كه‌ له‌سه‌رتاى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا رۆناڵد رێگان ده‌ستى پێكرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سۆڤیه‌ت له‌ ئه‌فغانستاندا، ده‌ره‌نجامى زۆر ترسناكى له‌سه‌ر ئه‌مریكانى ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست لێكه‌وته‌وه‌. پاش بیست ساڵ له‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ و دواى 11ى ئه‌یلولى 2001، بوش-ى كوڕ ئه‌فغانستان و عێراقى داگیركرد و زۆر ناوچه‌ى وێران كرد و چه‌ند شێوازێكى تازه‌ى تیرۆرى به‌رهه‌مهێنا.

ئه‌م بۆچوونه‌ى چۆمسكى بۆچوونى زۆر چاودێرى تریشه‌، له‌وانه‌ جۆن نیكسۆن كه‌ كاربه‌ده‌ستێكى پێشووى سى ئاى ئه‌ى-ه‌ و ده‌ڵێت داعش ئه‌نجامێكى راسته‌وخۆى داگیركردنى عێراق و رووخاندنى سه‌دام حسێن-ه‌.

چۆمسكى و چاودێره‌كانى تر ده‌ڵێن سیاسه‌تى پشتبه‌ستن به‌ هێزى سه‌ربازیى، كه‌ بوش-ى كوڕ په‌یڕه‌وى كرد، رۆڵى هه‌بوو له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌ ئه‌فغانستان و عێراقدا. ته‌نانه‌ت سیاسه‌تى ئۆباما-یش كه‌ پشتى به‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان به‌ست له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كاندا دژى تیرۆر، هه‌روه‌ها كرده‌وه‌ى سه‌ربازیى هێزه‌ تایبه‌ته‌كان كۆمه‌ڵێك بۆشاییان هێنایه‌ ئاراوه‌ كه‌ خزمه‌تى تیرۆریان كرد.

چۆمسكى ده‌ڵێت شه‌ڕه‌كانى ئه‌مریكا دژى تیرۆر، هۆكارى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆى گه‌شه‌كردنى شێوازه‌ تازه‌كانى تیرۆره‌ و له‌ سه‌رووى هه‌موویشیانه‌وه‌ داعش. كه‌ توندوتیژترین رێكخراوى تیرۆریستیه‌ له‌ چل ساڵى رابردوودا، به‌ڵام به‌رهه‌مى كۆمه‌ڵه‌ سیاسه‌تێكه‌ كه‌ روون و ئاشكرا له‌ چێشتخانه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌دا ئاماده‌كران.

ئه‌م بۆچوونه‌ هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه‌كانى تر كه‌ ده‌ڵێن داعش پاشه‌كشه‌ ده‌كات به‌ڵام كۆتایى نایه‌ت و ره‌نگه‌ شێوازى تازه‌ بگرێته‌خۆ له‌ ئاكامى تێكه‌ڵبوون و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ى رێكخراوه‌كانى تردا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure