چاره‌نووسى كارته‌كانى گه‌مه‌كه‌ى سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: 14/01/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیوم ئه‌لسابع
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى گه‌لێك نیشانه‌ى جۆراوجۆر كه‌ ده‌ڵێن چاره‌سه‌رى سیاسى له‌ سوریا كارێكى كرده‌نییه‌، به‌ڵام تێكئاڵان و به‌ریه‌ككه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى لایه‌نه‌ جیاجیاكان هێشتا هه‌ر زۆرن و ماون، له‌پاڵیشیدا هیچ جووڵه‌یه‌كى عه‌ره‌بى نابینین بۆ نزیككردنه‌وه‌ى بیروبۆچوونه‌كان.

بێگومان راگه‌یاندنه‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌رباره‌ى كسانه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سوریا بۆشاییه‌ك جێده‌هێڵێ و ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر ئاسته‌ جۆراوجۆره‌كان بێدار ده‌كاته‌وه‌. بوونى ئه‌مریكا له‌ سوریا پیشتیوانییه‌ك بوو بۆ ده‌ستوه‌ردانى توركیا له‌و وڵاته‌دا و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش بوو توركیا روون و ئاشكرا ناڕه‌زایى ده‌ربڕى به‌رامبه‌ر به‌ كشانه‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵیدا واشنتۆن پشتیوانیى خۆى راگه‌یاند بۆ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و هاوكاریى جموجووڵى كورد ده‌كات له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعشدا. له‌هه‌مانكاتیشدا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ره‌زامه‌ندییان نیشاندا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق كه‌ ئه‌مه‌ نیگه‌رانییه‌كانى توركیا زیاتر ده‌كات پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا.

كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆشاییه‌ك دروست ده‌كات كه‌ روسیا به‌شێكى زۆرى پڕ ده‌كاته‌وه‌، به‌جۆرێك مۆسكۆ سه‌رپه‌رشتى هه‌موو گفتوگۆیه‌كى داهاتوو سه‌باره‌ت به‌ سوریا ده‌كات و ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئۆپۆزیسیۆنى سوریا ناچار ده‌بێت مل بدات بۆ چاره‌سه‌رى سیاسى له‌پاش كشانه‌وه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك كارتى ترى گوشار به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ناوده‌چن به‌تایبه‌ت كه‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كانى ئه‌وروپا سه‌رقاڵن به‌ مه‌سه‌له‌ ناوخۆییه‌كانى خۆیانه‌وه‌، بریتانیا به‌ كێشه‌كانى بریكست و ده‌رچوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا و فره‌نسایش رووبه‌ڕووى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیى بووه‌ته‌وه‌ كه‌ مایه‌ى سه‌رنج و بایه‌خى یه‌كێتى ئه‌وروپان و فره‌نسایش لایه‌نێكى گرنگى وتوێژه‌كانى جنێفه‌.

ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنانه‌ واده‌كه‌ن چاره‌سه‌ره‌ سیاسییه‌كه‌ پێویستى به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى عه‌ره‌بى هه‌بێت. لێره‌دا پێویسته‌ بڵێن كه‌ هه‌رچه‌نده‌ میسر هه‌میشه‌ لایه‌نگرى چاره‌سه‌رى سیاسى بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستى به‌ پشتیوانى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانى دیكه‌ هه‌یه‌. مه‌یلى ئیمارات و سعودیه‌یش به‌ كردنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌كانیان له‌ دیمه‌شق ره‌نگه‌ كارتێك بێت بۆ نه‌هێشتنى نائارامییه‌كان، هه‌روه‌ها زیاتر ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ چ لایه‌نێك په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى وه‌كو داعش و رێكخراوه‌ چه‌كداره‌كانى دیكه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵانى رابردوودا پشتیوانیى دارایى زۆر گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌جۆرێكى وا كه‌ بتوانن هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن پێش ئه‌وه‌ى سوریا بتوانێت به‌ پشتیوانیى روسیا و ئێران ئه‌م رێكخراوانه‌ دووربخاته‌وه‌ و شكستیان پێبێنێت.

سه‌ره‌ڕاى شكسته‌كانى داعش، پاشماوه‌ى ئه‌و رێكخراوانه‌ هێشتا كۆمه‌ڵه‌ كارتێكن كه‌ لایه‌نه‌كانى وه‌ك توركیا ده‌توانن به‌كاریانبێنن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كورد، چونكه‌ ئه‌نقه‌ره‌ پێیوایه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وى كورده‌كان ئامانجێكى گرنگتره‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش.

پێشتر، له‌كاتى هه‌ڵكشانى هێزى تیرۆر له‌ عێراق و سوریا، په‌یوه‌ندى و هاوئاهه‌نگیى نێوان سوپاى توركیا و داعش ده‌ركه‌وت، چه‌ندین وێنه‌ و راپۆرتیش ئاشكرابوون ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیى بیلال ئه‌ردۆغان-ى كوڕى سه‌رۆكى توركیا له‌گه‌ڵ داعشدا سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنانى نه‌وت له‌ ناوچه‌كانى ژێر كۆنترۆڵى داعش له‌ سوریا و عێراق.

توركیا له‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كانیدا بۆ لێدانى كورد، دوور نییه‌ پاشماوه‌ى داعش یاخود پاشماوه‌ى رێكخراوه‌ چه‌كداره‌كانى تر به‌كارنه‌هێنێت به‌تایبه‌ت كه‌ چه‌ندین راپۆرتى ئه‌مریكى هه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌شێك له‌پاشماوه‌كانى داعش هه‌ڵهاتوون بۆ توركیا و پاره‌كانى داعش له‌ كۆمپانیا و بانقه‌ توركییه‌كاندان و نه‌خۆشخانه‌كانى توركیا كراوه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى برینداره‌كانى داعش و نوسره‌. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ پێمان ده‌ڵێن بۆچى توركیا تووڕه‌یه‌ له‌ كشانه‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌ردۆغان نه‌یتوانى ناوچه‌ى ئه‌منیى داببڕێت له‌ سوریا كاتێك كه‌ داعش و قاعیده‌ كرده‌وه‌كانیان به‌هێزتر كرد.

سه‌باره‌ت به‌ روسیایش، هه‌رچه‌نده‌ كشانه‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ خاڵێكى به‌هێزى ترى پێده‌به‌خشێت، به‌ڵام دواى كشانه‌وه‌كه‌ مۆسكۆ خۆى له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند رێكخراوێكدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌وادارى ئه‌مریكان و گۆمانیان له‌ مۆسكۆ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا ماناى كشانه‌وه‌وى واشنتۆن نییه‌ له‌ گفتوگۆ سیاسییه‌كان، بۆیه‌ چاره‌سه‌رى سیاسى له‌ سوریادا په‌یوه‌سته‌ به‌زۆر لایه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا كارته‌ عه‌ره‌بییه‌كان هێشتا ئاماده‌نین و ناتوانن  رۆڵێكى كاریگه‌ر ببینن له‌ چاره‌نووسى سوریادا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure