كوردەی لە هەردوو جەژن

بۆچوون / بیروڕا :: 13/01/2019

تەحەداكانی بەردەم كۆمەڵی كوردەواری تەنیا هەر چاككردنی باری ئابوری و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سیاسییە جۆراوجۆرەكان و كردەوە تیرۆریستییەكان نییە. چاوخشاندنێكی خێرا بە رۆژنامە و ماڵپەڕەكان و تەماشاكردنی هەواڵەكان ئاماژەی ترسناك و بگرە هاواری بەرزن بۆ وریاكردنەوەمان لە مەترسییەكی گەورە، لە داوەشانێكی حەتمی، لە شێرپەنجەیەكی كوشندە كە خەریكە زۆر بەخێرایی جەستەی كۆمەڵایەتیمان هەلاهەلا ئەكات.
بەڵێ‌ مەبەستم رووداوە شەرمەزاركەر و تاوانە قێزەونەكانە كە ئامارەكان باس لە هەڵكشانیان دەكەن و دەزگاكانی پۆلیس پێ‌ی نیگەرانن كۆمەڵناسەكان بە نیشانەی دەرچوونی شیرازەی كۆمەڵگای دەزانن.
دزی و دەستدرێژی و كوشتن و گەندەڵی بەرەو ئەوە دەڕۆن كە ببنە تاوانی رێكخراو.. دەنگوباسەكانی تلیاك و قاچاخچێتیكردن بە دەرمان و مادەی هۆشبەرەوە هێندە ئاسایی بوون ئیتر سەرنجی كەس راناكێشن.
كۆلكەی هاوبەشی تێكڕای ئەم نەهامەتی و تاوانوبڕۆیانە تەنیا یەك هۆكارە: ئەخلاق.. بەڵێ‌ ئەوە ئەخلاق بوو رێ‌ی نەئەدا هیچ كەس جورئەت بكات مناڵی ساوا فڕێ‌ بدات و بیخاتە بەر رەحمەتی سەرماوسۆڵە بێڕەحمەكەی كوردستان..
ئەوە ئەخلاق بوو نەیدەهێشت تۆ خەوت لێ‌ بكەوێت ئەگەر دراوسێكەت بەبێ‌ شێو سەربنێتەوە..
ئەوە ئەخلاق بوو باوك و دایك هەتا دەمردن لە سەرووی هەموو رێز و خزمەت و پێزانینێكدا بوون و وەك ئێستا رەوانەی خەڵوەتگەكان نەدەكران...
ئێمە ئێستا وەك ئەو كوردەمان لێ‌ هاتووە كە لە هەردوو جەژنەكە بوو، نە رەوشتی جوانی پڕ لە جوامێری و رێز و ئسوڵی كۆمەڵگە كشتوكاڵییەكەی جاران پەیڕەو دەكەین و نە میلـلەتێكی دیموكراتی هاوچەرخ و ملكەچی پێوەرەكانی دنیای شارستانیین. لەو ناوەڕاستەدا گێژ ئەخۆین و لەگەڵ خۆماندا مێژوویەك لە جوانی و ئینساندۆستی و قەناعەت و جوامێری ژێرەوزەبەر ئەكەین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure