رەشبینی یان گەشبینی؟

بۆچوون / بیروڕا :: 6 رۆژ پێش ئێستا

پێشڕەو یاسین
دیمەنی هەر شوێنێكی ئێستای كوردستان بەراورد بكەی بە دیمەنی سەردەمی راپەڕین ئەوا بێ‌ ویژدانییەكی گەورەیە ئەگەر بڵێیت پێشكەوتن رووینەداوە. خانووە خۆرهەڵاتییە یەك نهۆمییەكان و كۆڵانە خوار و خێچەكان و مرۆڤە تفەنگ لەشانەكان و ئاستە گشتییە نزمەكەی ژیان و ژمارەی تاكوتەرای ئوتومبێل و زانكۆ و نەخۆشخانە و...تاد، ئێستا باڵەخانە و ئاپارتمان و مۆبایل و شەقامی بەرین و ئوتومبێلی زۆر و زەوەند و نیعمەتەكانی تر جێ‌یان گرتوونەتەوە كە لە هەموویان گرنگتر ئازادی و دیموكراسییە و ئەگەرچی تێبینیی زۆریشمان لەسەری هەبێ‌.
دەستكەوتەكان لەماوەی چارەكە سەدەیەكدا هاتوونەتەدی. ئەو ماوەیەش بۆ مێژوو هیچ نییە، بەڵام بۆ ئێمەی مرۆڤی چەوسێندراوی تینووی سەربەستی و بەختیاری رەنگە دوو سەدە و زیاتریش بێ‌ بەتایبەت ئەگەر بەراوردكارییەكە لەگەڵ وڵاتانی ئەورپا و خۆرهەڵاتی ئاسیادا بكەین.
ئێمەی كوردی باشوور لەم بیست و پێنج ساڵەی رابوردوودا بە كۆمەڵێك رووداوی خوێناوی و ئەزموونی تاڵ و كارەساتی دڵتەزێندا تێ‌ پەڕین كە هەرە سەختەكانیان شەڕی ناوخۆی حیزبەكان و شەڕی داعش بوو. ئێستا هەردووكیان تیرۆریش و شەڕی ناوخۆش، وەك دوو مەسەلەی قێزەون و شورەیی لەلایەن رای گشتییەوە تەماشا دەكرێ‌، ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەیەكی ئەرێنییە و هیوای ئەوەی لێ‌ دەخوازرێت دابڕانێك دروست بكات لەگەڵ رابوردووی ناشیرینی حیزبەكاندا.
بەڵام ئایا بەهارەكە لە چۆكاندایە و هیچ برینێكی كاریگەر و كوشندە بە جەستەمانەوە نەماوە؟ ئایا سیاسەتمان، ئابوریمان، شێوازی حوكمداریمان، بیری نەتەوەییمان، دەستەبژێرەكانمان، مافەكانی مرۆڤ، مافی ژن، مافی مناڵ، بازاڕمان، سەرهەڵگرتنی گەنجەكانمان، جیاوازی روو لەهەڵكشانی نێوان هەژار و دەوڵەمەند، سیستمی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاریمان، دەسەڵاتی یاسامان، بەشداریی هاووڵاتی لە دروستكردنی بڕیار، رێكخراوە مەدەنییەكان، كشتوكاڵ و پیشەسازیمان و دەیان بابەت و بواری تر هەڕەشەی جددی نین بۆ سەر كوردستانی باشوور؟! بەدڵنیاییەوە هەڕەشەن و هەڕەشەی ترسناكیشن بەتایبەتی ئەگەر لەم ئەقڵییەتەی ئێستامادا بمێنینەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure