ئاوابوونى خۆرى رۆشنبیر

بۆچوون / بیروڕا :: 10/01/2019

ماوه‌یه‌كى دوورودرێژ رۆشنبیرى عێراقى له‌ژێر چه‌پۆكى رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كه‌ى پێشوودا بوو. رۆشنبیر ئه‌وسا و ئێستاش ده‌بوایه‌ رۆڵێكى كرداریى ببینیایه‌ كه‌ به‌رهه‌مێكى ماددى لێ بكه‌وێته‌وه‌ له‌ شه‌قام و قوتابخانه‌ و كارگه‌ و ناوماڵدا نه‌ك خۆى زیندانیى بكات له‌ناو ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ى كه‌ ده‌یاننووسێت و ئه‌و كتێبانه‌ى كه‌ ره‌فه‌كانیان پڕكردووه‌. واتا له‌ مشت و مڕى تیۆرى و شه‌ڕه‌ قسه‌ى نوخبه‌وى ده‌ربچێت.

رۆشنبیرى عێراقى هێشتا مه‌ودایه‌كى زۆر دووره‌ له‌ گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورییه‌كان و كه‌مێك نزیكه‌ له‌ په‌راوێزى گۆڕانكارىیه‌ سیاسییه‌كان و زیاتر نوقمى ئاره‌زووه‌ ئیبداعییه‌كانى بووه‌ كه‌ مایه‌ى دڵخۆشیى دۆست و هاوڕێ و كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوه‌ بچوكه‌كانن كه‌ ئه‌ندامه‌ تێیاندا. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆشنبیریى بووه‌ته‌ شتێكى ناشۆڕشگێڕیى دوور له‌ هه‌موو توانا و ئاره‌زوویه‌ك بۆ گۆڕانكاریى، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كى بۆنه‌یى نوخبه‌وییه‌ و بۆ ده‌رخستنى تاكبونى كه‌سه‌كه‌ و جیاوازییه‌تى كه‌ كردوویه‌تىیه‌ شایسته‌ى ئه‌وه‌ى ببێته‌ ئه‌ندامى چینێكى باڵاى خاوه‌ن هزر و داهێنان و ده‌ستبه‌ردارى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ شێوازێكى ئاكارى و شارستانىیه‌ و هه‌وڵى بڵاوكردنه‌وه‌ى رێگا تازه‌كانى ژیان و شێوازه‌ زانستىیه‌كانى لێكدانه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌ و بابه‌ته‌كاندا.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ رۆشنبیریى له‌ عێراقدا په‌یوه‌سته‌ به‌ شیعر و رۆژنامه‌ و نووسین و ده‌ركه‌وتن له‌ ته‌له‌فزیۆن و وێنه‌گرتن به‌ قه‌ڵه‌مه‌وه‌ زیاتر له‌وه‌ى په‌یوه‌ست ببێ به‌ ره‌فتارى شۆڕشگێڕانه‌ و میكانیزمه‌كانى گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و كلتوورییه‌كان و مه‌سه‌له‌ باوه‌كانى سه‌رده‌مه‌وه‌.

كۆنگره‌ جیهانییه‌كه‌ى رۆشنبیریى مرۆڤایه‌تى كه‌ ساڵى 1982 له‌ شارى مه‌كسیكۆ به‌سترا، مرۆڤى رۆشنبیرى به‌وه‌ پێناسه‌ كرد كه‌ شاره‌زایه‌ له‌ خوڵقاندنى هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ مادییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ سه‌رقاڵبوونى رۆشنبیر به‌ مۆسیقا و كتێب نووسین و شیكاركردنه‌وه‌ مایه‌ى شانازى و خۆهه‌ڵكێشان نین هه‌تا یه‌كێك له‌و كاریگه‌رییانه‌ دروست نه‌كه‌ن كه‌ كۆنگره‌كه‌ باسى كردووه‌.

ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ عێراقدا زۆر به‌ئاشكرا دیاره‌. كتێب ئه‌نووسرێ به‌بێ ئه‌وه‌ى خوێنه‌رى هه‌بێت و رۆشنبیره‌كان كه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن وه‌ك خاوه‌ن شۆڕش ناچن به‌ڵكو وه‌كو ئه‌ستێره‌ى ناو كۆمه‌ڵگا ئه‌چن و هیچ ئامێرێكیان نىیه‌ بیرۆكه‌كانیان بگۆڕێت بۆ كردار. له‌ئاكامدا نه‌وه‌یه‌كى نیمچه‌ نه‌خوێنده‌وار دروست ئه‌بێ كه‌ نه‌قوتابخانه‌ به‌باشى فێرى كردووه‌ و نه‌ رۆشنبیره‌كه‌ش توانیوێتى له‌ ونبوون بیپارێزێ.

ئاوابوونى خۆرى رۆشنبیر كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامى خراپى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى رۆشنبیریى چه‌واشه‌ و هه‌ره‌سهێنانى هۆشیارى و نزمبوونه‌وه‌ى ئاستى په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ نزمبوونى ئاستى مامۆستا و ئه‌كادیمیییه‌كانیشه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا هه‌موو كه‌ره‌سه‌كانى شارستانیى هاوچه‌رخ هه‌یه‌ وه‌ك ئینته‌رنێت و هۆكاره‌كانى ترى په‌یوه‌ندى و.....تاد، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بوونى نىیه‌ ره‌فتارى شارستانى و رۆشنبیرىیه‌ كه‌ ئاستى كۆمه‌ڵگا به‌رز ئه‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌قامگیریى فكرى و كۆمه‌ڵایه‌تى.

خۆمتكردنى رۆشنبیر و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى و نه‌بوونى هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا وایان كردووه‌ عێراق به‌ ئاسانى مل بنێ به‌ره‌و رۆشنبیرىیه‌ هاورده‌كراوه‌كان و ببێته‌ به‌كاربه‌رێكى كۆیله‌ى كاڵا ماددى و فیكرىیه‌كانى بێگانه‌.

 

وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure