زه‌نگى مه‌ترسى

بۆچوون / بیروڕا :: 09/01/2019

زۆرن ئه‌و زه‌نگانه‌ى كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كوردستاندا گوێمان له‌ ده‌نگه‌ ناسازه‌كانیان ده‌بێت و ترس و دڵه‌ڕاوكێكانمان له‌ئێستا و ئایینده‌ى ئه‌م وڵاته‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئاستى زه‌نده‌قچوون، كه‌ هه‌ره‌ ترسناكترینیان زه‌نگه‌كه‌ى بوارى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌.

دیاره‌ له‌ وتارێكى كورتدا ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌نیا هه‌ر به‌ ئاماژه‌ش ئاماژه‌ به‌ خه‌وشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بكه‌ین له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانى مه‌نهه‌ج و بینا و ئاستى مامۆستا و سیاسه‌تى په‌روه‌رده‌ و رۆڵى وه‌زاره‌ت له‌ ئاماده‌كردنى كادرى پێویست بۆ ئایینده‌ى وڵات و ده‌یان بابه‌تى تر.

مه‌به‌ستى ئه‌م وتاره‌ سه‌رنجڕاكێشانى شاره‌زایان و به‌رپرسانى وڵاته‌ بۆ خاڵێكى گرنگ و هه‌ستیار كه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ى زمانه‌.

وا بۆ چه‌ندین ساڵ ده‌چێت كۆمه‌ڵێك خوێندنگاى بنه‌ڕه‌تى كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ خوێندن تێیاندا به‌ زمانى كوردى نییه‌ و دیارده‌كه‌ خه‌ریكه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێت بۆ ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمیش.

دایكان و باوكانى ئه‌و منداڵ و نه‌وجه‌وانانه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر هه‌ستى پێده‌كه‌ن كه‌ منداڵه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ى وشه‌ى ئینگلیزى و بێگانه‌ له‌ گفتوگۆكانیاندا به‌كارده‌هێنن نیوهێنده‌ زمانى كوردى نازانن. منداڵى ئه‌و خوێندنگا و سه‌نته‌رانه‌ ناوى ره‌نگه‌كان و ئاژه‌ڵه‌كان و باڵنده‌كان به‌ كوردى نازانن.

به‌رگریكارانى ئه‌م جۆره‌ فێركردنه‌ ده‌ڵێن له‌ ئاینده‌دا ئه‌و منداڵانه‌ كه‌ گه‌وره‌ ده‌بن زیاتر پێویستیان به‌ زمانى بێگانه‌ ده‌بێت و زمانى كوردى سوودى ئه‌وتۆى نییه‌ له‌ خوێندنى باڵا و بوارى كاردا، به‌تایبه‌تى له‌ ئاینده‌دا.

ئه‌م قسه‌یه‌ راسته‌ و نكۆڵى ناكرێت كه‌ منداڵێكى ته‌مه‌ن 12 ساڵى ئه‌و قوتابخانانه‌ هێنده‌ى خوێندكارێكى زانكۆى جاران ئینگلیزى ده‌زانێت. به‌ڵام ئایا له‌ڕووى نه‌ته‌وه‌یى و په‌روه‌رده‌ى نیشتمانییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌مان بۆ دروست نابێ و پاش چه‌ندین ساڵى تر زمانه‌كه‌مان ناچێته‌ مۆزه‌خانه‌وه‌؟

وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانى مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ حه‌ماسه‌ت و دروشمبازیى ناكرێت. پێویسته‌ ئاستێكى سیاسى باڵا و به‌رپرسیار ئه‌م دۆسیه‌ گرنگه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شى زۆرى قوتابیانى ئه‌و جۆره‌ خوێندنگایانه‌ له‌ خێزانه‌ سه‌رومامناوه‌نده‌كانن و هێنده‌ى تر جیاوازیى چینایه‌تى له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ماندا فراوانتر ده‌كه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure