بۆچى میلـله‌ت بێبه‌ش ده‌كه‌ن له‌ چه‌كه‌چینایه‌تییه‌كه‌ى

بۆچوون / بیروڕا :: 07/01/2019

وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا
له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاى باكووردا كه‌ سه‌نته‌رى ئیمپریالیزمى جیهانییه‌، سیاسه‌تى چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ره‌و باڵى راستى توندڕه‌و ده‌چێ. ئه‌م باڵه‌ توندڕه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێ له‌ڕێى مسۆگه‌ركردنى ئه‌و ده‌نگانه‌ى كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌یانچنێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ملكه‌چ و كۆنترۆڵكراوى ده‌سه‌ڵاتى پاره‌ و ئاڕاسته‌ ئیعلامییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانن.


ئێستاش، له‌ قۆناغى قه‌یرانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گه‌وره‌كه‌دا، رێك وه‌ك سه‌رده‌مه‌كانى جه‌نگى یه‌كه‌م و جه‌نگى دووه‌مى جیهانیى، ده‌بینین بۆرجوازى ده‌سه‌ڵاتدار هه‌موو ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت به‌كارده‌هێنێت وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌یئه‌تى ئه‌ركانى جه‌نگێك بن دژى چینه‌كانى گه‌ل و له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ دژى چینى كرێكار. بۆرجوازى ده‌سه‌ڵاتدار له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا كۆمه‌ڵه‌ حیزبێكى نیمچه‌ سه‌ربازیى داده‌مه‌زرێنێت كه‌ رێكخراو و خاوه‌ن میلیشیان و بۆ ئه‌ركى تایبه‌ت به‌كاریان ده‌هێنێت. مێژوو فێرمان ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر كۆمۆنیسته‌كانن رووبه‌ڕووى ئه‌م جه‌نگه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و رابه‌رایه‌تى شه‌ڕى پێچه‌وانه‌یان كردووه‌ و قوربانیى زۆریان له‌ ته‌واوى ئه‌و وڵاتانه‌دا به‌خشیووه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌مان قه‌یران به‌ چڕى ده‌بینین كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغى دروستكردنى حیزبى راستڕه‌وى و نیمچه‌ سه‌ربازیى توندڕه‌و كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێن پێگه‌كانى بڕیارى سیاسیش داگیر بكه‌ن و له‌هه‌مانكاتدا سروشته‌ خۆڕسك و ئاڕاسته‌ نه‌كراوه‌كانیان بپارێزن. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌توانن ئه‌م ئاره‌زووه‌ تاوانكارى و شه‌ڕانییه‌ى سه‌رمایه‌دارى بۆگه‌نه‌ بوه‌ستێنن كه‌ نوقمى ناو قه‌یرانه‌كانى خۆى بووه‌؟ مێژوو دیسان فریامان ده‌كه‌وێت و پێمان ده‌ڵێت كه‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ رێ له‌م ته‌وژمه‌ بگرێ. چه‌پى پۆپۆلیست هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌كات كه‌ هه‌مان چه‌كى راستڕه‌وى پۆپۆلیست به‌كارده‌هێنێت و ته‌نیا به‌ چه‌ند سازشێكى سه‌رمایه‌داریى رازى ده‌بن. ئه‌م كاره‌ كه‌ گوایه‌ بۆ چاكسازییكردنه‌ له‌ سیستمى سه‌رمایه‌داریدا و گره‌نتى به‌رده‌وامبوونى ئه‌و سیستمه‌ ده‌دات، له‌ ناوه‌ڕۆكدا داماڵینى چه‌كێكى كاریگه‌ر و چاره‌نووسییه‌ له‌ شانى جه‌ماوه‌ر، به‌تایبه‌ت له‌ شانى چینى كرێكار و چه‌كه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌ حیزبى سه‌ربه‌خۆى چینى كرێكار و رێكخستنى چینه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان به‌ره‌و ئامانجى له‌ناوبردنى سه‌رمایه‌داریى.

له‌ زۆر وڵاتى وه‌ك ئه‌مریكاى باشوور و هه‌روه‌ها له‌ یۆناندا ئه‌م چه‌په‌ پۆپۆلیسته‌ سه‌ركردایه‌تى بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان گرته‌ده‌ست به‌ڵام ده‌ركه‌وت له‌ یۆناندا كه‌ ناتوانێت ئه‌و هێڵه‌ سوورانه‌ تێبپه‌ڕێنێت كه‌ بانكه‌ گرنگه‌كان دیارییان كردووه‌. بزووتنه‌وه‌كه‌ى سیریزا خه‌باتى گه‌لى یۆنانى له‌باربرد و ده‌ستكه‌وته‌كانیشى به‌فیڕۆ دا. بۆیه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌رنامه‌ خه‌باتكارییه‌ى كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى چینه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ داڕێژراوه‌ و به‌پێى یاساكانى ناكۆكى چینایه‌تى بچێت رێكخراوه‌ سیاسى و سه‌ندیكایى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى رێكبخات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure