توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 06/01/2019

ئامادەكردنی: دواڕۆژ

ئێستا خەریكە ئەوە روون دەبێتەوە كە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی 2020 دا عێراق دەتوانێت رۆژانە 5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت و لەو بڕە 4 ملیۆن بەرمیلی هەناردە بكات.

ساڵی 2003 توانای عێراق بەرهەمهێنانی نزیكەی 2 ملیۆن بەرمیل بوو لەڕۆژێكدا، بەڵام ئەم توانایەی ئێستای دەیكاتە دووەمین وڵاتی ئۆپیك لە پاش سعودیە و نیشانەی ئەوەیە عێراق توانایەكی گەورەی بەكارنەهێنراوی هەیە لە بواری نەوتدا.

وەك دەزانین یەدەكە گرنگەكانی عێراق لە باشووری وڵاتدان، بەتایبەتی لە پارێزگای بەسرە كە خۆشبەختانە نزیكە لە بەندەرەكانی هەناردەكردنەوە و لەساڵی 2018دا توانای هەبوو رۆژانە 3،6 ملیۆن بەرمیل بەرهەم بهێنێت.

كێڵگەكانی دیكەی باشوور وەك كێڵگەكانی ناسریە و غەڕاف و حەلفایا و میسان و رومێلە و زوبێر-یش دەتوانن دوو هێندەی بەرهەمی رۆژانەی ئێستایان نەوت بەرهەمبهێنن.
ئەمە بێجگە لە كێڵگەكانی باكوور و هەناردەكانی هەریەك لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە كە دەتوانرێت زیاد بكرێت ئەگەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن. گفتوگۆیش لە ئارادایە كە توانای بەرهەمهێنانی هەرێم بگەیەنرێتە یەك ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هەروەها رێككەوتنێكیش لە نێوان كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای بریتیش پیترۆلیۆم ئیمزا كراوە كە توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەی كەركوك بەرز بكرێتەوە بۆ 750 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

كەواتە تەحەداكانی بەردەم عێراق زیادكردنی تێكڕای بەرهەمی نەوت نییە، بەڵكو ئەم خاڵە سەرەكییانەی خوارەوەیە:
1- چارەسەركردنی گەندەڵی كە تەنانەت كەرتی نەوتیشی گرتووەتەوە و هەندێك لە سیاسیەكان خۆیان باسی دزین و گەندەڵی زۆر گەورە دەكەن. بەبێ‌ ریشەكەندكردنی گەندەڵی، زەحمەتە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی هاوچەرخ و مایەی رێزگرتنی لەلایەن وڵاتانی جیهان و دارمەزراوە داراییەكانی جیهانەوە.
2- چاككردنی ژێرخانی كەرتی نەوت بەدابینكردنی پێداویستیەكانی.
3- زیادكردنی بودجەی پارێزگاكان.
4- چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئێستا لە هەرێمدا سیستمێكی نەوتیی جیاواز پەیڕەودەكرێت.
5- ئەو ناكۆكیانە چارەسەر بكرێن كە هاتوونەتە ئاراوە دەربارەی سیستم و چۆنیەتیی دامەزراندنی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراقی.
6- گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ عێراق و رزگاركردنی لە داگیركاریی بێگانە و دەستێوەردانی ناوچەیی لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا، كە توانای عێراقیان ئیفلیج كردووە لەوەی سیاسەتی ئابوری و ئەمنی نیشتمانی پەیڕەو بكات و حكومەت دابمەزرێنێت بەبێ‌ دەستوەردانی ئاشكرای لایەنە بیانییەكان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure