ساڵى نوێ له‌به‌رده‌م پرسیاره‌ كۆنه‌كاندا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌كانى دنیا، له‌گه‌ڵیاندا سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران ئاوات و نیگه‌رانى و خۆزگه‌ و نائومێدى و دڵنیایى و نیشانه‌ى پرسیار، چه‌ند رۆژێكه‌ پێیان ناوه‌ته‌ ساڵێكى نوێوه‌. به‌ڵام كورد، به‌تایبه‌ت كوردى باشور، پرسیاره‌كانى جیاوازن و نیگه‌رانییه‌كانى زیاترن و دوودڵییه‌كانى قووڵتر و ئاسۆى بینینه‌كانى ته‌ماویترن.

ئه‌زموونى 27 ساڵى رابردوو، به‌ خراپى و باشییه‌كانیه‌وه‌، به‌ هه‌وراز و نشێوه‌كانیه‌وه‌، شتێك نییه‌ به‌ ئاسانى زه‌ربێكى به‌سه‌ردا بهێنرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یش نییه‌ بووبێته‌ مایه‌ى شانازى و كاروانێك نه‌بووه‌ مه‌نزڵگایه‌كى هه‌بووبێت.

شاره‌زایان و داموده‌زگا شیكارییه‌كانى دنیا ره‌شبینن به‌رامبه‌ر ئه‌م ساڵه‌ تازه‌یه‌ و پێشبینیى شه‌ڕ و نه‌هامه‌تى و بێكارى و زوڵم و كاره‌ساتى زیاتر ده‌كه‌ن. نیشانه‌كانیش هه‌ر ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن. جا ئاخۆ له‌م ژینگه‌ دژوار و نه‌گونجاوه‌دا كوردى باشور ده‌توانێت رێگاى سه‌ركه‌وتن بدۆزێته‌وه‌؟ ئاخۆ تاكى كورد هێنده‌ رێز و ماف و ئازادیى ده‌بێت خۆى به‌ هاووڵاتى بزانێت؟ ئاخۆ پرۆسه‌ى سیاسیى وڵات له‌م گاڵته‌جاڕییه‌ رزگارى ده‌بێت و رێڕه‌وه‌ دیموكراسیه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌؟ ئاخۆ په‌یوه‌ندیى نێوان ده‌سه‌ڵات و میلـله‌ت له‌م شێوه‌ سه‌قه‌ته‌ى ئێستاى ده‌ربازى ده‌بێت؟ ئاخۆ و... ئاخۆ و... ئاخۆ؟؟؟؟.

له‌م پاشاگه‌ردانیه‌ى ئێستادا ره‌خنه‌گرتن كارێكى ئاسانه‌ و له‌ویش ئاسانتر گوێنه‌دانه‌ به‌و ره‌خنانه‌.. به‌ڵام ئایا ژیان ئاوا ده‌چێته‌ سه‌ر؟ بێگومان نه‌خێر.. ئه‌و نه‌خێره‌ى كه‌ پێویسته‌ پێش هه‌موو كه‌س حیزبه‌كان به‌ده‌نگى به‌رز بیڵێن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure